عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە
ئەم پرسە زۆر ئاڵۆز نییە و ئەو هەڵەیەیشی كراوە لەهەڵهێنجاندنی ئەم بۆچوونە لە فیقهدا بەهۆی تەفسیرەكانەوە زۆر روونە، بەڵام كێشەیەكی زۆر سەرەكی لەوەدایە: لە دنیای ئیسلامدا، بۆچوونی موفەسیرەكان جگە لەوەی پیرۆزیی هاوشێوەی گوتاری خوایی پێدراوە، لە هەموو كتێبەكانی تری تەفسیردا پشتبەستراوە بەو راڤانەی گەورە موفەسیرینی وەك تەبەری و قورتوبی و ئیبن كەسیر كردوویانە.
جگە لەبۆچوونی ئەوانیش لێكدانەوەی كەس بە راست نازانرێت، ئەمەش لای سەلەفییەکان سەپێنراوە و كۆمەڵگەش ئاستی مەعریفیی ئاینییان لاوازە، بۆیە بۆچوونی نوێیان قبووڵ نییە، ئەگەر راستیش بێت.
پێشێلکردنی مافی کەسانێک کە پێنەگەیشتوون
وێڕای پشتبەستن بە هەندێك فەرموودە، دواجار دەركەوت، نەك لاوازن بەڵكو هەڵبەستراویشن، یان بۆ تێگەیشتن لێیان هەموو فەرموودەكان كۆنەكراونەتەوە تاكو ئامانج لەدەقەكان وەك ویستراون دەربكەون، وەك فەرموودەی تایبەت بە كورتیی پۆشاك كە گەوهەرەكەی شۆڕكردنی بووە لەپای لووتبەرزی، مەبەست لە لووتبەرزییەكەیش تەنها كەشخەییكردن نەبووە، بەڵكو بریتیبووە لە پێشێلكردنی مافی کەسانێك بە بێدەسەڵات دانراون و سووكیش تەماشا كراون، بەڵام دەبینین پۆشاك شۆڕی، لای پۆشاك كورتەكان، كراوە بە عەقیدە.
لە ئایەتێکدا باسی لە(مارەكردنی)كیژۆڵەی پێنەگەیشتوو كردووە كە ئایەتی(4 ی سورەتی تەڵاقە) و مارەكردنەكەی پەیوەندكردووە بە كەوتنە سووڕی مانگانەوە، بەڵام بەبێ هیچ گومانێك دیاریكردنی كاتی شووكردن تەنها بە كەوتنەسووڕی مانگانە فیقهێكی دوورە لە شەرعی خواوە لە قورئاندا، هەرئەمەشە وایكردووە بە هەڵە تەفسیری ئایەتی تایبەت بە عیددە بكرێت لە ئایەتی)4 ی سوورەتی تەڵاقدا) كە لە زۆرینەی تەفسیرەكاندا بەمجۆرە مانا كراوە: ئەو ژنانەی تەڵاق دەدرێن و بەهۆی گەورەیی تەمەنیانەوە لە سووڕی مانگانە كەوتوون، ئەگەر گومانتان لە حوكمی عیدەیان هەبوو عیدەكەیان سێ مانگە، ئەوانەشی نەكەوتوونەتە سووڕی مانگانەوە، عیدەكەیان هەر سێ مانگە.
دەڵێن مارەكردنی كیژۆڵە شەرعییە، بەڵام نابێت بگوازرێتەوە هەتا گەورە دەبێت، ئەمە خۆی لەخۆیدا بیانووە، پاساوە بۆ هێنانی كیژۆڵەی كەم تەمەن لەلایەن پیاوی بە تەمەنەوە
پێش سووڕی مانگانە مارەکراوە!
واتە ئەوانەی تەمەنیان کەمە و نەكەوتوونەتە سووڕی مانگانەوە بەهەمانشێوە عیددەكەیان سێ مانگە، لەكاتێكدا ئەم تەفسیرەی كە حوكمی خواستنی كچانی خوار تەمەنی كەوتنە سووڕی مانگانەی پێدەركراوە لەگەڵ خودی ئایەتەكەدا ناگونجێت بەم هۆیانەوە:
- بەپێی تەفسیرە باوەكەی ئایەتەكە بێت، ئەم كچە پێش ئەوەی بكەوێتە سووڕی مانگانەوە مارەكراوە، گوازراوەتەوە، سێكسی لەگەڵدا كراوە، تەڵاقیش دراوە هێشتا نەكەوتۆتە سووڕی مانگانەوە! بۆیە دەبێ كە تەڵاق درا سێ مانگ لە عیدەدا بێت لەكاتێكدا نەگەیشتووە بە سووڕی مانگانە و عیددەی هەرناوێت، چونكە مێیینە تاكو نەكەوێتە سووڕی مانگانەوە دووگیان نابێت! گەر وانییە بۆچی ماوەی عیددەی بۆ دانراوە؟!
