ئەگەر رۆژێک لە شەمەندوفێرێکدا لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر لە وڵاتێکی ئەوروپیدا، گەشت بکەیت، ئەوەی سەرنجت رادەکێشێت ئەوەیە کە چەندین کەس کتێبێک، گۆڤارێک، رۆژنامەیەکیان بەدەستەوەیە و دەیخوێننەوە، ئەمە لەکاتێکدا هەمووشیان مۆبایلی زیرەک و نێتیان هەیە و دەتوانن بە ئاسانترین شێوە چاو بە سایتەکان و هەواڵاکاندا بخشێنن، ئەوان پێیان وایە یەکێک لە سیفەتەکانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو دیاردەی خوێندنەوەی رۆژنامەکانە، زۆرێکیش بەیانیان لە رێگەی سندوقی پۆستی ماڵەکانیانەوە پێش لەخەو هەستانیان بۆیان دادەنرێت.
بە شانازییەوە لە کوردستانی نوێدا، زیاتر لە 1000 وتارم نووسیوە، لەوانە 500 وتار لە گۆشەیەکی هەفتانەدا بەناوی (یەکبێژ) کە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام بوو.
بەمە بەندە ئەم رۆژنامەیە بە ماڵە گەورەکەی میدیای کوردی و سیاسیی راستگۆ دەزانم.
راستە کوردستانی نوێ، سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەڵام تەنها رۆژنامەیە کە بەرهەم و وتار و چالاکیی سەدان کەسی تیادا بڵاوکراوەتەوە کە لە دەرەوەی ئەم حزبەن و کەسانی بێلایەن و سەربەخۆن.
سەرەتا لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال ئەم رۆژنامەیە دامەزرێنراوە و چاپێندراوە، بۆیە هەموو بەیانییەک پێش هەر بڵاوکراوەیەکی تر، کوردستانی نوێ لەسەر مێزی کارەکەی یان نانخورادنەکەی بووە و بەدەم چایی خواردنەوەوە بابەتەکانی خوێندۆتەوە کە بۆ ئەو کات گرنگ بوون و سەرەتای کاری ئازادیی ناو شار و ئیدارەدان بووە.
ئەوەی لەم رۆژنامەیەدا بڵاوکرابێتەوە وەک بەڵگەیەک سەیر کراوە و جێگەی باوەڕی خەڵک بووە، ئەمە جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەم هەموو بڵاوکراوانەی ئەم سەردەمە کە لە کەشێکی بەرەڵاییدا زۆربەیان بێسەروبەرییان پێوە دیارە و بەرپرسیارێتی ناگرنە ئەستۆ لە چۆنێتی دەربڕین و خستەڕووی راوبۆچوونەکان و پەیڕەونەکردنی ئەتەکێتی رۆژنامەوانی و ئەرکی پەروەردەیی تاک.
کوردستانی نوێ، وەک رۆژنامەیەکی حزبی، ئەرکی چاودێریی کارەکانی حکومەتیشی لە ئەستۆ گرتووە و هەموو ئەو کێشە و کەمووکووڕییانە دەخاتەڕوو کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن وەک کێشە و سکاڵای هاووڵاتییان.
هەروا لاپەڕەکانی رۆژانە تەرخان دەکات بۆ رووداوە هەنوکەییەکان و بڵاوکردنەوەی شرۆڤەی شرۆڤەکاران لەسەری و چەندین جۆری تر لە دەربڕینی بیروڕای ئازاد لە رێگەی لاپەڕەیەکی تایبەتەوە بە ناوی سەکۆی ئازاد، کە مانگانە 60 بۆ 70 وتاری رای جیاوازی تیادا بڵاودەکرێتەوە بێ سانسۆری سیاسیی و بە لەبەرچاوگرتنی رەوشتی رۆژنامەوانی.
ئەوەی گرنگە بۆ ئەم رۆژنامەیە، ئەوەیە کە خوێنەری تایبەتی خۆی هەیە و بە هەزاران کەس هەر خوویان پێوە گرتووە و دەبێت رۆژنە بگاتە دەستیان، لە روویەکی دیکەشەوە هەموو یەکێتییەکان بە ئەندام و لایەنگر و دۆستەوە، کوردستانی نوێ بە یەکێک لە پایەکانی راگەیاندنی حزبەکە دەزانن و لایان پیرۆزە و داواکارن کە ئەم یادگارییەی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ تەمەنی حزبەکەدا بمێنێت و هەمیشە نوێببێتەوە لەگەڵ رەوتی دونیای میدیای جیهانیدا. پیرۆز بێت لە هەموان ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستانی نوێ و بە هیوای بەردەوامیی نوێبوونەوەی هەمیشەیی.