ستونی کراوە

خۆڕاگریی کوردستانی نوێ، لە مێژوویەکی سەختدا..

09:56 - 2025-01-08
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
106 خوێندراوەتەوە

د.عەدالەت عەبدوڵڵا

پێش 13ساڵ، كاتێك بۆ بەشداریكردن لەكۆنفرانسێكی فكری لەبارەی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبییەوە، هاوڕێ لەگەڵ توێژەری ناوداری رۆژئاوای كوردستان، د.سەربەست نەبی، بانگێشتی قاهیرە كراین، دەرفەتێك هەبوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك نوسەرو رۆژنامەنووسی دیاری جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و هەندێ كاراكتەری ئەوروپیش. 
بیرمە یەكێك لەو پرسانەی كە هەندێجار لە رێستەكانی كۆنفرانسدا دەبووە جێی مشتومڕ، چارەنووسی رۆژنامەی كاغەزی بوو. ئەو سەردەمە، لە ئەوروپا و رۆژئاوا بەگشتی، لەژێر كاریگەریی هەندێ قەیرانی دارایی وڵاتان و پاشەكشەی داهاتی ریكلامی رۆژنامەكان و تێچووی میدیای چاپكراو  و گرفتەكانی دابەشكردن و كەمبوونەوەی ژمارەی فرۆش یاخود بەشداریی خوێنەران، لەسەروو هەموویانەوە بەبۆنەی خواستی گەورە لەسەر جیهانی ئەنتەرنێت و ئۆنلاین و ئەو سەردەمە تایبەتییەی كە مارشاڵ ماكلۆهان(1911-1980ز) گەورە تیۆرسێنی كەنەدیی بواری كۆمەنیكەیشن، ناوی دەنێت سەردەمی شارستانییەتی كۆمەنیكەیشنی ئەلكترۆنی، كە لەساڵی(1900ز)ەوە سەرەتاكانی دەركەوتبوو، كۆمەڵێك رۆژنامەو چاپكراو لەدەرچوون كەوتبوون، دیاردەكەش ببووە باسێكی زانستی و جێی توێژینەوەی تیۆری و مەیدانییش. 
لە ساڵی 2014دا، لەلای خۆیشمان لە هەرێمی كوردستان، كە ژمارەی چاپكراوەكانمان گەیشتبوونە زیاتر لە 800 رۆژنامەو گۆڤارو بڵاوكراوە، بە لێشاو لە دەرچوون دەوەستان، بەڵام لە قاهیرە، بە پێچەوانەی ئەو خەمانە بۆ میدیای چاپكراو، عەشقێكی سەیری هاووڵاتیانمان بۆ خوێندنەوەی رۆژنامە دەبینی و دۆخی نائاسایی لە دەرچوونی رۆژنامەدا بەدی نەدەكرا. ئەوكات لە مەیدانی تەحریرەوە تا ئەوپەڕی شەقامی تەڵعەت حەرب، لە بازاڕی چەندین گەڕەك و شەقامەكان و شوێنی گشتیی تر، رێكەوتی دەیان و سەدان كەسمان دەكرد كە خوێنەری رۆژنامە بوون. 
كاتێكیش كە لە 2014 بۆ2017، بۆ خوێندنی ماستەر لە لوبنان بووم، هەمان دیاردەمان لەو وڵاتەدا بەدیدەكردو كەمتر ئەو ترسە گڵۆباڵە لەچارەنووسی رۆژنامەگەریی هەبوو كە ساڵانێكی زۆرە نوسەرێكی دیاری ئوسترالیی وەك(رۆس داوسن) تیۆریزەی دەكات و بەنوقڵانەیەكی ناخۆش، ساڵی 2040 -ی كردۆتە دوا ساڵی دەرچوونی رۆژنامەی چاپكراو!، یان وەك فیلیپ مایەری نوسەری ئەمریكی، كە ساڵی 2043 بەلایەوە، دوا ساڵە كە رۆژنامە رووناكی ببینێت!، یان وەك نوسەرو شارەزای فەرەنسیی بواری میدیا(بێرنار بولیە) لەكتێبی:(كۆتایی رۆژنامەو پاشەڕۆژی میدیا) كە وەها پێشبینی دەكات ئەنتەرنێت و پاشەكشەی داهاتی ریكلام، سەری رۆژنامەی كاغەزی بخۆن.
بێگومان پاشەكشەی رۆژنامەگەریی چاپكراو، فاكتە. ئەمە راستییەو نكۆڵی لێناكرێت، بەڵام كۆتاییهاتنی، تائێستاش نەبۆتە واقع، بەڵكو لەسەرتاسەری جیهاندا، رۆژنامەی كاغەزی دەردەچێت و بەردەوامەو خوێنەری خۆی هەیە، تەنانەت پێشبینییەكانی داوسن -یش بۆ چارەنووسیی رۆژنامە لە ئەمریكاو بەریتانیا راست دەرنەچوون. ئەسڵەن لەهەندێ وڵاتی مەغریبی عەرەبی، دەرچوونەوەی بەشێكی رۆژنامەو گۆڤارە وەستاوەكان دەستیان پێكردەوە. ئێمەش لە كوردستانی نوێ كە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یادی 33 ساڵە دەكەینەوە، هەمان رامان هەیە. بەڵێ راستە هەست بەو مێژووە سەختە دەكەین كە لەسەر ئاستی جیهان میدیای چاپكراوی تیایە، بەڵام خۆڕاگرانە بەرگری لەمانەوە دەكەین، داهات و خوێنەری واقعی و ئەلكترۆنیشمان كەم نین، كۆمەڵێك رێوشوێنیشمان گرتۆتەبەر بۆ هێشتنەوەی سیبمولێتیی ناوی رۆژنامەكە، ئاكامیش وا 33 ساڵە، وەك دێرینترین رۆژنامەی رۆژانە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان، دەردەچێت، چەندین سەكۆی دیجیتاڵیشی هەیە، كە سەرلەنوێ ماركێتینگن بۆ ناوە گەورەكەی كوردستانی نوێ و بەردەوامبوونی.     

وتارەکانی نوسەر