گرفت و رێگەچارە

هەندێكجار دایك و باوك هەڵە دەکەن

12:01 - 2025-02-03
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
50 خوێندراوەتەوە

20

کاک دکتۆر من (س. و) كوڕێكم تەمەنم (17) ساڵە و زۆر شەرمن و گۆشەگیرم، حەز بە تێكەڵاوی كەس ناكەم، ناتوانم لەناو پۆل قسە بكەم، زۆرجار مامۆستا و هاوڕێكانم پێم پێدەكەنن و گاڵتەم پێدەكەن، كاتێك بە رێگادا دەڕۆم، دەڵێم هەموو خەڵكی سەیری من دەكەن و ئێستا گاڵتەم پێدەكەن، حەز دەكەم هەر بە تەنیا بم، ئیتر نازانم هۆكارەكەی چییە و من تووشی چی بووم، چیبكەم بۆ ئەوەی چاك ببمەوە، زۆر حەز دەكەم وەك هاوڕێكانم بم، بەڵام ناتوانم.  بەردەوام هەست دەكەم لە كەسانی تر كەمترم، هەست دەكەم ناشیرینم، هەرچەندە دایك و باوكم و خزمەكانم پێم دەڵێن هیچ عەیبت نییە و كوڕێكی جوانی، بەڵام من هەر بڕوا بە قسەكانیان ناكەم، من هەست دەكەم هۆكارەكەی دایك و باوكم بوون لەبەرئەوەی هەر لە منداڵییەوە نەیان هێشتووە تێكەڵ بە كەسانی تر ببم و زۆر رێگریان لێكردووم لەگەڵ هاوڕێكانم بچمە دەرەوە و پێیان دەوتم شەڕت لەگەڵ دەكەن و فێری جگەرە و نێرگەلەت دەكەن، بەڵام ئێستا فێری جگەرەكێشان و نێرگەلەش بووم بە بێ‌ ئەوەی تێكەڵیان ببم، هەست دەكەم وەك تۆڵەكردنەوە لە دایك و باوكم پەنام بۆ ئەو جگەرە و نێرگەلەكێشانە برد، هەست دەكەم دایك و باوكم خۆش ناوێت، ئیتر نازانم چیبكەم؟.

   مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و دوور لە كۆمەڵ ناژی، واتە دەبێت دایك و باوك رێگا بە منداڵەكانیان بدەن تێكەڵ بە منداڵانی تر ببن و ئەگەر تووشی هەڵەش بوون ئەوا رێنماییان بكەن و هەڵەكانیان بۆ راست بكەنەوە

 كاك (س. و)، حەز دەكەم هەندێك راستی هەیە بۆتی باس بكەم بۆ ئەوەی بیزانیت و وەك دایك و باوكت نەكەویتە هەڵەوە، بڕوات هەبێت لەوانەیە خوشك و برا حەز نەكەن خوشك و براكانیان لەوان باشتر بن، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەموو دایك و باوكێك حەز دەكات منداڵەكانیان لە خۆیان باشتر بن، واتە هیچ كاتێك خراپی منداڵەكانیان ناوێت، بەڵام هەندێك جار لە ئەنجامی بۆچوونی نادروست و نەزانییەوە دەكەونە هەڵەوە، بۆ نموونە هەندێك دایك و باوك منداڵەكانیان زۆر خۆش دەوێت و لە ئەنجامی ئەو خۆشەویستییە زۆرەوە نازی زۆریان دەدەنێ‌ و لەناو خۆشەویستیدا نقوومیان دەكەن، بە بۆچوونی ئەوان ئەو پێدانی خۆشەویستییە زۆرە لە بەرژەوەندیی منداڵەكانیانە و لەهەمان كاتیشدا دڵیان نایە ئیش و كاریان پێبكەن و زۆربەی كارەكانیان بۆ جێبەجێ‌ دەكەن، لەكاتێكدا لە لایەنی زانستی و پەروەردەییەوە ئەو جۆرە پەروەردەكردنە هەڵەیە و بە زیانی ئەو جۆرە منداڵانە تەواو دەبێت، بەڵام دایك و باوك ئەو زانیارییانەیان نەبووە بۆیە بە ئەو شێوە منداڵەكانیان پەروەردە كردووە .

نەیانزانیوە ئەوەی دەیكەن هەڵەیە
یان هەندێك دایك و باوك توندوتیژن لەگەڵ منداڵەكانیان بە بۆچوونی خۆیان ئەو توندوتیژییە باشە بۆ منداڵەكانیان و كەسێتیان بەهێز دەكەن، بەڵام نازانن لە داهاتوو دەبن بە كەسانی شەڕخواز و رقیان لە هەموو كەس دەبێت و بەچاوی كەم سەیری خۆیان دەكەن، دڵنیابە ئەگەر دایك و باوك زانیاریان لەسەر خراپی ئەو دوو جۆر پەروەردەكردنە هەبوایە بەو شێوە منداڵەكانیان پەروەردە نەدەكرد، هەمان شتیش راستە بۆ دایك و باوكی تۆ، ئەوان بە بۆچوونی خۆیان كارێكی باشیان كردووە كە نەیانهێشتووە تێكەڵ بە منداڵانی تر ببیت، مەبەستیان پاراستنی تۆ بووە، بۆ ئەوەی كەسانی تر زیانت پێ‌ نەگەیەنن و فێری رەفتاری خراپ نەبیت و لە نزیك ئەوانەوە بیت، واتە مەبەستی خراپیان نەبووە و بۆ بەرژەوەندیی تۆ ئەوەیان كردووە، بەڵام بەداخەوە بۆچوونەكەیان هەڵە بووە و دەرئەنجام كەسێتی تۆ بەو شێوەی ئێستا دەرچووە، راستە هەڵەی دایك و باوكتە، بەڵام دڵنیابە ئەوان نەیانزانیوە ئەوەی دەیكەن هەڵەیە، كەواتە نابێت تۆش بەو شێوەیە بیر بكەیتەوە و رقت لە دایك و باوكت بێت، لەبەرئەوەی ئەوان رقیان لە تۆ نەبووە، بەڵكو ئەوەی كردوویانە لە خۆشەویستی تۆوە بووە، واتە ئەو بۆچوونەی تۆ هەڵەیە و هەڵە بە هەڵە راست ناكرێتەوە.
لێرەوە كێشەكان سەر هەڵدەدەن
قوربان مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و دوور لە كۆمەڵ ناژی، واتە دەبێت دایك و باوك رێگا بە منداڵەكانیان بدەن تێكەڵ بە منداڵانی تر ببن و ئەگەر تووشی هەڵەش بوون ئەوا رێنماییان بكەن و هەڵەكانیان بۆ راست بكەنەوە، چونكە دایك و باوك دەتوانن بۆ ماوەی شەش ساڵ رێگری لە منداڵەكانیان بكەن و نەیاننێرنە دایەنگا و باخچەی منداڵان، لەبەرئەوەی بە زۆر خوێندن نایانگرێتەوە، بەڵام دواجار هەر دەبێت لە شەش ساڵی منداڵەكانیان بنێرنە قوتابخانە، ئەی ئەو كات چی دەكەن و چۆن دەتوانن رێگری لە منداڵەكانیان بكەن و نەهێڵن تێكەڵ بە منداڵانی تر ببن؟، ئا لێرەوە كێشەكان سەر هەڵدەدن، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە منداڵانەی كە وەك تۆ وان تووشی ترس و دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتی دەبن و ترسیان لەخەڵك دەبێت. لەبەرئەوەی لە منداڵیدا تێكەڵی منداڵانی تر نەبوون و شارەزایی و لێزانی پێویستیان دەربارەی رەفتار و هەڵسوكەوتی كەسانی تر نییە و ئەوان زۆر شت لە كەسانی تر و منداڵانی هاوڕێیانەوە فێربوون، بەڵام ئەمان فێرنەبوون بۆیە وەك تۆ تووشی ترس و شەرم و دڵەڕاوكێ‌ دەبن و وا دەزانن كەسانی تر زوڵمیان لێدەكەن یان لێیان دەدەن و مافەكانیان پێشێل دەكەن، هەر ئەمەشە وای لە تۆ كردووە كە لەناو پۆل وەك هاوڕێكانت بەشداریی نەكەیت و هەست بەكەمی بكەیت لەكاتێكدا تۆ هیچت لە كەسانی تر كەمتر نییە و وەك ئەوان بەتوانایت، بەڵام ئەو هەست و بڕوا بەخۆبوونە لەناخی تۆدا نییە، بۆیە رێنمایی من بۆ تۆ ئەمانەی خوارەوەن هیوادارم جێبەجێیان بكەیت:

1
لە بەیانی زووتر نییە، پێویستە هەوڵبدەی تێكەڵ بە كەسانی تر ببیت و بڕوات بە خۆت هەبێت، تۆ هیچت لە كەسانی تر كەمتر نییە، چونكە تۆ دوای دەرچوون لە خوێندن بۆ كاركردن هەر دەبێت تێكەڵ بە كەسانی تر ببیت، لەلایەكی تریشەوە تۆ لە داهاتوودا هەر دەبێت ژن بهێنیت و ئەوكات چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوسەر و خەسوو و خەزوور و...هتدت دەكەیت، كەواتە تۆ دەبێت گۆڕانكاریی لەبیركردنەوە و رەفتارتدا بكەیت.


ئاگادار بە نابێ ببیت بە كۆیلەی رابردووت، مرۆڤ توانای خۆگونجاندن و گۆڕانكاریی هەیە، دەتوانێت لە بیركردنەوەی هەڵە و رفتاری هەڵە رزگاری ببێت.

3
ئەوە بزانە جوانی و ناشیرینی رێژەییە و هیچ پەیوەندیی بە جەستە و لەش و لارەوە نییە، زیاتر جوانی پەیوەندیی بە رەفتار و هەڵسوكەوتەوە هەیە، تەنانەت خودای گەورەش لێپرسینەوە لەسەر رەفتار و هەڵسوكەوتەكانمان دەكات، نەك جوانی و جەستە و لەش و لارمان.

4
هەروەها پێویستە واز لە جگەرە و نێرگەلەكێشان بهێنیت، تۆ لەوەدا زۆر هەڵەی بۆ سزادانی دایك و باوكت پەنا بۆ جگەرە و نێرگەلەكێشان ببەیت، چۆن دەبێت ئەو هەموو ژەهرە بكەیتە ناو جەستەت، لە كاتێكدا دایك و باوك بە حسابی خۆیان بۆ بەرژەوەندیی تۆ بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ كردوویت، نەك بۆ سزادان و ئازاردانی تۆ، چونكە ئەوان هیچ نییەتێكی خراپیان بەرانبەر تۆ نەبووە و نابێت، لەبەرئەوە واز لەو بیركردنەوە هەڵە و نادروستانەت بهێنە، لەلایەكی تریشەوە هیچ گوێ‌ بە قسە و قسەڵۆكی كەسانی تر مەدە، لەبەرئەوەی كەس ناتوانێت هەموو خەڵكی رازی بكات، هەركەس دەچێتە قەبری خۆیەوە و كەس باجی هەڵەی كەسانی تر نادات، ئەوەش بزانە هەموو كەس بەشی خۆی كێشەی هەیە، كە پێوەی سەرقاڵ بێت و ئەگەر كەسانێكی دەروون نەخۆشیش هەبن گاڵتە بە تۆ بكەن، ئەوا لە جیاتی ئەوەی خەفەتیان لێبخۆیت، ئەوا پشتگوێیان بخە و هیچ گرنگی بە قسەكانیان مەدە، دەبێت تۆ زۆر لەوە گەورەتر بیت كە بە قسە و قسەڵۆكی كەسانی تر هەرەس بهێنیت.

وتارەکانی نوسەر