- لەكاتێكدا تەفسیری هاوچەرخ دەڵێت: ئەوانەی تەڵاق دەدرێن و بەهۆی تەمەنیانەوە سووڕی مانگانەیان وەستاوە، ئەوانەشی بەهەر هۆیەكەوە بێت، وەك نەخۆشییەكان كە هەندێکجار كاتین، بەڵام دەبنە هۆكاری وەستانی سووڕی مانگانە، تەنانەت ژن هەبووە چەندین مانگ لە سووڕی مانگانە وەستاوە و وایانزانیوە دووگیانە، بەڵام دەركەوتووە نەخۆشە و نەخۆشییەكە بۆتە هۆكاری وەستانی سووڕی مانگانەی نەك دووگیانیی.
عیدەی هەردووكیان، ئەوەی تەڵاق دراوە و ئەوەشی بە هەرهۆیەكەوە بێت سووڕی مانگانەی وەستاوە نەك بەهۆی منداڵییەوە، عیددەكەیان سێ مانگە.
بۆیە ئەم ئایەتە بەڵگە نییە بۆ رەوایی مارەكردن و چوونەلای ئەو كچانەی هێشتا نەكەوتوونەتە سووڕی مانگانەوە، چونكە جگە لەخەسڵەتەكانی نیشانە بۆ پێگەیشتنی عەقڵی و هۆشیاری، هێشتا لەڕووی جەستەییشەوە پێنەگەیشتوون. كەواتە دیاریكردنی تەمەنی شووكردنی كچ و ژنهێنانی كوڕیش دەبێ زانست بڕیاری لێبدات و قورئانیش هەروا دەڵێت، بۆ كوڕ جگە لە توانای عەقڵی و جەستەیی بارودۆخی ئابوورییشی دەبێ بەهەند وەربگیرێت. هەروەك فەرموودەكەی خاتوو عایشەیش كە خۆی دەفەرموێت لە شەش ساڵی مارەی كردووم و لە نۆ ساڵی گواستوومیەتەوە، قسەی زۆر لەسەر ناڕاستیی كراوە و لەڕێی بەڵگەی مێژووییەوە بەراورد بە خاتوو ئەسمای خوشكی و ساڵی هاتنی وەحی و كۆچی پێغەمبەر بۆ مەدینە دروودی خوای لێبێت، سەلمێنراوە تەمەنی لەنێوان 18 – 20 ساڵیدا بووە.
رەنگە ئەودەم ئاسایی بووبێت لایان
ئەگەر تەمەنی نۆ ساڵییەكەیشی راست بێت و بەلای کەلتوری ئەو سەردەمەی عەرەبەوە ئاسایی بووبێت، كە ئێستایش لە هەندێك وڵات و بگرە هۆز و عەشیرەتی عەرەب پەیڕەو دەكرێت، ناڕەوایە بۆ هەموو كۆمەڵگەیەكی مسوڵمان كە كەلتوریان جیاوازە بكرێتە بەڵگە و بشكرێت بە دین، چونكە قورئان بۆ هەموو مرۆڤایەتی و هەموو سەردەمەكان هاتووە و كەلتورەكانیش لەیەك جیاوازن و گۆڕانكاریی زۆریش لە ژیانی مرۆڤایەتیدا روویداوە، بەتایبەتی لەڕووی زانستییەوە.
- خاڵێكی تریش كە لەم پرسەدا گرنگی خۆی هەیە، ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەرە دروودی خوای لێبێت كە دەفەرموێت:(لا تنكح الأیم حتی تستأمر، ولا تنكح البكر حتی تستأذن)قالوا: یارسول الله و كیف أذنها قال إن تسكت): نابێ بەبێ رازیبوونی خۆی كچ و بەبێ پرسیش بێهاوژین بدرێن بەشوو.
وتیان: چۆن بزانین رازین ئەی پێغەمبەری خوا؟ فەرمووی: كە پێیانوت شوو بە فڵان دەكەیت و بێدەنگ بوو واتە رازییە. ئەوەی لەم فەرموودەیە دەخوێنرێتەوە و وردەكاریی ئایەتەكانی بە شوودانی مێینەیە ئەم خاڵانەیە:
* زۆر روونە هەركات داخوازیی بێ هاوژین یان كچ هات دەبێ پرسیان پێبكرێت و پیاوەكە ببینن بزانن بەدڵیانە یان بەدڵیان نییە.
* ئەمەش بەڵگەیە بەوەی: ئەگەر بەدڵیان نەبوو مافێكی شەرعیی خۆیانە و نابێ زۆریان لێبكرێت. ئەم رازی نەبوونەش زیاتر ئەو حاڵەتانەی دەگرتەوە بەناوی شەرعەوە كچیان لەسەر بێشكە مارە دەبڕی، بەڵام كە دواتر گەورە دەبوو ئامادە نەبووە شووی پێبكات لەبەرئەوەی بە دڵی نەبووە.
