-40
هەموومان ئەو هەواڵە جەرگ بڕەی کوشتنی کوڕە گەنجەکەی کەلار رایچڵەکاندین. ئەم گەنجە برای تاقانەی حەوت خوشک بوو، باوک و دایکی کۆستکەوتوو گەلێک هیوای رەنگاوڕەنگیان لەسەر هەڵچنی بوو، هەر زوو بە مێرمنداڵی ژنیان بۆ مارەبڕی بوو، کەچی دوو برادەری خۆی بە تەماحی دزینی ئۆتۆمبێلەکەی دەستیان چووە خوێنی.
رووداوی دڵتەزێنی لەم چەشنە بەردەوام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چەندبارە دەبێتەوە و بێجگە لە کەسوکاری کۆستکەوتوو لای خەڵک هەڵڵا و هەڵچوونێکی کورتخایەن بەرپا دەکات و پاش ماوەیەکی کەم بیردەچێتەوە یان رووداوێکی لەمە تاڵتر ئەمیان بیردەباتەوە و دواتر ئەمیش بیر دەچێتەوە و کەس لە ئاستیاندا مێشێک میوانی نابێت و هەموومان لەم بازنە بەتاڵەدا دەخولێینەوە، وەک بڵێی تەواو لە گەڵیدا راهاتووین و خۆشە بووین، دەزگای پەیوەندیدار و جۆراوجۆریش لە ئاستیدا بێباک و کەمتەرخەمە.
ئەم کارەساتانە لە حاڵەتی تاکوتەرا دەرچوون و بوون بە دیاردە و پریشکی کاریگەرییەکەی، لە پاڵ دەرد و زووخاوەکانی دیکەدا، بەردەوام رۆحمان هەلاهەلا دەکات و لە ئاستیدا بووین بە بوونەوەرێکی بێ هەست و هۆش و زمانحاڵمان ئەوەیە کە لە ئاگایی و نەستیشماندا نزا دەکەین (خوایە لە بەڵا لاماندەی)، لە باشترین حاڵەتدا کەوتووینەتە باری ترس و لەرز و سڵۆکییەوە و بە لۆجیکی (ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە) رەفتار دەکەین، چاوەڕوانیشین ئەمڕۆ نا سبەی بەرۆکمان بگرێت.
بیرمە جاران ئەگەر بە دەگمەن روویبدایە کەسێک لە شوێنێکدا بکوژرایە تا چەندین ساڵ کەس پڕکێشی نە دەکرد بچێتە ئەو شوێنە و زۆر سامی گران بوو، دەیانوت رۆحیانەتەکەی ئەوشوێنە بەجێناهێڵێت. کەسی تاوانباریش ئەگەر دادگا سزای ئیعدامی بۆ دەرنەکردایە ئەوە لای کەمەکەی 20 ساڵ بەندکردنی بۆ دەبڕییەوە و دوای ئەوەش خەڵک هەر بە چاوی سووک و تاوانبارەوە لێیان دەڕوانی. ئێستاش لەم وڵاتەی ئێمەدا گەلێک گرد و چەم و دۆڵ هەن ئەگەر لە چەندین ساڵدا بە رێکەوت کەسێکی تێدا بکوژرایە ئەو شوێنە وەک دەلالەتی جوگرافی ناوی کەسە کوژراوەکەی لێدەنرا، یان دەچووە مێژووی زارەکیمانەوە و دەگوترا ئەو ساڵەی کە فڵان کەسی تێدا کوژرا.
کەچی ئێستا کەسی قوربانی هێشتا کفنەکەی زەرد نەکردووە هەوڵی سوڵحی عەشایەریی بۆ دەدرێت، هەر ئەم حاڵ و بارەی ئێستایە زۆربەمانی تووشی نەخۆشی دەروونیی کردووە، بڕۆ تەماشای کلینیکی پزیشکانی دەروونی بکە هەر بەرناکەوێت، خۆ چوونەلای جادووگەر و کەسانی مەلا عەلی کەڵەک ئاسا هەر مەپرسە، دەگەیتە قەناعەتی ئەوەی سەرپاکمان جنۆکە چووەتە ناو رۆح و جەستەیەوە، هەرچی دوعا و نوشتە و میزی حوشتری دنیا هەیە فریای داڕووخانی ناخمان ناکەوێت.
بێگومان ئەم دیاردەی کوشتن و توندوتیژییەی تووشمان بووە هۆکارەکانی ئەوەیە، ئێمە کۆمەڵگەی دوای زنجیرەیەکی نەبڕاوەی جەنگی دەرەکی و ناوەکی و دووبەرەکین و تا سەر ئێسقان ناخمانی هاڕیوە، بێگومان لە دنیادا هەموو کۆمەڵگەکانی دوای جەنگ تووشی ئەم دەردە بوون، بەڵام ئەوان بە هۆکاری زانستیی و پەروەردەی دروست چارەسەریان کردووە و پەنایان نەبردووەتە بەر سوڵح و دەرکردنی جنۆکە و میزی حوشتر، ئەمەیە جیاوازیی