سیروان حەمەڕەشید
بێگومان چەمکی سیکۆلاریزم لە دوای راپەرینەوە هاتۆتە ناو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی هزری سیاسیی کۆمەڵگەی ئێمەوە، هێشتا جڤاتی کوردی نەیتوانیوە تێگەیشتن و مەعریفی هەمەلایەن و بابەتییانەی دروست، دەربارەی سیکولار و چەشنەکانی هەبێت. تاڕادەیەک جۆره بەدحاڵیبونێک هەیە و بە جۆرێک دەستەبژێری پیاوانی ئایینی و ئیسلامیگەرا و رەوتە نائیسلامییەکان و رۆشنبیر و نووسەرانی دابەشبوونەتە سەر دوو تێگەیشتنی دژ بەیەک.
یەکەم: بریتین لەو رەوت و لایەنە ئیسلامگەرا و سەلەفی و ئوسوڵیی و مسوڵمانانی میللی.
دووەم: بریتین لەو بزووتنەوە و گروپی بەناوی سیکۆلار و بەشێک لە دەستەبژێری رۆشنبیر و نووسەران.
لە نێوان هەردوو ئاڕاستەکەدا تائەندازەیەکی ترسناک مشتومڕ و ناکۆکی قولی دروستکردووە، ئاراستەی یەکەم واتا لایەنە ئایینیەکان پەڕگیرانە سیکولاریزم به ئیلحاد و دژە دین دەناسێنن بە تەواوی رەتی دەکەنەوە، هەرچی بەرەی دووەمە بە پێچەوانە پێیانوایە سیکۆلاریزم چەتر و پارێزەر و رێزدانانە لە ئایینزایی و جیاوازییەکان دادەنێن.
لێرەدا دەکرێت سیکولاریزم، ئیماندار و لا دینییەکان گەر خواستی ئەوەیان هەبێت لە مانا و کرۆکی چەمکی سیکۆلاریزم تێبگەین، زۆر پێویست و گرنگە بێ بنەما و بێ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە مانای سیکۆلاریزم و هیچ جۆرە حوکمێکی پێشوەختە بەسەردا نەدرێت، چونکە بەدڵنیایەوە ئەوسا دەکەونە هەڵەی میتۆدی و لۆژیکی و عەقڵەوە.
لە کتێبی دنیای سیکۆلاریزم لە نووسینی ئاوستن کلایندا، بەشێوەیەکی بابەتی و زانستییانە دوور لە لایەنگری و ئایدیۆلۆژی، بە زمانێکی سادە و بابەتییانە، مانا و رەهەندەکانی چەمکی سیکۆلاری شرۆڤە کردووە. بۆیە ئەو خوێنەرەی خاوەنی ئایدیۆلۆژیای دیینی بێت یان بیری لیبرال و کۆمۆنیست و تەنانەت ئیلحادیشی هەبێت، کاتێک ئەو کتێبە دەخوێنینەوە، دەتوانین بڵێین تاڕادەیەکی باش روئیا و تێگەیشتنێکی جیاواز ترمان لەسەر چەمکەکە پێدەدات و باشتر دەچێتە ناوەخن و کڕۆکی سیکولاریزم و تا ئەندازەیەکی باش تێگەیشتنی دروستترمان لەسەر مێژوو و چەمک و پێناسە و پارادیمی دونیاگەری و ناوەڕۆکی بابەتەکە بۆ دروست دەبێت.
دواجار ئەوەی گرنگە لەسەر ئەم چەمکە بڵێین، سیکولار واتا خەباتکردن لەپێناو ئازادی، دیموکراسی، مەدەنیەت. کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و پاراستنی یەکێتیی کۆمەڵگا و گەڕانەوەی رێز و حورمەت بۆ ئایین و ئیماندار و مزگەوت و کەنیسە و مامۆستا و بانگخوازی ئایینی و قەشە و پەرستگاکان.
هەڵبەتە دەکرێت بۆ تێگەیشتن و قبوڵکردنی سیکولار لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەت لە نێو رەوت و گروپە جیاوازە دینییەکان، ئەو روئیا هەڵە تێگەیشتنە لەسەر خودی چەمکەکە هەیە، بسڕێتەوە. هەروەها دەکرێت چ ئەوانەی خوازیاری ئەوەن سیستەمی سیاسی و کایەکانی دیکەی ژیان بە سیکولاریزم بکرێت، چ ئەوانەش سیکۆلاریزم بە تەواوی رەت دەکەنەوە و پێیانوایە بە نۆرم و کەلەپوری جڤاتی ئێمە نامۆیە، زۆر گرنگە تێڕوانین و هۆشیاریەکی هەمەلایەنەمان لەسەر چەمکی سیکۆلار و غەوشەکانی هەبێت.