به‌هۆی به‌رده‌وامیی قه‌یرانی دارایی له سوریا و رۆژئاوای كوردستان، تێچووی تابلۆكانمان زۆر گران بووه، به‌ڵام له‌پێناوی فەرهەنگی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و كاره پیرۆزه نابین و به‌رده‌وام ده‌بین
مو‌سا موسایی هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاری دانیشتووی گونده‌کانی دەوروبەری قامیشلۆ. ساڵانێكی زۆره خه‌ریكی كاری هونه‌ری نیگارکێشان و شێوەکارییە و خاوه‌نی چه‌ندین تابلۆی به‌نرخه، به‌شداریی له زۆربه‌ی پیشانگه‌کانی هونه‌ری شێوه‌كاریدا کردووە چ له سوریا و چ لە رۆژئاوای كوردستان.
له‌وباره‌یه‌وه مو‌سا موسایی، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری ناوداری قامیشلۆ، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: له منداڵییه‌وه ده‌ستم کردووە به هونه‌ری نیگاركێشان و له قوتابخانه هه‌ستم ده‌كرد كه خولیا و توانایه‌كی تایبه‌تم بۆ هونه‌ری وێنه‌كێشان هه‌یه، بۆیه نه‌متوانی ده‌ستبه‌رداری ببم و به‌رده‌وام بووم تا توانیم كۆلێژی هونه‌ری له زانكۆی شام تەواو بکەم لەو بوارەدا. وتیشی: زۆربه‌ی تابلۆكانم باس له ژیانی كۆچبه‌ریی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان و شۆڕشی گه‌لانی سوریا و ئێش و ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و سوریا به گشتی ده‌كات كه ساڵانێكی زۆره ژیانێكی سه‌خت بەڕێ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا کە زۆر رۆژی سه‌ختی تێپه‌ڕاندووە، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانیوە ده‌ستبه‌رداری هونه‌ری نیگاركێشان ببێت، چونكه هونه‌رێكی پیرۆزه و خزمه‌تێكه به مێژوو و كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی سته‌ملێكراوی كورد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی وتیشی: زۆر تابلۆم كێشاوە كه بەشی زۆریان بەبێ به‌رامبه‌ر داومە به هاوڕێكانم. بەشداریم لە زیاتر له 20 پیشانگه‌ی شێوه‌كاریدا کردووە له قامیشلۆ و سه‌رتاسه‌ری رۆژئاوای كوردستان و سوریادا و تابلۆكانیشم خواستێكی زۆریان له‌سه‌ره.
هه‌روه‌ها وتی: به‌هۆی به‌رده‌وامیی قه‌یرانی داراییەوە له سوریا و رۆژئاوای كوردستان، تێچووی تابلۆكانمان زۆر گران بووه و دۆخی داراییشمان باش نییه و پشتیوانی و هاوكاریمان نییه، به‌ڵام له‌پێناوی میلله‌ته‌كه‌ماندا ده‌ستبه‌رداری ئه‌و كاره پیرۆزه نابین و به‌رده‌وام ده‌بین له خزمه‌تكردنی گه‌ل و نیشتمان، به‌گشتی له‌دوای شۆڕشی 2011ی سوریا و دامه‌زراندنی ئیداره‌ی خۆسه‌ری لە رۆژئاوای كوردستان و باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا، هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار رۆڵێكی به‌رچاویان بینیووه له ئازادانە ده‌ربڕینی بیرۆكه‌كانیان و کارکردن بۆ هێنانەدیی ئاشتی له نێوان گه‌لانی سوریادا، بەو هۆیەشەوە چالاكییه هونه‌رییه‌كان زیادیكردووه.
جێی ئاماژەیە، مو‌سا موسایی له ساڵی 1975 له گوندی كه‌چه‌ل عه‌ره‌ب، له نزیك شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان له‌دایكبووه. ساڵانێكی زۆره له بواری هونه‌ری نیگاركێشی و شانۆدا كار دەکات و به‌شداریی چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی كردووه.
ئامادەکردنی: ئەیاز هەرکی