كەركوكییەكان گەندەڵی قبوڵ مەکەن

09:38 - 2024-12-23
عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە
124 خوێندراوەتەوە

عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە

پارێزگارەكانی پێشووی كەركوك كەمتەرخەم بوون لە بەكارهێنانی دامودەزگا تایبەتەكان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، لە ماوەی ساڵانی رابردووی كارەكەیاندا


نازانم چ رۆژێك بوو، ژمارەیەك نووسەر و رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆی كەركوك، بانگهێشت کراین بۆلای بەرهەم ساڵح کە ئەوکاتە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.
بەندە لە بەرهەم ساڵح -ەوە نزیك بووم و خەمی خۆم بۆ پیسبوونی ژینگەی كەركوك، بە شەقام و كۆڵان و شوێنەگشتییەكان و بە تایبەت چەمی خاسە لای بازاڕی گەراجی حەویجە بۆ باسكرد و ویستم دواتر داوابكەم كارێكمان بۆ پاككردنەوەی شار بۆ بكات، بەڵام ئەو وتی: پارێزگا و دامەزراوەكان نایكەن خۆتان بیكەن، راستی وەڵامەكەیم پێخۆش نەبوو لەبەرئەوەی چەندین فەرمانگەی پەیوەندیدار بەوكارە هەیە و ناكرێت داوا لە نووسەر، رۆژنامەنووس، مامۆستای زانكۆ و بگرە هاووڵاتیانیش بكرێت شار پاك بكەنەوە، بەڵكو دەبوو بیوتایە فشار دەخەمە سەر لایەنەكان و حكومەتی خۆجێی ئیشی بۆ بكەن، بەڵام نە ئەو ئەم قسەیەی كرد و نە ئێمەیش كارمان بۆ پاككردنەوەی شار كرد، بەڵام ئەوەی رێبوار تاڵەبانی پارێزگاری ئێستای كەركوك لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە بۆ پاككردنەوەی كەركوك كردی ئەگەر بۆ چەند رۆژێكی كەمیش بووبێت، بۆ خۆی بەڵگەیە بۆ دوو بۆچوون:
1 - پارێزگارەكانی پێشووی كەركوك كەمتەرخەم بوون لە بەكارهێنانی دامودەزگا تایبەتەكانی وەك شارەوانی، كار و ئاوەدانكردنەوە لە پاككردنەوەی شار و خزمەتكردنی هاووڵاتیان لە ماوەی ساڵانی رابردووی كارەكەیاندا.
2 - خودی دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانیش بە هەمانشێوە كەمتەرخەمی زۆریان نواندووە لەو خزمەتكردنەدا، کە دەكرا ئیشەكانی خۆیان وەك پێویست بكردایە و پارێزگارەكانیان بكردایەتە پشتگیرییان.
بەڵگەم زۆرە لە مبارەیەوە و خەڵكی كەركوكیش دەزانن پارێزگارەكانی پێشووتر، جگە لە نەجمەدین كەریم، بە تایبەتی راكان جبوری پارێزگاری پێشوو بە وەکالەت چەند ستەمی لەم شارە كردووە، لەبەرئەوەی پارێزگارەكانی پێشووتر زیاتر سەرقاڵی نا سەقامگیریی باری ئەمنیی شارەكە بوون لە سەروبەندی تەقینەوەكاندا. بۆیە لە دوای هەڵوێستە خزمەتگوزارییەكانی رێبوار تەها كە بە شارەكەوە دیارە، ئەگەرچی ماوەی خزمەتكردنەكەی كەمە بە بەراورد بە كێشە كەڵەكەبووەكانی شارەكە، پێویستە خەڵكی كەركوك بە شێوازی مەدەنییانە چیتر كەمتەرخەمی لە نە دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان و بەڕێوەبەرەكانیان، نە لەو پارێزگارانەش قبوڵ بكەن، کە دوای رێبوار تەها دەستبەكار دەبن و نابێت رێگەیان بدەن شارەكە لە رووی خزمەتگوزاری و رێكخستنی كارەكانەوە پاشەكشێ پێبكەن.
هەروەها پێویستە ئەندام و لایەنگرانی هەموو حزبە سیاسییەكان لە كەركوك، خزمەتكردن و پێشخستن و پاراستنی هەموو شتێكی شارەكەیان بخەنە دەرەوەی هەرجۆرە ركابەری و ململانێیەكی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەوە، كە تێكەڵ بە سیاسەت كراوە و هۆكارێك بووە بۆ ناتەبایی و رێگریكردن لە یەكڕیزی و یەك ئامانجی. لێرەوە داوا لە رێبوار تەها دەكەم دوای تەواوبوونی كارەكانی وەك پارێزگاری كەركوك، خۆی و حزبەكەشی زۆر پەرۆشانەتر لەگەڵ خەڵكی شاردابن و بگرە ببنە پێشەنگ بۆ پارێزگاریكردن لە بارودۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شاری كەركوكی خۆشەویست.

وتارەکانی نوسەر