پرژە زاهیر جەلال
بواری پزیشکی لە هەموو سەردەمەکاندا گرنگییەکی زۆری پێدراوە، لەگەڵ ئەوەی ئەرکێکی سەخت و مەترسیدارە، بەڵام ساڵانە خواستێکی زۆر بۆ ئەم بوارە هەیە لەلایەن خوێندکارانەوە و لە سەرانسەری جیهاندا هەوڵی بە دەستهێنانی دەدرێت.
رۆژ لە دوای رۆژ زانستی پزیشکی پێشکەوتنی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، لە دۆزینەوەی چارەسەری نوێ و دروستکردنی کۆمەڵێک ئامێری پێشکەوتوو بۆ پشکنین و نەشتەرگەری، هەروەها گرنگیدان بە چارەخواز و دابینکردنی تەواوی پێداویستییە جەستەیی و دەروونییەکان بە وردی، تا کاتی چاکبوونەوە، خواستی هەموو چارەخوازێکە لە پزیشکەکەی.
خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان لەو پێشکەوتنە بێبەش نییە و هەمیشە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی چەندین پزیشکمان هەیە کە لە ئاستی جیهانیدان، بەڵام لە هەمانکاتدا هەندێک پزیشک لە بوارە جیاوازەکاندا گلەیی ئەوەیان لێدەکرێت کە قسە نەرێنییەکانیان لە چارەسەرەکانیان کاریگەرترە، واتا گەر کەسی نەخۆش بە دەرمانەکەش چاک ببێتەوە، ئەوا قسە روخێنەرەکە خراپتری دەکات، بێگومان هەبوونی هیوا نیوەی چارەسەرە، بەڵام بێ هیواکردنی چارەخوازێک کە پزیشک پێی بڵێت، چیتر چاک نابیتەوە، یاخود بۆ هەمیشە دەکەویتە سەرجێگە، وتنی ئەوەی چیتر بە دوای چارەسەردا مەگەڕێ و بچۆ لە ماڵەوە دابنیشە، کارێکی کوشندەیە.
چەندەها رووداوی هاوشێوە هەن کە تیایدا نەخۆش دەکەوێتە بارودۆخێکی دەروونی خراپەوە، توشی دڵەڕاوکێی توند و بێ متمانەیی دەبێت دەربارەی پزیشک و نەخۆشخانە.
هەندێکجار بیانووی پزیشکەکە بۆ وتنی ئەم قسانە، لە روانگەی ترساندن و هاندانی نەخۆشەکەوەیە تا زیاتر ئاگاداری چارەسەرەکانی بێت و پشتگوێیان نەخات، بەڵام دەکرێت رێگەیەکی باشتر هەبێت.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە پێویستە پزیشک بە جوانی گوێ لە قسەکانی نەخۆش بگرێت و کاتی تەواوی پێ بدات، لەبەرئەوەی هەستکردن بە ئاسوودەیی و نزیکیی لە پزیشکەوە بۆ چارەخواز زۆر گرنگە، لەم خاڵەشدا هەندێک لە پزیشکەکان دیسان رووبەڕووی گلەیی دەبنەوە، کە لە یەک کاتدا چەند نەخۆشێک بە یەکەوە دەبینن و کاتی تەواو بە کەسیان نادەن، بەبێ گوێگرتن و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی نەخۆشی یەکەم بە زوویی، دەچنە لای دووەم.
لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆش پەیوەندییەکی تایبەتیی دەروونی و جەستەییە، زۆر گرنگە پزیشکەکان روویەکی گەشیان هەبێت، لەبەرئەوەی نەخۆشەکان هەستیارن و زیرەکانە روخساری پزیشکەکەیان دەخوێننەوە و هێزی لێ وەردەگرن.
هەرچی دەربارەی ئەو چارەخوازانەشە کە نەخۆشییەکەیان لە کۆتا قۆناغەکانی سەختیدایە، باشتروایە لەم کاتەشدا بە هیواوە قسەیان لەگەڵدا بکرێت، تا ئاسانتر و بێترس کاتەکانیان تێبپەڕێنن.