چاوەکان لەسەر ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکان، کە چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە 15ی ئابی ئەم مانگەدا کۆببنەوە، لە لووتکەیەکدا کە زۆرێک لە پێشبینیی جۆراوجۆر و دژبەیەک لەخۆدەگرێت سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمریکا، بەتایبەتی چارەنووسی شەڕی ئۆکرانیا.
بیرۆکەی ئاڵوگۆڕی خاک، یان هەر چارەسەرێک، کە سازشی هەرێمی لەلایەن ئۆکرانیاوە لەخۆبگرێت، دژی هەڵوێستی رەسمیی ئۆکرانیایە و کیێڤ دژایەتی دەکات و جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو خاکە داگیرکراوەکان دەکاتەوە
دوای ماوەیەکی درێژ لە گرژی و ناکۆکی
ئەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە دوای ماوەیەکی درێژ لە گرژی و ناکۆکی و زۆرجار پچڕانی دیپلۆماسیی نێوان هەردوو وڵات دێت، بەتایبەتی لە سایەی بەردەوامبوونی ململانێکان لە ئۆکرانیادا.
ئەم لووتکەیە، ئەگەر ئەنجام بدرێت، خاڵێکی وەرچەرخانە لە رەوتی جەنگی ئۆکرانیادا، چونکە هەندێک زانیاری دزەپێکراو ئاماژە بەئەگەری پێشنیازکردنی ئاڵوگۆڕی خاک لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا دەکەن وەک بەشێک لە چارەسەرێکی ئاشتیانە.
ئەم پێشنیازە پرسیارێکی گەورە دروست دەکات سەبارەت بە رادەی قبوڵکردنی ئۆکرانیا بۆ چارەسەرێکی لەمجۆرە، بەتایبەتی کە بەردەوام جەخت لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکاتەوە لەگەڵ رەتکردنەوەی هەر سازشێکی هەرێمایەتی یان جیهانی.
لەلای خۆیەوە، ئۆکرانیا بە توندی هەر دانوستانێک یان چارەسەرێک رەتدەکاتەوە، کە بەبێ بەشداریی راستەوخۆی کیێڤ ئەنجام بدرێت، سەرکردە ئەوروپییەکانیش بەردەوام جەختیان کردووەتەوە کە چارەنووسی ئۆکرانیا و داهاتووی ناتوانرێت بەبێ بەشداریی کارای لە هیچ دانوستانێکی ئاشتیدا دیاری بکرێت.
ئەم هەڵوێستە پێداگری کیێڤ لەسەر ئەوە دەردەخات، کە هەر چارەسەرێک دەبێت رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی بگرێت، هەر هەوڵێکیش بۆ سەپاندنی چارەسەر لە دەرەوە رەتدەکرێتەوە.
بیرۆکەی ئاڵوگۆڕی خاک، یان هەر چارەسەرێک، کە سازشی هەرێمی لەلایەن ئۆکرانیاوە لەخۆبگرێت، دژی هەڵوێستی رەسمیی ئۆکرانیایە و کیێڤ دژایەتی دەکات و جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو خاکە داگیرکراوەکان دەکاتەوە، ئەمەش لوتکەی چاوەڕوانکراوی ئەلاسکا دەخاتە بەردەم ئاستەنگێکی گەورەوە، چۆن دەتوانرێت چارەسەری بەردەوام بەدەست بهێنرێت بەبێ رەزامەندیی لایەنی ئۆکرانیا کە خۆی بە زیانلێکەوتووی سەرەکی ململانێکە دەزانێت؟
هەڵوێستەکانی ترەمپ
لەم نێوەندەدا، کەسایەتیی دۆناڵد ترەمپ و شێوازی گوتارەکەی جێگەی سەرنجە، ترەمپ بە گوتارە نا جێگیر و هەڵەشەکانی ناسراوە، کە زۆرجار هەڕەشە و لێدوانی بێپەروا لەخۆدەگرێت، ئەم شێوازە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر دۆخی دیپلۆماسی و ئەگەری چارەسەرکردنی قەیرانەکە هەبێت، بەتایبەتی کاتێک پەیوەندیی بە پرسێکی هەستیاری وەک جەنگی ئۆکرانیاوە هەیە، هەڵوێستەکانی ترەمپ دەتوانێت گومان لەسەر جدییەتی هەر دانوستانێک دروست بکات و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات، بەتایبەتی بۆ لایەنی ئۆکرانی کە پێویستی بە پشتیوانییەکی جێگیر و روون هەیە.
لە کۆتاییدا، لووتکەی ئەلاسکا، ئەگەر رووبدات، چاوەڕوانییەکی گەورەی لەسەرە، لە کاتێکدا هەندێک لایەن هەوڵدەدەن چارەسەری دیپلۆماسی بۆ شەڕەکە بدۆزنەوە، ئۆکرانیا سوورە لەسەر مافی خۆی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و رەتکردنەوەی هەر چارەسەرێک کە لە سەروەرییەکەی کەم بکاتەوە.
رێککەوتن بێ بەشداریی ئۆکرانیا
بەردەوامی نابێت
هەر رێککەوتنێک کە بەبێ بەشداری و رەزامەندیی ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت، هیچ شەرعییەت و بەردەوامییەکی نابێت، رەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی قەیرانەکە لەبری چارەسەرکردنی، پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە: ئایا دیپلۆماسی لە ئەلاسکا سەرکەوتوو دەبێت لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکە، یان زیاتر دیمەنی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا ئاڵۆزتر دەکات؟
لوتکەی ئەلاسکا چی پێیە بۆ ئۆکرانیا؟