عیماد ئەحمەد
کات چەند بەخێرایی تێدەپەڕێت؟!
وا 30 ساڵ زیاترە ماڵمان لە گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانییە، شاری هەڵمەت و قوربانیی و پایتەختی رۆشنبیریی و میهرەبانی کە بە بەراورد بە جەلەوە و خانەقی، لێرە زیاتر ژیاوم. دەتوانم بڵێم عەقاری بۆ من بۆتە دیوێکی دیکەی بەهەشتی جەلەوە و سلێمانیش بۆتە نیوەکەی تری نوسفی جیهانەکەی خانەقی، لە دڵ و یادگاریی و رۆحی مندا.
لەم شەوانەدا بە تەنیا لە حەوشە دانیشتبووم، هەر خۆم لەگەڵ خۆمدا بووم، سەیری ئاسمانم دەکرد، ئەستێرە لە ژمارە نەهاتووەکان هەموویان بە دوور و نزیکەکانەوە مێشکمیان داگیرکرد و بیر و هۆش و خەیاڵی منیان بە لای خۆیاندا راکێشا و بردمیانە ناو بیرکردنەوەی سەیر و ئەندێشەی سەمەرەوە.
لەم شەوەدا مانگی تابان، نوری دەباراندە سەر تاریکایی شەو.
سەیری مانگ و ئەستێرەکانم دەکرد، مانگ نزیک و ئەستێرەکان دوور، مانگ گەورە و ئەوانەی دی لەم گەردوونە پڕ پەنهانییەدا بچووک دیاربوون کەچی لە راستیدا و بەپێی زانستی گەردونناسیی و ئەوەی تا ئێستا مەعلومە، مانگ لە زۆربەی هەرە زۆری ئەستێرەکانی دیکەی ئەم ئاسمان و گەردوونە بچووکترە، بەڵام لای ئێمەی مرۆڤی نیشتەجێی سەر زەوی بە رووکەش وا دەردەکەوێت کە لە هەمووان گەورەتر و رەونەقدارترە و پاشای ئەستێرەکانە!
لە دێر زەمانەوە، ئەوەندەی شیعر و پەخشان و پیاداهەڵدان پێشکەش بە مانگ کراوە، بە ئەستێرەکانی تر نەکراوە، ئەگەرچی لە حەقیقەتدا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە مانگ گەورەتر و جوانتر و رەونەقدارتر نییە لە ئاسمان و لەناو گەردوونی لەبن نەهاتوودا، بەڵام ئێمە وەکو خۆیان نایانبینین، قسەیەکی کوردەواریی خۆمان هەیە دەڵێت: (ئەوەی لەبەرچاوانە، لەبەردڵانە).
بەداخەوە ئەم دیاردەیە تا رادەیەک لە خەبات و تێکۆشان و شۆڕش و ژیانی رۆژانە و واقعیشماندا رەنگیداوەتەوە.
زۆر سەربازی ون هەن، کە سەردەمانێک ئەستێرەی نزیک و پرشنگداری خەبات و شۆڕش بوون، خاوەن رەنج و فیداکاریی بوون، کەچی ئێستا دوورە دەستن، بەشێکیان خۆیان دوورە پەرێزن و بەشەکەی دیکەیش بێبەشن لە چاوی رەحمەتی بڕیار بەدەستانی گۆڕەپانەکە!.
ئەم نادادپەروەرییە لە زۆربەی شوێن و سەردەمەکاندا هەبووە و هەیە، لای خۆشمان ئەم دیاردەیە روون و ئاشکرایە بە هۆی کوردایەتی و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان بەگشتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەتایبەتی، ژمارەیەک پێشمەرگەی ماندوو، کادری رێکخستی ناوشار و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسیی هەن کە مافی ماددیی و مەعنەوی و هەقی شایستە بە خۆیان وەرنەگرتووە، دوای سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزراندنی قەوارەی هەرێمیش، چونکە ئەوانە بە هەر هۆیەک بێت لە بەرچاونەبوون و فەرامۆشکراون.
زۆر سەربازی ون هەن، کە سەردەمانێک ئەستێرەی نزیک و پرشنگداری خەبات و شۆڕش بوون، خاوەن رەنج و فیداکاریی بوون، کەچی ئێستا دوورە دەستن، بەشێکیان خۆیان دوورە پەرێزن و بەشەکەی دیکەیش بێبەشن لە چاوی رەحمەتی بڕیار بەدەستانی گۆڕەپانەکە!
ئەمە وێڕای فەرامۆشکردنی ناو و ناوبانگی کۆمەڵێک شەهیدی سەنگەر و قارەمانی زیندانەکانی سەردەمی رژێمی بەعسی دڕندە و داگیرکەر کە تەنانەت مافی کەسوکاریشان وەکو پێویست نییە.
دوای ئەم دیمەنانە چاوم کەوتەسەر دار نارنجی حەوشەکەمان کە بە نەمامیی لە خانەقینەوە هێنامان بۆ سلێمانی، چەند باڵابەرز و سەوزپۆشە و ژمارەیەکی زۆر نارنجی گرتووە و خۆی کردەوە بە ئاسمانی نارنجەکان و ئەوانیش وەک ئەستێرەکان، درەختەکەیان رازاندۆتەوە. ئاشکرایە ئەم درەختە بە رەگەکانی، خۆی لە ناخی زەویدا قایمکردووە و بە ساق و لقی گەڵاکانیش ژیان بۆ خۆی لەناو گوزەری وەرزەکانی ساڵدا مسۆگەر دەکات. لێرەدا دەمەوێت بڵێم کە یەکێتی و هەر حزبێکی سیاسی دیکە وەک ئەو درەخت و دار نارنجە وایە، چونکە مەحاڵە بتوانێت بە بێ رەگ و لق و گەڵا لە سووڕێکی سروشتیدا بژی.
بە کورتی و پوختی، ئەرکی سەرەکیی سەرکردایەتیی یەکێتییە لەم سەردەمەدا شانبەشانی سەرکەوتنەکانی پاش کۆنگرەی پێنجەمی خۆی، بیرێکی زۆر جددیی لە چارەسەری ئەم ناهەقی و ناعەدالەتییە بکاتەوە، بێگومان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی چڕوپر و واقیعی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بە هیمەتێکی لۆژیکییانە و شۆڕشگێرانەوە برینەکانی چەند ساڵی رابردوو ساڕێژ بکات، بێگومان بەمەش یەکێتی خۆی بەهێز و ئایندەشی مسۆگەرتر و روونتر دەکات، چونکە لەلایەک زاخاوی رێی خەباتی خۆی دەدات و لەلایەکی دیکەشەوە، برینەکانی ساڕێژ دەکات و لە داهاتوودا ئاشتبوونەوەیەکی گشتیی دەکات بە نەخشەڕێگای سەرکەوتنەکانی کە ئەمەش بەجۆرێک دەبێت، یەکێتی بە ئاسانی دەتوانێت رۆڵی فراوان و کاریگەرتر و شایستەتر بەخۆی بگێڕێت، لە هەموو کایەکان و ئاستەکانی خەبات چ لە هەرێم و عیراقی فیدراڵدا، چ لە ئاستی ناوچەکەدا وەک حزبێکی بەرپرسیار و رێبەر لە نەخشەڕێگای بەدیهێنانی مافی رەوای گەلەکەمان و سەرخستنی رێبازی راستەقینەی کوردایەتیدا.
* ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک)