لە پەنجەرەی پەروەردەوە

دەرفەتەکانی پشووی هاوین

09:12 - 2022-06-07
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
982 خوێندراوەتەوە

پشووی هاوین ئەو ماوەیەیە لە دوای تاقیکردنەوەکانی خوێندنگەکانەوە دەستپێدەکات و بەپێی قۆناغەکانی خوێندن ماوەکەی جیاوازە، دەرفەتێکی گرنگ و بایەخدارە بۆ فێرخوازان و خوێندکاران پاش ئەرک و ماندووبوونەکانی خوێندن تیایدا بحەسێنەوە و نۆژەنێکی تواناو لێهاتووییەکانیان بکەن، بەڵام چۆن و چەند دەتوانرێت سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت؟ ئەوە گرنگە، زۆرجار و بەتایبەت لە دۆخی ئێستادا وەک پێویست نەتوانراوە ئەو هەلە بقۆزرێتەوە بەلایەنە ئەرێنییەکەی لەخزمەت پێشکەوتن و فراوانکردنی لایەنی هزری و مەعریفی خوێندکاراندا بێت، ئەمەش بەشێکی بەهۆی ئاستەنگی خێزان و بەشێکی تریشی بەهۆی تایبەتمەندی بیرکردنەوەی خودی خوێندکاران خۆیانەوەیە، بەداخەوە بەشێکی زۆرینەی خوێندکاران لەماوەی پشووی هاوینەدا دادەبڕێن لە هەموو ئەو بابەتانەی پێویستن بۆ گەشەی بیرکردنەوە و پەرەپێدانی مەعریفەیان، یاخود بە هۆی ئەو کلتورە هەڵەیەی بووە بەباو بەشداری لەو خول و وانانە دەکەن کە لەساڵی ئایندەی خوێندندا دەیخوێنن، بە ئومێدی ئەوەی ئاستێکی بەرزتری بەدەستهاتووی نمرە بەدەستبهێنن لەساڵی ئایندەدا، ئەمە وادەکات چەندین لێکەوتەی نەرێنی بێتە کایەوە لای خوێندکار و تەواوی پشووەکەی لەکیس بچێت و وەک ئەوە بێت بەردەوام لە خوێندنگەدا بێت، لە ساڵی ئایندەش لە بری چالاکبوون ئەبێتە هۆی بێزاری و دووبارەبوونەوەی خوێندنی بابەتەکان، خێزان و دایکان و باوکان بەتایبەتی و خودی خوێندکارانیش دەبێت لەوە بەئاگابن ژیانی خوێندکار تەنها وابەستە نییە بەو کتێب و پرۆگرامانەی خوێندنەوە و ناشبێت بکەونە ژێر کاریگەری ئەو ریکلام و بانگەشانەی وا باسدەکەن سەرکەوتنی خوێندکار و ئاستی بەدەستهاتوویان بەندە بەخوێندن لەخولەکانی ئەواندا، خوێندکار مافی خۆیەتی چێژ لەدەرفەتی پشووی هاوین وەربگرێت بۆ ئەو بەهرە و لێهاتووییانەی دەبنە پاڵپشت بۆ گەشەی کەسێتی و نماکردنی بڕوابەخۆبوون و کارکردن لەگەڵ ئارەزووەکانی، لەزۆر رووەوە دەتوانرێت لە پشووی هاویندا خۆسەرقاڵبکرێت بەچەندین لایەن و بەشی گرنگی ژیانەوە کە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ توانای خوێندکار بەرەو پێشەوە دەبات تەنانەت کاریگەری سەرەکیشی دەبێت لە ئاستی بەدەستهاتووی خوێندن و چالاککردنی مێشک و توانای کۆشش و بیرهاتنەوە و هەڵگرتنی زانیارییەکانیشی لەکاتی خوێندندا، خێزان رۆڵی کارای هەیە پاڵپشتی خوێندکاران بێت و هاوکاربێت لە دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستییانەی گرنگن بۆ ئەو مەبەستە، پلان و رێگەیەکی گونجاو لەبەربگرن بۆ خوێندنەوەی چەند کتێبێکی سوودبەخش و ئەرێنی بە گوێرەی ویست و حەزی خوێندکار خۆی، بەشداری کاری بەگروپ و چالاکی هاوبەش لەگەڵ ستافی هاوڕێیانیاندا وەک وێنەکێشان و موزیک و شانۆو جۆرەکانی وەرزش و هەماهەنگی پرۆژە و کارەخۆبەخشییەکان لەگەڵ رێکخراوەکاندا، بەشداری لە گەشت و سەردان و بەسەرکردنەوە خێزانی و تێکەڵبوون لە بۆنە و ئاهەنگ و فێستیڤاڵە گشتی و خێزانییەکان و تەنانەت هاوبەشی لە هاوکاری و یارمەتیدانی کەسەکانی لەکاروپیشەکانیاندا.
لەبازنەی یەکەمی خوێندندا گرنگە خێزان بەرچاوڕوونبێت چۆن هاوکاری منداڵەکانیان دەبن بۆ بەسەبردنی کاتەکانیان و لەو چالاکیانەی بەشدارییان پێدەکرێت و هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو کە بگونجێت لەگەڵ ئاستی تەمەن و توانای منداڵان و دڵنیایی ئەوە هەبێت بۆچ مەبەست و ئامانجێک بەکاردەهێنرێن، ئەنجام ئایندەی هەرخوێندکارێک ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموومانە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر