رۆزا دڵشاد مەریوانی
(29)
ئێمەی مێینە گەورەترین پشکمان لە توندوتیژیی بەردەکەوێت و لەگەڵیدا گەورە دەبین، تەنانەت لەو ساتەوەی لە سکی دایکمانداین و دەپرسن منداڵەکەت کوڕە یان کچ، لە زانینی ئەوەی کچە و خەمخواردن بۆ دایکمان کە کچی دەبێت، ئەوەش جۆرێکە لە جۆرەکانی توندوتیژیی، هیچ نەبێت لەلایەن بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکەمانەوە نەویستراوین، دواتر ئێمەی نەویستراو کاتێک دووگیان دەبین بە هەمانشێوە پێمان دەڵێن: سکەکەت جوانە لە کوڕ دەچێت. کە دەڵێین نەخێر کچە. دیسانەوە خەفەتمان بۆ دەخۆن کە دەبینە دایکی کچێک.
واتا هەر لە دروستبوونمانەوە ئێمەی مێینە بە چەندین جۆر توندوتیژییمان بەرامبەر دەکرێت، تا وایلێدێت زۆرجار درکی پێناکەین و وادەزانین ژیان وەک ژنێک دەبێت بەو جۆرە بێت. یەکێکیش لەو جۆرانەی توندوتیژیی کە بە ئاسانیی درکی پێ ناکرێت یان خەڵکیی باوەڕت پێناکەن، توندوتیژیی دەروونییە، کە بریتییە لە هەموو جۆرەکانی تێکشکاندن و توندوتیژیی سۆزداریی و دەروونیی، لەلایەن پیاوەوە لە رێی هەڕەشەلێکردن و جنێودان و سووکایەتی و گێچەڵپێکردن و تۆقاندنی دەروونیی و ناوزڕاندن و..هتد دەکرێت، کە رەنگە مێرد یان مێردی پێشوو یان ئەندامێکی نێری خێزانەکە بێت.
یەکێک لەو جۆرانەی توندوتیژیی کە درکی پێ ناکرێت، توندوتیژیی دەروونییە، بریتییە لە هەموو جۆرەکانی تێکشکاندن و توندوتیژیی سۆزداریی
مەترسیی توندتیژیی دەروونیی لەوەدایە رەنگە لەبەرچاوی خەڵکیی دیارنەبێت و نەزانرێت ئەو ژنە لە چ دۆخێکدا دەژی، کاتێکیش دەیەوێت واز لەو پیاوە بهێنێت باوەڕی پێناکرێت یان بە مەسەلەیەکی کەم تەماشا دەکرێت، بە بیانووی ئەوەی کەس بەوجۆرە نامرێت، بەڵام ئەوەی پێویستە بیزانین، توندوتیژیی دەروونیی راستە ئازاری جەستەیی تێدا نییە، بەڵام ئەو ژنە وەک مرۆڤێک ناخ و دەروونی تێکدەشکێت و متمانەی بەخۆی نامێنێت و بەردەوام لە ترسدا دەژی، جگەلەوەی ئەو پیاوەی توندوتیژیی جەستەیی بەرامبەر بە ژنەکەی دەکات، بە زارەکیی و لە رووی دەروونیشەوە توندوتیژە، کەواتە پێچەوانەکەشی راستە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا توندوتیژیی دەروونیی پەرەدەستێنێت بۆ توندوتیژیی جەستەیی.
پیاوێک پێی ئاسایی بێت جنێوبدات و ناوی ژنێک بڕزێنێت، بێگومان ئاسایی دەبێت لەلای رۆژێک لە رۆژانیش لێیبدات و بگرە بیکوژێت یان بە ناراستەوخۆ هانی بدات خۆی بکوژێت، بۆیە دەبێت ئێمەی ژنان هۆشیار بین بەرامبەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی، بزانین پێگەی ئێمە رێز و خۆشەویستییە و سووکایەتی و توندوتیژیی دەروونیی دەمانکاتە کۆیلەیەک، رەنگە رۆژێک بێت جەستەشمان ئازار بدەن یان بگەینە رادەی ئەوەی ئازاری خۆمان بدەین.