گرفت و رێگەچارە

بیركردنەوەی هەڵە هەڵچوون و رەفتاری هەڵەی لێ‌ سەوز دەبێت

10:10 - 2025-01-22
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
89 خوێندراوەتەوە

  پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی

 19


من كچێكم تەمەنم (23) ساڵە و بەردەوام دەترسم، ترس لە مردن، ترس لە نەخۆش كەوتن، ترس لە داهاتوو، ئیتر نازانم چی بكەم، بۆلای زۆر پزیشكی دەروونی چووم و ماوەی (4) ساڵە حەپ و دەرمان دەخۆم، بەڵام هەر وەك خۆمم و هیچ باش نابم، داواكارم لە بەڕێزتان رێگەچارەیەكم بۆ بدۆزنەوە، من چی بكەم و چۆن لەم نەخۆشییەم رزگارم دەبێت؟، كاتێك كەسێكی شێت لە سەر جادە دەبینم ئەوەندەی تر دەتۆقم، دەڵێم منیش وەك ئەوم لێدێت و شێت دەبم.                                                                                                                  
خوشكی بەڕێزم! ئەو حاڵەتەی تۆ جۆرێكە لە وەسواسی، كە تێكەڵەیەكە لە كۆمەڵێك هەڵچوونی وەك ترس و دڵەڕاوكێ‌ و گومان، کە لە خەیاڵی خۆتەوە سەرچاوە دەگرن و لە ژیانی راستەقینەدا بوونیان نییە، با ئێستا یەك لە دوای یەك باسی ئەو وەسواسی و ترس و دڵەڕاوكێیانەی تۆ بكەین و لێكدانەوەی زانستی بۆ بكەین.

1
ترس لە مردن، خوشكی بەڕێزم! مردن هەقە و شتێكە دەبێت هەموو كەس بیچێژێت و پیایدا تێبپەڕێت، واتە هیچ كەس نییە لە سەر ئەم گۆی زەوییە نەمرێت، كەواتە بیركردنەوە و ترس لێی نابێتە هۆی نەمانی، لەلایەكی تریشەوە، مرۆڤ هەتا رۆژی تەواو نەبێت، لەناو ئاگریشدا بێت هیچی لێ نایەت، ئەگەر رۆژیشی تەواو بوو، لەناو شووشەشدا بێت و هەموو مرۆڤەكان پاسەوانی بن، سوودی نییە و هەر دەبێت ماڵئاوایی بكات، هەروەها مردن دیاردەیەكی شاراوە و نادیارە و كەس نازانێت كەی دەمرێت و لە كوێ‌ دەمرێت، تەنانەت پێغەمبەرەكانیش (درودی خودایان لەسەر بێت) نەیان زانیوە كەی دەمرن، ئیتر تۆ چۆن دەزانیت دەمریت، واتە هیچ كەس نازانێت كەی دەمرێت، ئەی تۆ چۆن دەزانیت؟ بەڵگەش بۆ ئەوەی ئەو بیروبۆچوونەت هەڵەیە و لە دروستكردنی خەیاڵی خۆتە ئەوەیە، كە ماوەی چوار ساڵە ئەو جۆرە بیركردنەوە و ترسەت هەیە، بەڵام هیچیشت لێ نەهاتووە و هەر لە ژیاندا ماویت، كەواتە دەبێت لەگەڵ خۆت قسە بكەیت و دژی ئەو بیر و بۆچوونە هەڵەیەت بوەستیتەوە و رەتی بكەیتەوە، لەبەرئەوەی هیچ بنەمایەكی ئاینی یان زانستی نییە.

2
ترس لە نەخۆشكەوتن، خاتوونەكەم، هەموو كەس نەخۆش دەكەوێت و چاكیش دەبێتەوە، واتە شتێكی ئاساییە مرۆڤ نەخۆش بكەوێت، كەس نییە ئەگەر بۆ جارێكیش بێت نەخۆش نەكەوێت، بەڵام نەخۆشكەوتن هۆكاری خۆی هەیە، ئەوەندە لەسەر تۆیە لەو هۆكارانە دوور بكەوەرەوە كە مرۆڤ نەخۆش دەخەن، ئیتر بۆ نەخۆش دەكەویت، ئەگەر نەخۆشیش كەوتیت چارەسەر وەردەگریت و چاك دەبیتەوە، ئیتر بۆ ئەوەندە گەورەت كردووە؟.

