كوردستانی نوێ‌،رۆژنامەیەك پڕ لە تام وچێژ

07:34 - 2025-01-20
عومەر ئاوارە
155 خوێندراوەتەوە

ئیمەی خوێنەرانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، هەموو رۆژێك لەگەڵ دەركەوتنی ئاسۆی رۆژێكی نوێ‌ بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەركەوتنی ژمارەیەكی نوێی كوردستانی نوێ‌ دەكەین، ئەم رۆژنامەیە لە رۆژی دەرچونییەوە كە 33 ساڵ لەو بەر دەكات تاكو ئێستاكە توانیویەتی ببێتە هاوڕێی سەرجەم چین وتوێژەكان، رۆژنامەیەكە ئەگەر ئێمە وەكو خوێنەری بەردەوامی رۆژێك بەرچاوومان نەكەوێت ئەوا ئەو رۆژە بە قورسی بەسەرماندا تێپەڕ دەبێت، یەكێكە لەو میدیایانەی توانیویەتی پانتاییەكی فراوان لە گۆڕەپانی میدیای كوردی دروست بكات وخۆی بكاتە رۆژنامەی خێزانی كوردستانی، بێجگە لە ئێمە و مانان وەكو خوێنەری كورد، ئەوانەی دەتوانن زمانی كوردی بخوێننەوە لە نەتەوەكانی دیكە ئەوانیش وەكو ئێمە بە پەڕوشن بۆ ئەم رۆژنامەیە، زۆر جاریش كە دیدارێك یاخود بابەتێك لەسەر كەسایەتییەك یاخود هونەرمەندێك یاخو وەرزشوانێك وبگرە چینەكانی دیكەش بڵاو دەكەینەوە لەم رۆژنامەیە ئەوا ئەو كەسانە داوامان لێ دەكەن وەكو ئەرشیف ژمارەكەیان لابێت، زۆر جاریش داوام لە هونەرمەندان ویاریزانانی غەیرە كورد كردووە و پێم وتوون كە دیدارتان لەگەڵدا ئەنجام دەدەم بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ كە زمانحاڵی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە پێیان وتووم حیزبەكەی مام جەلال، خۆشحاڵ دەبین . 

وەكو باسم كرد ئەم رۆژنامەیە بەتەنها بۆ كورد نییە بگرە بۆ نەتەوەكانی دیكەشە، دەرگای بۆ هونەرمەند،شاعیر، یاریزان و سیاسەتمەدارەكانی غەیرە كوردیش واڵایە بۆ ئەوەی چاوپێكەوتنییان لەگەڵدا بكرێت وبڵاو بكرێتەوە.

 لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین لێوان لێوە لە سایت و رادیو وتەلەفیزیۆن كە شتەكان ئەوەندە زۆر بون رەنگە خوێنەر تاقەتی ئەوەی نەبێت بیانخوێنێتەوە یاخود گوێیان لێ بگرێت، بەڵام كوردستانی نوێ‌ جیاواز لەوانە خوێنەر بەدوایدا دەگەڕێت تاكو بەسەری بكاتەوەو زانیاری لێوەربگرێت ئەمەش دەسكەوتێكە هەم بۆ رۆژنامەكە و ستافەكەی و پەیامنێرانی كە زۆر بە پەرۆش و راستگۆیانە زانیاریە هەمەجۆرەكان بۆ سەر لاپەڕەكانی ئەو رۆژنامە دەگوازننەوە . 

لەبیرمە ئەو كاتەی كە ئاوارەی دەستی رژێمی بەعس بوین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، كوردستانی نوێ‌ بە سێ‌ ڕەنگ دەردەچو ئەویش ڕەش وسپی و سەوز زۆر جار بە شەش برادەر یەك رۆژنامەمان دەست دەكەوت تاكو بیخوێننەوە، ئەم رۆژنامەیە هەر لە سەرەتای دەرچونییەوە خاوەنی جەماوەری خوێ‌ بووە وەكو چۆن رۆژ لە دوای رۆژ خوێنەری بۆ زیاد دەبێت.
 رۆژنامەی كوردستانی نوێ جیاواز لە میدیاكانی دیكە باسی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كردووە وبایەخی پێداوە، لە ناو ئەم هەموو میدیایانەی كە هەن ئەم بۆخوی بە بەردەوامی كارو چالاكییەكانی ئەو ناوچانەی گواستۆتەوە و خستویەتییە بەر دیدی خوێنەر،چۆن لە كاری میدیاییدا گرنگی بە شارەكانی هەرێمی كوردستان داوە ئاوەهاش گرنگی بە شارەكانی كەركوك و خورماتوو و خانەقین داوە و لەلای ئەو ئەم ناوچانە تایبەتمەندی خۆی هەبووە. بۆنمونە میدیا هەیە بە مانگیش باسی دۆزی خورماتووی نەكردووە، بەڵام كوردستانی نوێ‌ رۆژانە باسی خورماتوو دەكات وئاماژە بە كاروچالاكییەكانی دەدات وئەمەش بۆ ئەم شارە گەورەترین دەسكەوتە لە رووی میدیاییەوە.

وتارەکانی نوسەر