بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، دەڤەری راپەڕین یەکێکە لە ناوچە هەرە دێرینەکانی جیهان و خاوەنی کۆنترین بنەماکانی شارستانییەتە، لەم ناوچەیەدا چەندین کتێب و کتێبخانە، کە لەسەر تاتە قوڕینەکان نووسراون و دۆزراونەتەوە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا.
بوونی شارستانییەتی ئەم ناوچەیە، هاوکات بووە لەگەڵ سەردەمی شارستانییەتی فیرعەونەکانی میسری کۆن، سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، فەرمانڕەوایانی ئەم دەڤەرە لە پێناو پاراستنی ئارامی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دیبلۆماسییان داوە لەگەڵ فەرمانڕەوایانی ئەوکاتەی میسردا.
دەکرێت دەڤەری راپەڕین وەک ناوچەیەکی بزوێنەر لە بەرچاو بگیرێت، لەبەرئەوەی بەردەوام لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە، هەمیشە یەکێک بووە لە کارەکتەرە کاریگەرەکان، جگە لەمانەش بەردەوام جێگەی داڵدەدانی کەسانی شۆڕشگێڕ و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بووە و درێغییان نەکردووە بۆ سەرکەوتن و بە ئامانج گەیاندنی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان، ئەمانەش هەر لە پێناو گۆڕانکاری و رەتکردنەوەی سیستمە چەق بەستوو و بە بنبەست گەیشتووە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بووە.
هەموو ئەوانەی سەرەوە پیشاندەری زیندوێتی و هۆشیاری دانیشتووانی ئەم دەڤەری راپەڕینەن، ئەگەر جموجۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ لە بەرچاو بگرین، دەبنە سەلمێنەری مێژووی سیاسیی ناوچەکە، هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە و دێنامیکییەتی راپەڕین دووپات دەکاتەوە.
تەنها ئەگەر ئەم 30 ساڵەی دوایی لە بەرچاو بگرین و رۆڵی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بە گۆشەنیگایەکی رەخنەگرانەوە سەرنج بدەین، دەتوانین کاریگەرییان لە گۆڕینی دوایین سیستمی دیکتاتۆرترین ستەمکاری سەردەمدا هەست پێ بکەین، دەریدەخات کە هەمیشە لە پێشەوەی گۆڕەپانی خەباتدا بوون، لەپێناو سڕینەوەی ستەم و نادادی و هەوڵی بە دیهێنانی دادوەری و سیستمێکی دیموکراس و هاوچەرخیان داوە.
جێگەی خۆشحاڵییە ئەم دەڤەرە لە پەرەسەندنێکی بێوێنەدایە، لە تێپەڕاندنی قۆناغی سروشتی و دواکەوتوویی کۆمەڵاتییەوە، بەرەو قۆناغێکی مۆدێرن و هاوچەرخ، بەڵگەش بۆ ئەمە، کردنەوەی زانکۆ و چەندین پەیمانگەی حکومی و ناحکومی و پێکهێنانی دەیان رێکخراو، یەکێتی، کۆمەڵە، سەندیکای پیشەیی و مەدەنی جۆراوجۆرە، دەکرێت ئەمە وەک هەنگاوی یەکەمی گۆڕانکاری ریشەیی لە پەیکەر و بنەمای کۆمەڵگەدا هەژمار بکرێت، خۆشبەختانە، لە رووی کارگێڕیشەوە قۆناغێک چووەتە پێشەوە و ماوەیەکە لە قەزاوە کراوەتە (ئیدارە)ی سەربەخۆ و خوازیارین لە داهاتوودا بکرێت بە پارێزگا، ئەوەش وایکرد چەندین بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگای نوێی لێ بکرێتەوە، لەوانە: بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی و هونەر، نووسینگەی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسان، بێگومان ئەمانەش زیاتر مۆرکی شارستانییەت دەدەن بە دەڤەرەکە.
لەلایەکی دیکەوە دەڤەری راپەڕین بەردەوام جموجۆڵی چالاکی رۆشنبیریی و ئەدەبی تێدا هەبووە، چەندین نووسەر، شاعیر و ئەدیبی گەورەی تێدا هەڵکەوتووە، لە درێژەی ئەم چالاکییانەشدا، ناوەندی رێکخراوە دیموکراتییەکانی راپەڕین، نزیکەی 10 ساڵە بەردەوام، هەموو رۆژانی شەممە، چالاکی رۆشنگەری بە ناونیشانی جیاواز رێکدەخات وەک: سیمینار، کۆڕی ناساندن و دابەشکردنی کتێب، کۆدوان، پانێڵ و کۆنفڕانس، دیداری زانستی ساڵانەی تێدا دەکرێت و تائێستاش بەردەوامە، لە هەمانکاتدا بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین، دەستەی ئەدەبی و فەرهەنگی رانیە و زۆر جێگە و پێگەی دیکەی حزبی و حکومیش لەم جۆرە چالاکییە ئەدەبی و رۆشنبیرییانەدا دەستێکی باڵایان هەیە و جێی خۆیەتی هیوای بەردەوامییان بۆ بخوازین و پشتیوانی زیاتر بکرێن.