نەخۆشخانەی ئازادی لە كەركوك

09:55 - 2025-01-21
عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە
70 خوێندراوەتەوە

عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە

پزیشک و سەرجەم کارمەندانی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک، بەبێ ماندوبوون کاردەکەن، بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو نەخۆشانەی روو لە نەخۆشخانەکە دەکەن


هەندێکجار كەسانێك نا بەرپرسیارانە دەنووسن و هەڵسەنگاندن بەپێی ساتێكی تایبەت بۆ شتەکان دەکەن، کە دەشێت لە پای توڕەییدا یان نا بەدڵییەك كەسێك كردبێتی، بە شێوەیەكی گشتیی راست و چەپ بەسەر دامەزراوەیەكدا بكێشێت، کە دەیان یەكە و بەش و سەدان كارمەند و فەرمانبەری تێدایە، وێنەیەكی ناشیرین دروست دەكات و بۆ شوێنێكیشی دەنێرێت کە وەك راوچی لە پارێزی نێچیردان و بەبێ بەدواداچوون بڵاوی دەكەنەوە. مەبەستم لە هەندێك نووسین و لێدوانە لە بارەی نەخۆشخانەكانی كەركوك و بە تایبەتی نەخۆشخانەی ئازادی نووسران و وتراون، پێم ناخۆش بوو بەوجۆرە خزمەتی خەڵكی قوربانیدەری كەركوك بكرێت.
رۆژێک بەهۆی ئەوەی کەسێکی نزیکم تووشی جەڵتەی دڵ بوو، سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوکم کرد و دوو رۆژ لەوێ مامەوە، لە دەرگای دەرەوە تا دەگاتە پرسگە و بەشی فریاكەوتن و شوێنەكانی خەوتنی نەخۆش و دەرمانەكان، پاشان بەشەكانی ئەشیعە و تاقیگە و بەشی فریاكەوتن بە تایبەتی خزمەتكردنێكی بەرچاوم بینی، ئەگەرچی لە كاتێكدا چووم نەخۆشخانەكە لە سەروبەندی چاککردندا بوو، بەڵام وەك بینیم ئەوەی لە توانادا بوو بۆ هەموو ئەو نەخۆشخانە دەكرا کە لەوێ بوون، هەندێكیان بەنیوە مردوویی دەهێنران و دوای چەند سەعاتێک لە بەدەمەوەچوونی خێرا، زۆربەی نەخۆشەكان لە مەترسیی مردن رزگار دەكران و دەنێردرانە شوێنەكانی مانەوە بۆئەوەی بەپێی پرۆتۆكۆڵی چارەسەركردن فریایان بكەون.
ئەوەی دیاریش بوو ئەوەیە، هەر كەسێك بچێتە بەشی فریاكەوتن و دواتر بهێڵرێتەوە بۆ زیاتر چاودێریکردن، بۆ یەك پشكنین بە هێڵکاری، ئیكۆی دڵ، ئەشیعەی ئاسایی و ناونراو بە تەنووری، پشكنینەكانی خوێن و هەر دەرمانێكیش پێویست بكات، تەنها فایلی نەخۆشەكە دەبراو بەبێ بەرامبەر بۆی بەجێ دەگەیەنرا، بۆ نەخۆشەكەی ئێمە لە ماوەی سێ رۆژدا تەنها یەك دەرزی نووسرا لە دەرمانخانەی دەرەوەی نەخۆشخانە كڕیمان.
هەندێك گلەییان هەیە لەوەی لە كاتی دەوامدا ئەگەر كەسێك بیەوێت سەردانی نەخۆش بكات بڕی 5000 دیناری لێ وەردەگیرێت، راستە نەخۆشخانە بۆ كەمكردنەوەی سەردانیكەران ئەو رێوشوێنەی گرتۆتەبەر، بەڵام هاوكاریی خەڵكیش دەكرێت و هەر خۆم وەك تاقیكردنەوە چوار جار چوومە ژوورەوە تەنها یەك جار پارەم داوە، كە داوای یارمەتیم نەكرد، بەڵام بە هۆكاری خۆی داوا لە ئیدارەی نەخۆشخانەكە دەكەم ئەو رێوشوێنی پارەدانە لاببرێت و بە شێوەیەكی دیکە رێژەی سەردانیكەران كەمتر بكاتەوە. داواش لە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك دەكەم، زۆرترین هاوكاری دارایی بۆ نەخۆشخانەكان دابین بكات، بەڵكو پێویستە كارێك بكات خەڵك ناچار نەكرێت نەخۆش بباتە نەخۆشخانە ئەهلییەكان، ئەمەش بە دابینكردنی ئامێرە پزیشكییە نوێیەكان و دابینكردنی هەموو جۆرە جیاوازەکانی دەرمان دەكرێت.
دواجار وەك نووسەر و رۆژنامەنووسێك سوپاسی بەڕێوەبەر و پزیشك و هەموو كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی ئازادی دەكەم، هیوادارم دڵیان گەورەتر، ئارامتر و پەرۆشتربن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شارەكەمان.

وتارەکانی نوسەر