كاتێك زلهێزێك كۆنترۆڵی ئاگری وڵاتەكەی خۆی پێ ناكرێت!

10:37 - 2025-01-16
شوان کەریم کابان
94 خوێندراوەتەوە

ئێستا زۆر کەس ئەڵێ؛ تۆ سەیری ئەم کابرایە بکەن، ئەم ناوچەیەی خۆمان هەمووی ئاگرە، کەچی ئەم باسی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا دەکات کە هەزاران کیلۆمەتر لێمانەوە دوورە!. ئەم قسەیە راستە، بەڵام بەندە باسی ئاگرەکانی ئەم ناوە بۆ خەڵکانی تر جێ دەهێڵم، چونکە من رام جیاوازە لە بارەیانەوە و بۆچوونم بە پێچەوانەی زۆربەی ئەوانەیە کە لە بارەی بارودۆخ و ئاگرەکانی ئەم رۆژهەڵاتی ناوەراستە دەنووسن، خۆ ئەشێ من هەڵەش بم و لەوانەشە بیرکردنەوەی من راستی بپێکێت. 

ئاگرێکی زیانبەخش و مەترسیدار
  بەندە خۆم بە کەسێکی حزبی پابەند دەزانم، بۆیە نامەوێ قسەیەک بکەم لەسەر حزبەکەم حیساب بێ، باشترین بژاردە ئەوەیە دووربکەومەوە و لەسەر ئاگرێکی تر بنووسم، خۆ ئاگر هەر ئاگرە!. چەند رۆژێکە ئاگرێکی گەورە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکای گرتۆتەوە، بە جۆرێك كە مەگەر بوومەلەرزەکەی ساڵی 1994 هێندە زیانبەخش و مەترسیدار بوبێت.

ویلایەتە ئاڵتونییەکە
 کالیفۆرنیا دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئەمریکاوە، سێهەم گەورەترین ویلایەتە، گەورەترینە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە و بە ویلایەتە ئاڵتونییەکە ناسراوە. بەدرێژایی ناوەڕاستی ویلایەتەکە دۆڵێک هەیە بە پیترین ناوچەی دونیا دەژمێردرێت بۆ کشتوکاڵ و پڕ بەرهەمترینە لە جیهاندا، لەسەدا چلی ویلایەتەکە دارستانە، لەسەدا سیانزەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەمریکا لەم ویلایەتەیە، هێندەی چین شوێنی گەشتیاریی گرنگ و بەناوبانگی تیایە، وەک دیزنی پارک، پارکی نیشتیمانی یوسیمیتی، هەروەها چەندین شار و ناوچەی گرنگ و بەناوبانگی تیایە وەک هوڵیود و ستودیۆکانی، پردی گوڵدن گەیت، نیڤادا.
بە دەست ئاگرێکی گەورەوە دەناڵێنێت
   ئێستا کالیفۆرنیا بە دەست ئاگرێکی گەورەی بێوێنەوە دەناڵێنێت، تا ئێستا زیاتر لە دە هەزار بیناو و خانوو سوتاوە، نزیکەی 150 ملیار دۆلار زەرەری داوە و نزیکەی چوار سەد هەزار کەس دەربەدەربوون بە هۆیەوە. 
کۆشک و خانوی چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ سوتاوە، ئەم ئاگرە هەر رووداوێکی سروشتی و زەرەر و زیانی گەورەی ماددی و ژینگەیی نییە، کە دەیان هەزار دۆنم دارستان سوتاوە، بەڵکو بۆتە مەسەلەیەکی سیاسییش، بەحوکمی ئەوەی کالیفۆرنیا لەسەر دیموکراتەکان حیسابە و حاکمی ویلایەتەکە لە دیموکراتەکانە، ئەمەش وایکردووە ترەمپ زۆر بە توندی رەخنە لە ئیدارەی بایدن و هەم لە حاکمی کالیفۆرنیا بگرێت و بەکەمتەرخەم وەسفیان بکات. 

نەیانتوانیوە بەر بە ئاگرەکە بگرن
  تائێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە زەوی و ئاسمانەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی کالیفۆرنیان و نەیانتوانیوە بە تەواوەتی بەری پێ بگرن، بە پێچەوانەوە ئاگرەکە هەر تەشەنە دەسەنێت و شوێنی تر دەگرێتەوە و ترسێکی گەورەی خستۆتە دڵی دانیشتوانی کالیفۆرنیاوە.
 لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە؛ ئەمریکایەک دەیان ئاگری لە دونیادا هەڵگیرساندووە، بەو هەموو هێز و توانا و زەبەلاحییەوە، چۆن ئەو ئاگرەی کالیفۆرنیای بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت؟.



وتارەکانی نوسەر