ئاڤان ئەحمەد عەبدوڵڵا*
هەڵمەتی (16) رۆژەی توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان، هەڵمەتێكی جیهانییە و ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانى دنیا لەلایەن رێكخراوەكانی ژنان و دامەزراوە و ناوەندە رۆشنبیریی و ئەکادیمییەکانەوە چەندین چالاکی و کۆڕ و سیمینار، بەڕێوە دەچێت. هاوكات ئاشكرايە توندوتیژیى بەرلەوەى دیاردەیەک بێت تایبەت بە چینێکى دیاریکراو و رەگەزێکى دیاریکراو تێیدا ببێتە قوربانی، بابەتێکە پەیوەستە بە سروشتى مرۆڤ، بەڵام توندوتیژیى بەرانبەر بە ژن مێژوویەکى تۆمار کردووە و لەو رۆژەوە فراوانتر بووە کە ژن هەژمون و دەسەڵاتى لێ زەوت کراوە، کە لە بنەمادا هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بە بوونى دەسەڵاتى دایکسالارى دەکەن لە قۆناغە جیاجیاکاندا.
هەندێک لەو باوەڕەدان کە هۆکارى توندوتیژیی بەرانبەر بە ژن و چەوسانەوەى ژن پەیوەندیی بە رەگەزى بایلۆجی ژنەوە هەیە، چونکە وەکو مێینە خوڵقاوە، بەڵام لە راستیدا ئەمە بۆچونێکى هەڵەیە و ئارگومێنتێکى لە پشتەوە نییە. لەم بارەوە توێژەرێکى وەکو (ئەنجیلا ساینى) ئارگومێنتەکەی ئەوەیە کە: (ئێمە بەرهەمی مێژووی خۆمانین نەک بایۆلۆجیاى خۆمان و هەر لەبەر ئەمەشە کە پیاوسالاری حەتمی نییە). ئەو لەو باوەڕەدایە ئەو باجەى ژن دەیدات لەسەر بنەماى ڕەگەز و بایولۆجیا نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو مێژووەوە هەیە کە تێدا وردە وردە ئەوە ئاسایی بۆتەوە کە پیاو باڵادەستە و ژن ژێر دەستەیە، هەر ئەم بیرکردنەوەشە پیاوسالارى بەرهەمهێناوە، چونکە ئەو دەڵێت: (ئێمە ئەم سیستمەمان داهێنا، دەتوانین شتێکی دیکەش دابهێنین.) هاوکات ئەو لەو باوەڕەدایە ئەم سیستمە حەتمى نییە و چۆن داهێنراوە ئاواش دەتوانرێت بگۆڕدرێت و سیستمێکى دیکە دابهێنین.
ئەو پێی وایە هیچ وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە نەبووە کە بووبێتە هۆی (شکستی مێژوویی ژنان)، بەڵکو گۆڕانکاریی وردە وردە لە مێژوودا هاتۆتە ئاراوە و، ئەوە جێی گرتووە کە پیاو سەردەستەیە و ژن ژێردەستە، هەربۆیە ئیمکانى گۆڕیینى ئەم بیروباوەڕە مەحاڵ نییە، چونکە گۆڕان بەهێواشی و بچڕبچڕى روودەدات و گۆڕانى کۆمەڵایەتى، واتە ئاساییکردنەوەی ئەوەی پێشتر بیری لێنەکراوەتەوە.
ئەم تێڕوانینەى ساینى تەبایە لەگەڵ بیرمەند و تیۆریستى بوارى ژنان (سیمۆن دو بۆڤوار) کە پێیوایە: (ژن بە ژنى لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت بە ژن) مەبەستى دی بۆڤوار ئەوەیە کاتێک منداڵێک لەدایک دەبێت وەکو ژن یان پیاو لەدایک نابێت، هەرچەندە سروشت رەگەزەکەى دیاریکردووە، بەڵام رۆڵ بیننی وەکو ژن یان پیاو کەلتور و فەرهەنگى کۆمەڵایەتى لێی بەرپرسە. هەربۆیە ئەو لەو باوەڕەدایە کە ژنبوون فاکتێکی سروشتی نییە، بەڵکو بەرھەمی مێژووى مرۆڤایەتییە، چونکە هیچ هۆکارێکى بایۆلۆجی یاخود سایکۆلۆژیی نییە ژن بەو شێوەیە بناسێنێت کە دەبێت ژێر دەستەى پیاو بێت و پاشکۆ بێت. هاوکات دەتوانرێت بوترێت ژن بەرهەمى شارستانییەتێکە کە بەم دۆخەى ئێستاى گەیاندووە.
سەرچاوەکان:
https://alsifr.org/patriarchs
https://cultureproject.org.uk/kurdish
*مامۆستاى زانکۆی سلێمانى