پیرۆزبایی و شتی تریش

11:01 - 2025-01-11
ستران عەبدوڵڵا
95 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا

هەڤاڵ د. عەدالەت عەبدوڵڵا،
 سەرنووسەری کوردستانی نوێ، 
هەڤاڵان جێگرانی سەرنووسەر و سکرتاریەت و ستافی رۆژنامە.
 
یادە جوانەکەی ئەم رۆژنامە خۆشەویستەمان لە گشتتان پیرۆز بێت.

یادی کوردستانی نوێ، یادی خەباتی قەڵەم و بیر و هەواڵ و بەسەرهاتەکانە.
یادەوەری سیوپێنج ساڵی ژیان و گوزەرانی گەلەکەمانە کە لاپەڕەکانی، وێنەکانی، رووداوەکانی، هەواڵە گرنگەکانی لە دووتوێیدا هەموو شتێک دەگێڕێتەوە.
دەسکەوت و دەستکورتی، دەستڕەنگینی و دەستوەردانەکانی هەمووی لەم تۆمارەدا نووسراوە.

زۆر دامەزراوەی رەسمی و حزبی و زانکۆکان بۆ دەق و زانیاری و دڵنیابوون لە دیکۆمێنت و ڕاستی و دروستی زۆر شت دەگەڕێنەوە سەر ژمارە و رەفەکانی کوردستانی نوێ. ئەم رۆژنامەیە کە رۆژانە لە چاپ دێتەدەر ئاوێنەی رەوان و روون و وردی رووداوەکانی رۆژن. کەچی دوایی وەک وەقائیعی رەسمی و قانونی بەڵگەی راستگۆیی بێ ئەملاولای لاپەڕەکانیین.
ئەوی کوردستانی نوێ نەیڵێ ڕاست نییە و ئەوی کوردستانی نوێ نەیگێڕێتەوە نە قەوماوە و نە روویداوە.
ئەم تۆمارە زیاتر لە سێ دەیە رەنگە لەبەر گوشاری دورگەی گوشارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو شتێکی نەگوتبێت، بەڵام یەقین ئەوەی گوتویەتی ئەوەیە کە روویداوە.

زەمانێک هەبوو پۆپۆلیستە سەرگەردانەکان بە بۆنەی تانەدان لە یەکێتیی تانەیان لەم رۆژنامە دەدا کە ئێستا ئەوان نەماون کوردستانی نوێ ماوە و کەیفی لێ بێت هەواڵی وەفاتیان پەخش دەکات، بەس دەزانم ئێستا هەواڵی تەشریفاتی کەم کراوەتەوە.

هەمیشە ئەم قسەی شەوانی هاوکارمان هەڵکەوت زەنگەنەم لەبیرە کە دەیگوت ئەم هەواڵانەی وا دامانناوە سبەی دەبێتە مانشێت و پێخۆری میدیاکان، بەڵام ئێمە لەبەر پابەندێتییە حزبییەکەمان گەورەیان ناکەین.
دەمگوت: قەینا ئەوانیش کوردن و مەردن، با ترش و خوێی بکەن.

هەڤاڵەکانم! لەم زەمەنی رەقەمی و تۆڕی پەیوەندییەکاندا کاغەزی چی لێ دێ و ئێوە چۆن بەرخوردی لەگەڵ دەکەن؟ ئەوەیان لەم دوورەوە نازانم حوکمی لەسەر بدەم، بەڵام دەزانم سەنگی کوردستانی نوێ و سەنگینی پەیامەکەی ئەنگێزەی هەرە گەورە دەبن بۆ دیتنەوەی رێوشوێنی داهێنەرانە.
سەنگی ئەم مێژووە وا گەورەیە کەمەندکێشە بۆ بەردەوامی و مانەوەو بازی گەورەش.
لەسەر سەنگ و متمانەی رۆژنامەکە بچنەوە سەر قسەکانی هەڤاڵ کاک قوباد تاڵەبانی کە لە یادێکی رۆژنامەکەدا وتی لە ئەمەریکاوە مامی گەورەمان دەیگوت بۆ ئاگاداری لە زانیاری و رووداوەکانی وڵات سەیری کوردستانی نوێ بکەن، ئەوێ هەمووشتێکی تیایە.
پیرۆزبایی و سەرنج و تێبینییەکانم بەو قسە کۆتایی پێدێنم کە وتی، بەدرخانییەکان دوای خەبات و ئەمارەت هاتن رۆژنامەی (کوردستان) یان کردە سەنگەری قۆناغێکی نوێی تێکۆشانی سیاسیی بۆ گەلی کورد. ئێمەش وەکو یەکێتی ( کوردستانی نوێ)مان کردۆتە سەنگەری خەباتێکی سیاسیی مۆدێرن بۆ  کوردایەتی و رزگاری. جا برای بچوکتان وەک سەرنووسەرێکی دێرین بە نوێنەرایەتی ئێوەش وتم: مامە ماڵباتی بەدرخان میرێکیان تەرخان کرد بۆ (کوردستان) ەکەیان،  هەرچی ماڵە گەورەکەیە بۆ (کوردستانی نوێ) کرمانجێکتان شەرەفمەندکرد بەو ئەرکە و  حەتمەن چەندین کرمانجی پێش و پاشتریش پاسەوان و خزمەتکاری ئەم ئەمارەتی قەڵەم و کاغەز و ڕا و هەواڵە دەبن .
گوتی: رۆڵە ئەوە فەرقی کوردایەتی دێرین و کوردایەتی نوێباوە کە هەمووتان لە دیوانی خاوەن شۆکی رۆژنامەدا پێ بگەن و یەڵلای دەکرد دەبوونە (هەیکەل).

جا بەو هەناسە و نەفەسە پاکەوە پیرۆزتان بێت (هەیکەل)ەکانی تەلاری بەرزی کوردستانی نوێ.

وتارەکانی نوسەر