هیوا محەمەد
ململانێکانی نێوان مرۆڤەکان هەر لە دروستبوونی مرۆڤەوە هەبووە و تائێستاش درێژەی هەیە، چونکە چاوچنۆکی یەکێکە لە سیفەتەکانی مرۆڤ کە لەو رێیەوە دەیەوێت هەرچی زۆرتر و باشتر بۆخۆی بەدەست بێنێت، جا هەندێک جار پەنا بۆ رێی ناڕەوا دەبرێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، ئیتر لێرەوە ململانێکان قووڵ دەبنەوە و دەبنە ناکۆکی و کێشە و شەڕ و هەوڵدان بۆ یەکتر سڕینەوە و لاواز کردن.
دەکرێت دوو کەس یان دوو گروپ و دوو تیرە لەدوای تێپەڕینیان بەچەندین کێشەدا، ئاشت ببنەوە و لەسەر بنەمایەکی دیکەی هاوبەرژەوەندیی درێژە بە پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن و بەڕێوەبردن لە رێكکەوتنێکدا بدەن، بەڵام ئاسان نییە ململانێیەکی قووڵی نێوان دوو نەتەوە کە گەیشتبێتە ئەوەی لەناخی زۆربەیاندا قین چێندرا بێت و نەتەوەی بەرامبەر رەتبکاتەوە، بە فەرمانی کەسێک یان حزبێک چاک ببێتەوە و ناوی بنرێت برایەتی نێوان کورد و تورک.
باشترکردنی پەیوەندییەکان، ئاشتەوایی، رێککەوتنی سیاسی، هەموو ئەم دەستەواژانە دەکرێت لە رێگەی دوو حزبی سەر بە دوو نەتەوەی کورد و تورک بێتە کایەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیتر هەردووکیان بێ کێشە دەمێننەوە و قینەکان بنبڕ دەبن، چونکە لە هەموو نەتەویەکدا سەبارەت بە نەتەوەی بەرامبەر بیروبۆچوونی جیاواز هەیە لەوانە توندڕەویان تێدایە کە پێیان دەڵێین شۆڤێنی، مامناوەندیشیان تێدایە کە دەکرێت لە رێیانەوە نزیک بوونەوە بۆ نەهێشتنی گرفتە سەرەکییەکان نەهێڵرێت، لانیکەم شەڕ و خوێنڕشتن نەمێنێت.
ژیریی سیاسییە، ئەگەر هەر حزبێکی تورکی لە تورکیا بیەوێت پرۆسەی ئاشتیی نێوان کورد و تورک بخاتە گەڕ و کۆتایی بە ناکۆکی و شەڕ بهێنرێت و هەموان لە خزمەتی کۆمەڵگەی تورکیادا بن بە یەکسانی و کوردیش چیدی هەوڵی سەرکوتکردن و سڕینەوەی نەدرێت و هەموان لە پرۆسەی سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدار بن لەرێگەی هەڵبژاردنێکی بێ خەوشەوە، ئەمەش سوود بە هەموو تورکیا و گەلانی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت و چیدی زلهێزەکانیش وەک زاروو لەسەر جەستەیان خوێنیان نامژن.
کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان کورد و تورک، بە فەرمانێکی سەربازیی دەکرێت کە هەردوو لا لەسەری رێک بکەون، بەڵام هێنانەکایەی کەشی برایەتی دەبێت بە چەندین قۆناغدا تێپەڕێت
کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان کورد و تورک، بە فەرمانێکی سەربازیی دەکرێت کە هەردوو لا لەسەری رێک بکەون، بەڵام هێنانەکایەی کەشی برایەتی دەبێت بە چەندین قۆناغدا تێپەڕێت، ئەو جار دێتە دی، ئەمیش دوای دەیان ساڵ دەبێت کە نەوەیەکی نوێ بێتە پێش و هەڵگری قین نەبێت و لە پاڵیشیدا بوارە پەروەردەییەکان بخرێنەگەڕ بۆ بەدیهاتنی ئەم برایەتییە، دەبێت رێگە نەدرێت شۆڤێنیستانی هەردوو نەتەوە رێگر بن لەبەردەم هاتنەدی ئەو ئامانجە کە برایەتی کورد و تورکە.