پەیامی مەكتەبی سیاسی لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا

06:35 - 2024-11-20
کوردستان
282 جار خوێندراوەتەوە

مێژووی پڕ سەروەری و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی و گیانبازی كە سەرقافڵەی ئەم كاروانە نەپساوەیە شەهیدانی سەرکردە (خاڵە شیهاب و جەعفەرعەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) بوون، كە لە رۆژی 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 1976 دا لە زیندانەكانی رژێمی بەعسی رووخاودا بە دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی) گیانیان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان بەخشی.
لەناو ئەم كاروانەی شەهیدان و سەروەراندا كە هەزاران تێكۆشەر لە نێو زیندان، لە چالاكییەكانی نێو شار، لەسەنگەرەكانی بەرگریدا  بەگیان و خوێنی خۆیان چەندین داستانی نەبەردی و رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر بە جەلادەكان ونۆكەر و هێزەكانی رژێمی بەعسی ڕووخاو  تۆماركردوە، بۆ هەمیشە بەنەمری لەدڵ و ویژدانی هەموو كوردێكی تێكۆشەر دەمێننەوە. بۆ بەرز راگرتنی ئەو قارەمانێتی و سەروەرییانەیان و بەرز راگرتنی  یادەوەری وناوبانگیان، لە كۆی ساڵدا ئەم رۆژە دیاریكراوە تاوەكو هەموان پێكەوە لەیەك ساتدا سەری رێز لەئاست یادكردنەوەیاندا دابنەوێنین.

 لەم یادەدا پڕشكۆیەدا سەربەرزین بەوەی لەسایەی  قوربانیدانی شەهیدەكانماندا، یەكێتییەكەمان بەهەمان گیانی سەردەمی سەختی دێرینەوە بەردەوامە و وێستگەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستانیش بەڵگەی زیندوون.

ئەم پێداگیری و رژدبوونەمان لە درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمانەتێكە لە ئەستۆمان كە دەبێت نەك هەر بۆ ئەمڕۆ  بەڵكو بۆ ئایندەی دووریش درێژەپێدەری بین تاوەكو گشت مافە بەدینەهاتوەكان لە سەرئاستی  عیراقیشدا مسۆگەر بكەین.
   - درودبۆ رۆحی شەهیدان و سڵاوی وەفا و ئەمەكداری بۆ كەسوكار وخانەوادە هەمیشە سەربەرزەكانیان.


مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان