سەرۆک ترەمپ و دەرفەتەکانی کورد

10:08 - 2025-01-21
دارا خەیلانی
475 خوێندراوەتەوە

 دارا خەیلانی*


رۆژی 20 ی کانونی دووەمی ساڵی 2025، رۆژی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بوو کە بۆ جاری دووەم دۆناڵد جۆن ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بەمەش سەردەمێکی تری سیاسەت و ئیدارەدانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات.
 لە چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییکردنی ئەمریکادا، سیاسەتەکانی ترەمپ لە چەند بابەتێکدا کورتکرابوونەوە کە لەوە دەچێ ئەم خولەی سەرۆکایەتییەکەی بەردەوامی بە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتەکانی ئەوکاتەی بدات و هەندێک لە بوارەکان جەختی پتری بخرێتەسەر، بۆ نموونە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کە ئێستا چەند قەیرانێکی سەربازی و ناوچەیی لە سەرتاسەری جیهاندا بەرپان و کاریگەرییان لەسەر خۆشگوزەرانیی ئەمریکییەکانیش هەیە، بەڵام دەتوانرێت خاڵە گشتییەکان و ئەولەویەتەکانی داهاتووی سەرۆک ترەمپ لەم خاڵانە بە کورتی کۆبکرێنەوە:
-جارێکی تر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەولەوییەتی یەکەمی دەبێت، بەمەش باری ئابووریی وڵاتەکە بەو ئاراستەیە دەبرێت کە ئابوورییەکی نیشتمانیی (خۆماڵی) بێ، واتە لە بواری بازرگانیی بەرهەمە ناوخۆییەکان بایەخی زیاتریان پێ دەدرێت و بەربەست دەخرێتە بەردەم هاوردەی دەرەکی و باج و تاریفەی گومرگیی زیاتر دەخرێتە سەریان، لە بەرامبەریشدا هەمان باج و تاریفە لەسەر بەرهەمهێنەرە خۆماڵییەکان کەم دەکرێتەوە. هەروەها چالاکییەکانی سێکتەری پیشەسازی لە ناو وڵاتدا پوخت دەکرێنەوە و لەپێناوی پەیداکردنی هەلی کاری زیاتردا بەکاردەهێنرێت.

 

بەستنەوەی بەرژەوەندیی کورد، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان بە بەرژەوەندیی ئەمریکاوە، مەسەلەیەکی پێویستی هەنووکەیی و مێژووییە و ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێت

 

- ئاسایشی سنوور و کێشەکانی تایبەت بە کۆچی نایاسایی، خاڵێکی تری گرنگیپێدانی ئیدارەی نوێ دەبێت. بۆیە درێژە بە بنیاتنانی دیواری سەر سنوورەکەی لەگەڵ مەکسیکدا دەدرێت و بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاساییش، رەنگە هەندێک بڕیاری نوێ لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ترەمپەوە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش کۆتاییهێنان دەبێت بە مافی بوون بە هاووڵاتی ئەمریکا بۆ لەدایکبووانی سەر خاکی ئەمریکا ئەگەربێتو دایک و باوکی هاووڵاتی ئەمریکا نەبن. 
لە هەمان کاتدا، ئەگەری ئەوەش هەیە سنوورداشکردنی بە لێشاوی کۆچبەرە نایاساییەکان، بڕیارێکی تری ئەم ئیدارە نوێیە بێت.
- بەهۆی سروشتی کەسایەتیی سەرۆک ترەمپ و تاڕادەیەکی زۆریش کۆمارییەکان، کە بە موحافیزەکار ناسراون، ئەگەری زۆرە هەندێک لە بڕیار و سیاسەتەکانی تایبەت بە مافەکانی هاوڕەگەزباز و ترانسجێندەرەکان و ئازادییەکانیان قەتیس بکرێنەوە. بەتایبەتی لە پەروەردە و لە بوارەکانی پێگەیاندنی منداڵ و گەنجانی ناو ئەمریکادا بەربەست دەخرێتە بەردەم ئەم ئازادییانەوە و بە ئاراستەیەکی دژبە ویستی ئەم گروپانە کاریان لەسەر دەکرێت.
- لە گرنگترینی ئەو جیاوازییانەی کە هەموو میللەتانی جیهان کاریگەرییان تێدەکات، سیاسەتی دەرەکیی داهاتووی ئەمریکا دەبێت. لێرەدا بەئاشکرا دیارە لەبەرئەوەی سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یەکەم بن بەلای ئیدارەکەیەوە، بۆیە هەوڵی جدی دەدات کە شەڕ و تەنگژەکانی جیهان خاوببنەوە و کۆتاییان پێبێت. بۆ نموونە هەر بەرلە دەستبەکاربوونەوەی، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە بەرامبەر هەندێک چاوپۆشی ئۆکراینا و پێدانی زەوی، روسەکانیش رازی بکەن بە کۆتاییهێنان بەو جەنگەی نزیکە سێ ساڵە لە نێوانیاندا بەرپابووە. 
لە بەرامبەریشدا ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر کۆمپانیا روسییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە بواری نەوت و وزەدا کاردەکەن، سوک دەکرێت. بەمەش نەک هەر سەرقاڵبوونی ئەمریکا بەو تەنگژانەوە کەم دەکاتەوە، بەڵکو دەرفەتی هەناردەکرنی بەرهەمە ئەمریکییەکانیش بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەبێ سەرلەنوێ بنیاتبنرێنەوە زیاددەکات. 
بێگومان، سوریاش یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە ئەمریکا دەیەوێت پشکی شێری لە بنیاتنانەوەیدا بەربکەوێت.
- لێرەدا جەنگ و ململانێی ئابووریی ئەمریکا و چین توندتر دەبێت و وڵاتانی جیهان دەبێت سەرلەنوێ هەڵبژاردەکانی خۆیان بخەنەوە تای تەرازوو و بێگومان دوورکەوتنەوە لە ئەمریکا، لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نابێت، هەرچەندە لەوانەیە کاریگەریی لەسەر ئاستی بازاڕی ئازادی جیهان دروست بکات.
- لە هەمان کاتدا، ئیدارەی نوێ بە هەڕەشەی کشانەوەی لە رێککەوتننامە جیهانییەکانی تایبەت بە ژینگە، تایبەت بە (پەیمانی ناتۆ) و تایبەت بە هاوسەنگیی بازرگانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا و باکوور و باشووری گۆی زەوی، گوشارێکی گەورە دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا بۆئەوەی پتر بەشداری بکەن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە دارایی، سیاسی و سەربازییەکان و بڕێکی زیاتری داهاتی نەتەوەیی خۆیان بۆ ئەم بوارانە تەرخان بکەن.
 