 

دڵنیابە من ئەگەر ئێستا خاڵە بەهێزەكانی ژیانت هەژمار بكەم دەیان و سەدان خاڵی بەهێزت هەیە، بەڵام بەداخەوە تۆ نایانبینیت، بەڵام تەنها بیر و هۆشت لای ئەو چەند خاڵە لاوازە هەیە كە هەتە، بۆیە داواكارم جۆری بیركردنەوەت بگۆڕە و خاڵە بەهێزەكانی ژیانت ببینە


3
ترس لە داهاتوو، خاتوون گیان ئێمە هەموو جارێك دەڵێین داهاتوو نادیارە و هێشتا نەهاتووە، ئیتر بۆچی لە شتێك دەترسیت كە هێشتا بوونی نییە، لەلایەكی تریشەوە تۆ خاوەنی زانستی شاراوە و نادیار (علم الغیب) نیت، تەنها خودای گەورە خاوەنی ئەو زانست و توانایەیە، ئیتر چۆن دەزانیت كە ئەو شتە روو دەدات، خووشكە بەڕێزەكەم، نازانم زانیاریت دەربارەی یاسای (99) نەوەت و نۆ هەیە یان نا؟ دەگێڕنەوە پاشایەك پرسیار لە وەزیرەكانی دەكات، ئەوە بۆچی من بەو هەموو دەسەڵات و توانای داراییەوە بەردەوام غەمبار و بێزارم، بەڵام خزمەتكارەكەمان، كە خاوەنی هیچ لە ئەوانە نییە كە من هەمە، كەچی بەردەوام دەم و لێو بە خەندەیە؟ وەزیرەكانیش دەڵێن: گەورەمان ئەوە پەیوەندیی بە یاسای (99)ەوە هەیە، پاشاش دەڵێت ئەو یاسایە چییە؟ یەكێك لە وەزیرەكان پێی دەڵێ‌ گەورەم با نامەیەكی بۆ بنووسین، كە (100) لیرەی بۆ نێردراوە و لەگەڵ (99) لیرە بیخەینە ناو تورەكەیەكەوە و چەند پاسەوانێكی بەڕێزتان بیبەن بۆی و بیخەنە بەردەرگاكەی و لە دەرگا بدەن، بەڵام خۆیانی پیشان نەدەن و لە نزیكەوە چاودێری خزمەتكارەكە بكەن.
 پاشاش ئەوە دەكات و دوای ماوەیەك پاسەوانەكان دەگەڕێنەوە و پاشا لێیان دەپرسێ‌ چیتان بینی، پاسەوانەكانیش دەڵێن پاشای گەورەمان، دوای ئەوەی لە دەرگامان دا و خۆمان شاردەوە، خزمەتكارەكە هاتە دەرەوە و كیسە لیرەكەی هەڵگرت و چووە ژوورەوە، دوای ماوەیەكی كەم لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی هاتە دەرەوە و چرایەكیان پێبوو، گوێمان لێ بوو بە هاوسەر و منداڵەكانی دەوت جوان بگەڕێن با لیرەكە بدۆزینەوە، من دڵنیام ئەوەی لیرەكانی هێناوە لە رێگا لێی كەوتووە، هەر دەبێت بیدۆزینەوە، ئەملا ئەو لا چەندجار ئەمسەر و ئەوسەری رێگاكەیان كرد، هاوسەر و منداڵەكانی پێیان دەوت بەخوا زۆر ماندوو بووین، بۆمان نادۆزرێتەوە، با بڕۆینەوە و بخەوین بەیانی دووبارە دێینەوە، بەڵام خزمەتكارەكەمان لێیان تووڕە دەبوو، هاواری دەكرد، ئەوە ئێوە باسی چی دەكەن، ئەگەر بڕۆینەوە یەكێكی تر دەیدۆزێتەوە، ئەو لیرەمان لەدەست دەچێت، ئێوە دەزانن لیرەیەك چەند زۆرە، دوای ماوەیەكی زۆرگەڕان و دەنگە دەنگ بە ناچاری چوونە ژوورەوە، بەڵام خزمەتكارەكە زۆر بێزار و ناڕەحەت بوو، لەبەرخۆیەوە دەیوت، دەبێت كەمێك بخەوین و زوو بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی ئەو لیرەیە بدۆزینەوە نەوەك لە دەستمان بچێت و كەسێكی تر بیدۆزێتەوە.
 بۆ بەیانی خزمەتكارەكە درەنگ هات بۆ كۆشكی پاشا و دوای هاتنی هیلاكی و كەم خەوی و بێزاری پێوە دیاربوو، هەر لەبەر خۆیەوە قسەی دەكرد، پاشاش بانگی كرد و وتی بۆ ئەمڕۆ درەنگ هاتی، بۆ ئەمڕۆ وەك رۆژانی تر دڵخۆش و دەم بەخەندە نیت، چی روویداوە؟ خزمەتكارەكە وتی گەورەم تۆ خۆش بیت هیچ رووینەداوە، بەڵام پاشا هەر لەسەر پرسیارەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت نابێت تۆ كەسەكەی دوێنی نیت، دەبێت راستییەكانم پێ‌ بڵێیت، خزمەتكارەكەش بەسەرهاتەكەی وەك خۆی بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: وەڵا خەم و خەفەتی ئەو لیرەی كە ونبووە و بۆمان نەدۆزرایەوە، ماندوو و بێ تاقەتی کردووم.
دوای ئەوە پاشا لەگەڵ وەزیرەكان كۆ دەبێتەوە و پێیان دەڵێت: (ئەوە بەسەرهاتەكەمان زانی، ئێستا بۆم روون بكەنەوە، بۆ ئەم خزمەتكارەمان تووشی ئەو حاڵەتە بوو). یەكێك لە وەزیرە زیرەكەكانی وتی گەورەم هۆكارەكەی ئەوە بوو، ئەم خزمەتكارەمان (99) لیرەی هەبوو، بەڵام هیچ بیری لای ئەو (99) لیرەی نەبوو كە هەیبوو، تەنها بیر و هۆشی لای ئەو تەنها لیرەیە بوو كە دیار نەبوو، هەموو ئەوانەی كە خەم و خەفەت سەر و دڵی گرتوون و بەردەوام غەمبار و بێزارن، بەردەوام چاو و دڵ و دەروونیان لای ئەو شتانەیە كە خەڵكی هەیانە، بەڵام ئەو شتانە نابینن كە خۆیان هەیانە، ئەم خزمەتكارەش بیر و هۆشی لای ئەو (99) لیرە نییە كە خاوەنییەتی و دڵی خۆش نییە، بەڵام تەنها بیر و هۆشی لای ئەو تەنها لیرەیە كە دیار نییە یان ئەو خاوەنی نییە.
 خوشكە بەڕێزەكەم، زاناكانیش بەردەوام دەڵێن مرۆڤ ئەوەی لێی دەترسێت لە سەدا (99)ی روونادەن و نایانە دی، لەوانەیە تەنها یەكێكی رووبدات، تۆش ئەو ترسەت لەداهاتوو بێ‌ بنەمایە و دڵنیابە زۆربەیان هەر روونادەن، تۆش مەبە بەو كابرایە و (99) لیرەكەی لە بیر نایە و پێی دڵخۆش نییە و تەنها بیری لای یەك لیرەكەیە، دڵنیابە من ئەگەر ئێستا خاڵە بەهێزەكانی ژیانت هەژمار بكەم دەیان و سەدان خاڵی بەهێزت هەیە، بەڵام بەداخەوە تۆ نایانبینیت، بەڵام تەنها بیر و هۆشت لای ئەو چەند خاڵە لاوازە هەیە كە هەتە، بۆیە داواكارم جۆری بیركردنەوەت بگۆڕە و خاڵە بەهێزەكانی ژیانت ببینە و لەو خەیاڵ و وەهم و بیروباوەڕە نالۆژییەکانە دوور بكەوەرەوە.

 

وتارەکانی نوسەر