کوردستانی نوێ تاجی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە سەرنا

12:04 - 2025-01-12
هیوا سەرهەنگ
47 خوێندراوەتەوە

مام جەلال فەرموویەتی: (کوردستانی نوێ کە هەمیشە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی پەیڕەو کردووە، هەست بە لێپرسراوێتی نەتەوەیی و نیشتمانی و پیشەیی خۆی دەکات).
کوردستانی نوێ، لە رۆژی 12/01/1992 لە دنیای رۆژنامەگەریی کوردیدا چاوی هەڵهێنا و بووە یەکەم رۆژنامەی کوردیی پاش راپەڕین لە کوردستانی ئازاددا، وەک دەرهاوێشتەی هزری داهێنان و دەستپێشخەریی هەمیشەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گونجاندنی لەگەڵ زەمینەی بابەتی و ئاکامەکاندا، وەک سونبولێکی تاقانە و رۆژنامەیەکی رۆژانە، بووە چاوگی بنچینەیی چۆنێتی مامەڵەکردنی سەردەمیانە لەگەڵ دۆزی نەتەوایەتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤدا، بووە رابه‌ر و پێشڕه‌وی پڕ له‌ عه‌شقی قه‌ڵه‌می ئازاد، ده‌نگی ئازاد، گه‌رووی هاوارێكی كپ نه‌كراو بۆ پاڵپشتیی شه‌پۆله‌كانی به‌ره‌و كه‌ناری ئاینده‌ گه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری و مرۆڤایه‌تی و مافه‌كانی مرۆڤ. 
کوردستانی نوێ سەکۆیەکی ئازادە بۆ هەڤپەیڤین و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و ئابووری کە پەیوەندیدارە بە کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە. 
كوردستانی نوێ، وەک یەکەم زەنگی دەنگی ئازادی رۆژنامەگەری سه‌وڵی قه‌ڵه‌م له‌ ده‌ریای ئازادیدا و وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌، بۆ یه‌كه‌م جار شه‌ره‌فی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی له‌ ئێخه‌ی خۆیدا. 
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، هه‌ڵگری هه‌ناسه‌ی درێژ و كه‌شكۆڵی پڕ بوو، هه‌ربۆیه‌ بووه‌ یه‌كه‌م خوێندنگه‌ی رۆژنامه‌نووسان و فێرگەیەکی رۆژنامەگەریی ده‌نگی ئازاد، هانده‌ر و فێركارێكی دڵسۆز بوو بۆ راهێنانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ئازادیی راده‌ربڕین و ره‌خنه‌گرتن، جگە لەوەش پابەندە بە رەخساندنی پانتاییەکی فراوان بۆ هزر و راوبۆچوون و قەڵەمە بوێر و جیاوازەکان و جەختکردنەوە لەسەر ئازادیی رادەربڕین. 
ئەمەش وایکردووە، کوردستانی نوێ جیا بکاتەوە لە زۆرێک لە میدیاکان و چاپەمەنییەکانی تری سەر گۆڕەپانی کوردستان. هەروەها لە رووی پاراستن و گرنگیدان بە زمان و کەلتوور و ئەدەب و هونەر و مێژووی نەتەوەکەمان، درێغی نەکردووە و رۆڵێکی باڵای بینیوە. کوردستانی نوێ، نوێ بەرەو دیموکراسی بوون، نوێ بەرەو ئاشتی و تەبایی و گەشەکردن، بەرەو ئاسۆیەکی روون، ئاسۆیەک دوور لە پاوانخوازی، گۆشەگیری، نزیک لە یاسا و بە یاسا و بە دیموکراسی کردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی. 
لەم بۆنەدا و لە ساڵڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیدا، سڵاو لە وشەی کوردی ئازاد، لە رۆژنامەگەریی کوردی، سڵاو لە یەکەم ژمارەی(کوردستانی نوێ)، کە تاجی یەکەم رۆژنامەی رۆژانەی کوردی لەسەرنا، چەپکێ گوڵ و وشەی سەرفرازی و تەمەن درێژیش بۆ کوردستانی نوێ دەخوازین و دەستخۆشی و سەرکەوتنیش لە سەرنووسەر و ستافە ماندوونەناسەکەی و هەموو ئەوانەی شەونخوونیان کردووە بە دیار وشە و رستەوە، لەپێناوی خزمەتکردنی وشەی کوردیدا، بەو هیوایەین هەمیشە لە داهێنان و پێشوەچوونی بەردەوامدا بن. 

وتارەکانی نوسەر