ژانی لە دایکبوونی ئومەتێک و بەرەبەیانێکی نوێ

10:43 - 2024-11-27
ئارام عه‌لی عه‌زیز
197 خوێندراوەتەوە

رەوشی ئەمڕۆی ئیسرائیل و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست درێژكراوەی حەوتی ئۆكتۆبەر و بەهاری عەرەبی و یازدەی سێپتەمبەرە، كە هەرسێكیان موفاجەئەن و پەیوەندیان بە بووژانەوەی شارستانییەوە هەیە، لەبەرئەوە كراوەیە بۆ هەموو موفاجەئاتێك، لە كاتی روودانیشیدا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە هەستانەوەی یەك زەلام ئاسا، هەڵدەستێتە سەر پێ، چونكە مقەوماتی عەقائیدی ئیسلام لە هەموو جیاوازیی و ناتەبایی و هێرشە دەرەكییەكان گەورەترەو تەواوی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر سایەی خۆیدا تەوحید دەكات.
رەوشی ئێستای ناوچەكەو تەسفیەكردنی هەندێ لە سەرانی شیعە و ئیخوانیی وای نیشان دەدات، كە ئایدیۆلۆجی شیعەگەراو ئیخوانیی و وەهابیی پاسیڤ بوونە و كاریگەرییان نەماوە، لەبەرئەوە ئەمریكا و ئیسرائیل بە تایبەت دوای حەوتی ئۆكتۆبەر خۆیان راستەوخۆ دێنەوە گۆڕەپانەكەو بە ئومێدی دەستبەسەرداگرتنی خاكی میزۆپۆتامیای سەرزەمینی شارستانیەت بە بیانوی جیاجیا پەلاماری عیراق دەدەن، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ، هێرش و پەلامارەكانیان سەرناكەوێت و، لە ئاكامدا ئومەتێك لە دایكدەبێت. 
هەموو پێدراوەكان ئەوە دەسەلمێنن، كە ئەمڕۆ عەولەمەی سەرمایەداریی وەكو كۆمۆنیستییەكەی سۆڤیەت بەرەو ماڵئاوایی هەنگاو دەنێت و لە نێوان هەردووكیشیاندا فیكر و شارستانییەتی خۆرهەڵات دەبووژێتەوە، زاراوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە بە ناوەڕاستی خۆرهەڵات، كە لە رووی جیۆپۆلیتیكی ئاینیی و شارستانیەوە چەقەكەی كوردستان و عیراقە، لەبەر ئەوەیش ئەمریكا و ئیسرائیل و توركیا بەتایبەت دوای حەوتی ئۆكتۆبەر و لێكەوتەكانی، جارێكی دیكە كورد دەكەنەوە بە مانشێتی رۆژنامە و لێدوانەكانیان، لەلایەك بۆ بەكارهێنانیان لە چوارچێوەی پرۆژەی خۆیاندا، لەلایەكی دیكەیش بۆ لەباربردنی ئەو فرسەتەی كە جەنگە ئیستیسنائییەكە لە ناوچەكەدا بۆ كوردی هێناوەتە ئاراوە.
ئەمریكا و ئیسرائیل وەكو دەوڵەتە وەزیفییەكانی دیكەی سایكس پیكۆ لە بەردەم دووڕیانێكی سەختی مان و نەماندان. لەلایەك تاكجەمسەریی هەڵوەشاوەتەوە و ئەمریكا بەرەو ئیفلاسبوونی ئابووری دەڕوات و ترەمپ هەوڵی رزگاركردنی دەدات، لەلایەكی دیكەیش ئیسرائیل بەپێی پێدراو و لێكەوتەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر شانسی مانەوەی نەماوە، لەبەر ئەوە بە ئومێدی رزگاربوون سیناریۆی دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورە دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە بە گەورەكردنی جەنگی غەززە و ئۆكرانیا بۆ جەنگێكی ئیقلیمیی و جیهانیی، كە ئەمڕۆ رۆژانە لە هەواڵەكاندا دەیبینین.
ئەم گێژەنەی ئەمریكا دووچاری بۆتەوە، دوای یازدەی سێپتەمبەر و هەردوو جەنگی عیراق و ئەفغانستان لە بنەمادا بووژانەوەی شارستانییە و خەریكە كەپیتالیزم و خۆرئاوا قووت دەدات، وەك چۆن پێشتر یەكێتیی سۆڤیەت و سۆسیالیزمی  قووتدا. ئەمڕۆیش گێژەنی حەوتی ئۆكتۆبەر خەریكە ئیسرائیل و تەواوی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەخۆیدا قووت دەدات بە تایبەت دوای پەلاماردانی عیراق و بەئیقلیمیبوونی جەنگەكە.
 قسە زۆرە لەسەر براوەو دۆڕاوی ئەم جەنگەی كە ئێستا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادایە، بەڵام بەپێی هەموو پێدراوە مێژویی و شارستانییەكان عیراق هێلكەی قوبان و گەلانی ناوچەكەیش تاكە سەركەوتووی جەنگەكە دەبن .

وتارەکانی نوسەر