تکایەک لە پارێزگاری كەركوك

09:34 - 2025-03-04
عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە
146 خوێندراوەتەوە

داوا لە پارێزگاری کەرکوک دەکەین بە پلانێكی گونجاو پرۆسەی دابەشكردنی نەوت رێكبخات

هەرچەندە دابەشكردنی نەوت لە كەركوك بەرەو كۆتایی دەچێت و دەبوو زووتر ئەم داوایەمان لە پارێزگار بكردایە، بەڵام كورد وتەنی نەچووە بچێت و دەكرێت رێكخستنی پرۆسەی دابەشكردنی نەوت ببێتە هۆكاری ئاسانكردنی دەستكەوتنی بۆ هاووڵاتیان، لە کاتێکدا كە سەرما و سۆڵە سەری لێداوین، هەروەها چارەسەریش بێت بۆ ساڵانی داهاتوو.
وەک هاووڵاتییەک چەندین جارە ناتوانم لە كاتی خۆیدا بەو نرخەی حکومەت دیاری کردووە  بەشە نەوتەكەم وەربگرم و ناچارم بە گرانتر بیكڕم، ئەوەش گرفتی زۆرینەمانە، بە تایبەت فەرمانبەران كاتی گونجاویان نییە، كاتێک دەچن بۆ وەرگرتنی نەوت قەرەباڵغییەكەی هێندە زۆرە بە دوو رۆژ بۆیان وەرناگیرێت.
لێرەوە لەگەڵ داواکاریی چاککردنی دۆخەکە، چەند خاڵێك باس دەكەم كە بۆ پارێزگاریش دەبێتە جێی پرسیار، بۆچی كەركوكییەكانی لە دەرەوەی كەركوك نیشتەجێن، بە نرخێكی گران نەوتیان لەلایەن هەندێك بازرگانەوە پێدەگات كە ئەوان پشكەكان بە چەندین بەرمیل وەردەگرن و یەك پشكی 100 لیتری بە 35 – 40 هەزار دینار دەگەیەنن؟ ئەمەش دەبێتە  هۆی ئەوەی كەركوكییەكانی ناوخۆی كەركوك نەتوانن بە ئاسانیی بە نرخی حكومی نەوتیان دەستبكەوێت، هەروەها لە هەندێك بەنزینخانەی لاوەكیی ناوخۆی كەركوك، ئەو پشكە 100 لیترە نەوتەی لە بەنزینخانە حكومییەكان بە 15 هەزار دینارە، لەوێ بە 25 – 30 هەزار دینار بەبێ عەزیەت و سەرەگرتن دەستت دەكەوێت؟ ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەنزینخانە حكومییەكان قەرەباڵغبن و هاووڵاتیان نەتوانن بە ئاسانی نەوتەكەیان وەربگرن.
بۆیە داوا لە رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک دەکەین، بە پلانێكی گونجاو پرۆسەی دابەشكردنی نەوت رێكبخات، كە هەنگاوی یەكەم پێویستە رێگری بکرێت هەردوو جۆرەكەی بازرگانی، چ ئەوانەی بە گران دەیگەیەنن بە كەركوكییەكانی دەرەوەی كەركوك، هەروەها بەنزینخانە لاوەكییەكان ناچار بكرێن تەنها بەبڕی پێنج هەزار زیاتر لە نرخە حكومییەكە نەوت دابەش بكەن، یان رێگەیان لێ بگیرێت و ناوچەی زیاتر بۆ دابەشكردنی نەوت بكرێتەوە، یاخود دەكرێت لە رێگەی تانكەرەوە لە كۆڵانەكاندا نەوت دابەش بكرێت، لەبەرئەوەی دابەشكردنی نەوت بەو جۆرەی ئێستا، كێشەیە بۆ هاووڵاتیان و پێویستە چارەسەر بکرێت.
ئەركی سەرەكیی بەرپرسیارێتی دەرهەق بە هاووڵاتیان پێش هەرشتێك دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزارییەكانە بە گشتی، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆشەویستی بۆ گەورەی شار و ئامادەیی خەڵكەكەی بۆ هاوكاری و پابەندبوون بە یاساكانەوە.


وتارەکانی نوسەر