چی بۆ کورد لە ئارادا دەبێت؟
 -جەنگی دژە تیرۆر و بەتایبەتی جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش دەرفەتی پشتیوانیی ئەمریکای بۆ کورد پەیداکرد، بەڵام دەبێت بزانین کە ئەم پشتیوانییە بۆ پاراستنی کورد و میللەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خودی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا بووە. واتە لە جیاتی چاوەڕێکردنی گەشەسەندنی هێزە تیرۆرستییەکان و دواتر هێرش کردنە سەر ئەمریکا لەناو ماڵی خۆیاندا، وەک ئەوەی لە 11ی سێبتەمبەردا روویدا، هەر لەسەرەتای دروستبوونیانەوە، ئەمریکا لە رێگای هاوپەیمانەکانییەوە، کە کورد و هێزی چەکداری کورد بە پێشمەرگە و شەڕڤانانی رۆژئاڤاشەوە بەشێکی هەرە گەورەی ئەو هێزانە بوون، توانرا خەلافەتی داعش بڕووخێنرێت و رێکخراوەکەشیان بە تەواوی لاواز بکرێت. دەبێ ئەوەش بزانین کە هێشتا تەواو لەناونەبراون.
- مانەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییە هاوشێوەکانی، هۆکاری بەردەوامیی پشتیوانیی ئەمریکایە بۆ هێزە کوردییەکان. ئەمە مانای ئەوە نییە کە کورد دەبێت ئەو گروپە تیرۆرستییانە بهێڵێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ترسێکی زۆر گەورە لەسەر ئازادیی و بوونی کورد وەکو نەتەوە و گەل دروست دەکەن. بەڵام بە زانینی ئەم راستییە، دەبێت کورد دەستوبرد بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی. 
سروشتی ئازادیخوازانەی کورد و باوەڕکردنی بە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، بوارێکی تری گونجاندنە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکادا. وەکو چۆن لە عیراق کورد تاکە هێزی عەلمانی و باوەڕداری دیموکراسییە لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە، ئەوا لە سوریاش بەهەمان شێوە کورد دەبێتەوە تاکە لایەنی عەلمانی و دیموکراتخوازی ئەو وڵاتە. پەرەپێدانی دیموکراسی لە جیهاندا یەکێکە لە سیاسەتە بەردەوامەکانی ئەمریکا بەهەردوو حزبە دەستڕۆیشتووەکەیەوە. بۆیە نابێت ژینگەی سیاسیی کوردستان لەسەر بنەمایەک کاری تێدابکرێت کە دژبێ بە بنەماکانی دیموکراسی.
- لە هەمان کاتیشدا خۆدوورخستنەوە لە توندوتیژیی سەربازی و چەکداری لە ناوچەکە، نزیکبوونەوە دەبێ لە بەرژەوەندییەکانی داهاتووی ئەمریکا. بۆیە قۆستنەوەی هەر دەرفەتێکی ئاشتی لە نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانیشدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و هەنگاوەکانی (دەم پارتی)ش لەو رووەوە جێگای پێزانین و پشتگیریکردنن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە باکووری کوردستان. هەربۆیەشە کە دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا لەژێر گوشارێکی زۆردان بۆ وازهێنان لە کاری چەکداری و هێرشکردنە سەر پێگە و بنکەکانی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان.
- بەکورتییەکەی، بەستنەوەی بەرژەوەندیی کورد، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژئاڤای کوردستان بە بەرژەوەندیی ئەمریکاوە، مەسەلەیەکی پێویستی هەنووکەیی و مێژووییە و ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێت. بەهەمان شێوەش، لاوازبوونی وڵاتانی ناوچەکە کە دەتوانین بە داگیرکەری کوردستانیش ناویان ببەین، بەرێگەی دیپلۆماسی، دەرفەتێکی تر دەرەخسێنێت بۆ خێراتر گەیشتن بە مافەکانی کورد.
لێرەدا گەورە و بچووکی کورد و دۆستانمان دەزانن کە بەهێزبوونی کورد بەرلە هەموو شتێک لە یەکهەڵوێستی و تەباییەوە دێت و هەر بۆیەشە دەبینین کە ئەمریکا گوشارەکانی چڕکردۆتەوە لەپێناوی یەکهەڵوێستی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا و هەڵوێست و چاوپێکەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان سەرکردە کوردەکانیش، جێگای دڵنەوایی و ئومێدن.

*لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (ی.ن.ک)

کورد چۆن پێگەی خۆی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا دەپارێزێت؟

وتارەکانی نوسەر