بەناوی شەرعەوە دەیکەن
كەوابێ ئەوەی وتراوە شەرع رێگەی داوە كچ لەسەر بێشكە یان بەمنداڵی و پارچەڵەییش مارە ببڕدرێت، لانیكەمی لەبەرئەوە هەڵەیە كە گەورە بوو مافی شەرعیی خۆی دەبێت شوو بەو كەسە نەكات، ئیتر هەرچییش لەو بڕیارەی دەكەوێتەوە لە ئەستۆی ئەوانەدایە بەناوی شەرعەوە كارەكەیان كردووە. كە دەشڵێن مارەكردنی كیژۆڵە شەرعییە، بەڵام نابێت بگوازرێتەوە هەتا گەورە دەبێت، ئەمە خۆی لەخۆیدا بیانووە، پاساوە بۆ هێنانی كیژۆڵەی كەم تەمەن لەلایەن پیاوی بە تەمەنەوە كە بەبێ هیچ گومانێك ئەگەر كیژۆڵەكە ئازاد بێت شوو بە پیاوێك ناكات زۆر لەخۆی گەورەتر بێت.
* ئەوەی پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت فەرموویەتی بێدەنگیی واتە رازی بوونێتی، لەئێستادا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە بە حوكمی سەردەم زۆر بە ئاسانی كچ یان بێ هاوژین دەتوانن گوزارشت لە رای خۆیان بكەن و رازیبوون و نەبوونیان رابگەێنن، چونكە ئەو سەردەمەی پێغەمبەر و تاساڵانێكی پێش راپەڕینیش لەم كوردستانەی خۆشماندا كچان بە دوو هۆكارەوە بێدەنگ دەبوون: یەكەم رازیبوونیان بەقەناعەتی خۆیان، دووهەم رازیبوون لە ترسی نەوێرانی دەربڕینی ناڕازیبووندا، بۆیە هەرچەند مامۆستایان لێیان دەپرسی ئاخۆ فڵانی بە دڵە شووی پێدەكات و كەس زۆری لێنەكردووە، بەناچاری دەیانووت بەڵێ و زۆریش نا بەدڵیان بووە، ئەمەیش تاوانێكی گەورەیە دەرهەقیان دەكرا.
* ئەو فەرموودەیەی نەك مارەكردنی كچی پێنەگەیشتوو بە بڕیاری وەلی ئەمری، بەڵكو كچی پێگەیشتوویش بە بڕیاری وەلی ئەمری رەتدەكاتەوە ئەگەر بە دڵی نەبێت ئەم فەرموودە جوانەیە کە تیایدا دەڵێت، كچێك هات بۆلای پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت و وتی: ئەی پێغەمبەری خوا، باوكم داومیەتی بە كوڕی مامەم و دەیەوێ پیاوەتیم پێوە بكات، پێغەمبەر فەرمووی خۆت كێت دەوێ شووی پێبكە. كچەكە دەڵێت: من بەبڕیارەكەی باوكم رازیم، بەڵام ویستم كچان بزانن باوكان ناتوانن چۆنیان بوێت بەوجۆرە كچیان بەشوو بدەن.
دواتر پرسی بەشوودانی كچ و هاوسەرگیریی بە گشتی لە قورئاندا زۆر روونە، ئەگەر بڕوانینە ئایەتی(6 ی سوورەتی نیسا)دەبینین پەروەردگار دەفەرموێت: كچانی بێ باوك كە لەژێر سەرپەرشتیاریتان تاقیبكەنەوە، كاتێك پێدەگەن و دەگەنە تەمەنی شووكردنیان و بینیتان بوونەتە خاوەنی ژیری و هۆشیاری، ئەو ماڵ و سامانەیان بدەنەوە كە ئێوە بۆیان دەپارێزن.
ئەم حاڵەتە خۆ تەنها كچانی بێ باوك ناگرێتەوە بەڵكو هەموو كچێك دەگرێتەوە، روونیشە كەسێك پێنەگەیشتبێت ناتوانێت وەك پێویست مامەڵە بە ماڵ و سامان بكات.
پێگەیشتنی عەقڵ و هۆشیاری خەسڵەت و نیشانەی تریشی هەیە، بەتایبەتی بۆ رەگەزی مێ لەخێزانداریدا:
- دەبێ گەیشتبێتە ئاستێك بتوانێت كەسی گونجاو بۆ ژیانی هاوژینداریی دیاری بكات.
- دەبێ گەیشتبێتە قۆناغێكی تەمەن، كردەی سێكسی كاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستیی نەبێت.
- ئامادەی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵ بێت، لانیكەمی بە هاوكاریی هاوژینەكەی.
- بتوانێت شارەزایی پەیدا بكات لە مافە شەرعی و یاساییەكانی خۆی لای هاوژینەكەی و ئەویش لای ئەم.
- بتوانێت كەسێتیی خۆی و خانەوادەكەی بپارێزێت و دۆست و ناحەزی خۆی لێكبكاتەوە و زۆر خەسڵەتی تری مامەڵەكردن لەگەڵ دەوربەردا بەتایبەتی.