کوردسات ماڵی هەموانە

06:49 - 2024-12-31
هیوا سەرهەنگ
78 خوێندراوەتەوە

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا  

کوردسات، هەر لە یەکەم رۆژی دامەزراندنییەوە، وەک یەکێک لە داهێنانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆتە جێی شانازی و رێز و دڵنیایی بینەران. 
نموونەیەکی گەشاوە و جوانیان لە راستگۆیی و دڵسۆزی پێشکەش بە بینەران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردووە، کوردسات 25 ساڵ لە خزمەتی رۆشنبیری و هەواڵ و ناسنامەی میللەتەکەی رۆڵێکی کاریگەر و گرنگی هەبووە لە بەرەوپێشبردن و ناساندنی فەرهەنگ و پەروەردە و ناسنامە و مێژووی کورد، لەسەر ئاستی کوردستان و سەرانسەری جیهاندا. 
رۆڵی گەورەی کەناڵی کوردسات لە خزمەت و پاراستن و پێشخستنی رۆشنبیری و زمانی شیرینی کوردی بووە. کوردسات پابەند بووە بە پاراستن و پێشخستنی زمان و شیعر و مۆسیقا و کەلتوور و کەلەپوور و نەریتی کوردی. لە رێگەی بەرنامەی رۆشنبیری و دیرۆکی و دۆکیۆمێنتارییەوە بەشداری کردووە لە بەهێزکردنی ناسنامەی کورد. 
کوردسات، بە درێژایی ئەو 25 ساڵەی تەمەنی،سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی هەواڵ و زانیاری و بەرنامەی ناوازە و راگەیاندنێکی سەنگین و رێزدار بووە. لە رێی بەرنامە بەپێزەکانییەوە چەندین سەکۆی رەخساندووە بۆ هەڤپەیڤین و گفتوگۆ لەناو توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا، ئەمەش هۆشیاری و زانیاری پتری لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوکردۆتەوە و سەرنجی بینەرانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. 
کوردسات وەک سەرچاوەیەکی پڕ بەها و گرنگە و بۆتە پردێکی پەیوەندی رەوەندی کورد لە تاراوگە و زێدی خۆی. 
کوردسات زەمینەیەکی فراوانی رەخساندووە بۆ گەنجانی داهێنەر و بەهرەمەندان تا پەرە بە خۆیان و هونەرەکەیان بدەن و دەرکەون، هێمای شانازی و خۆڕاگری و سەرفرازی کۆمەڵگەی کوردەوارییە.
چرایەکی گەش و سرووش بەخشە بۆ گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لە سەرتاسەری جیهاندا ئەستێرەیەکە دەدرەوشێتەوە.
لەم یادی ساڵوەگەڕەیدا مۆمێکی تر دادەگیرسێنێ و دەیخاتە سەر خەرمانی تەمەنێکی پڕ لە خەبات و ئەزموون و سەروەری و سەرفرازی و سەرکەوتن.
هیوادارین لەمەودواش هەنگاوی باشتر و جوانتر و زیاتر بەرەوپێش بنێت و هەمیشە لە پێشبڕکێکانی راگەیاندندا جێدەست و سەرکەوتنی دیار بێت و لە ریزی هەرە پێشەوەدا بێت. 
لەم بۆنەی ئاهەنگ و جەژنی لە دایکبوونەیدا، پیرۆزبایی و رێز و خۆشەویستیمان و چەپکێ گوڵ و وشەی سەرفرازی دەنێرین و تەمەن درێژی بۆ کوردسات دەخوازین و دەستخۆشی دەکەین لە ئەوانەی شەونخوونییان کردووە و هەوڵیان داوە و کۆششیان کردووە بۆ پێشخستنی کوردسات و تەواوی ستافە ماندوونەناسەکانی کاروانی خەباتی پڕ لە شکۆ و پڕشنگداری. بەو هیوایەین هەمیشە لە داهێنان و پێشکەوتن و نوێبوونەوەدا بەردەوام بێت.

وتارەکانی نوسەر