گۆڕینی دەسەڵات و سیستمی حکومڕانی

10:16 - 2025-01-26
عومەر قادر وسو
51 خوێندراوەتەوە

ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان تێپەڕاند و تا ئێستاش هیچ سەرەتایەک بۆ پێکهێنانی حکومەت نییە و  هەڵبژاردنێکی دیکەش لەبەردەممانە کە دوای چەند مانگێکی تر دەبێ بکرێت. 
لەبەرئەوە پێویستە پێداچوونەوەیەکی وورد و زانستیانە بۆ سەرجەم کەموکووڕی و هەڵەکانی هەڵبژاردنی پێشوو بکەین، بۆ ئەوەی جارێکی تر دووبارە نەبنەوە و ئەوەی پێویست بوو کە پێشتر نەکراوە بخرێتە بەرنامەی کاری داهاتووەوە. 
پرۆسەی هەڵبژاردن یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سیستمی دیموکراسی، بەڵام هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی تەندروست و بێ دەستێوەردان و کەموکووڕی و بەپێی پێوەرە بڕیار لێدراوەکان کە دەوڵەتان لەسەری رێککەوتوون بەڕێوەناچێت. 
بۆیە پێویستە ژینگەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە دەستەبەر بکرێت، دوور لە دەستێوەردان و تۆقاندن و (تۆڵە سەندنەوە لە دەنگدەر)، چونکە هاووڵاتی مافی بەشداریی سیاسی خۆی هەیە، تاڕادەی هاندانی بەشداریی گشتی و هێنانە ئارای متمانەی گشتی بە هەڵبژاردن. 
ناکرێت سەرکەوتنی هەڵبژاردن تەنها لە بەدەستهێنانی دەنگەکاندا کورت بکەینەوە وەکو ئەوەی لایەنێک، بێباک بەرامبەر بە گەلەکەی لاف و گەزافی سەرکەوتن لێدەدات. 
ئەوەی بینیمان لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تا دەرکەوتنی دەرەنجامەکان هیچ بارگرژیەک رووینەدا، پرۆسەکە لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا بەڕێوەچوو، دیارە سەروەریی و سەرکەوتنی هەڵبژاردن بەم شێوەیە بۆ هەموو لایەکمان دەگەڕێتەوە، دەتوانین شانازی بکەین کە مێژوویەکی جوان و سیمایەکی جوانی شارستانیمان تۆمارکرد. 
هەوڵەکانی ی.ن.ک، بۆ گۆڕینی  جۆری بەکارهێنانی دەسەڵات و سیستمی حوکمڕانی، بەردەوام بووە، یەکێتی کە دامەزرا بەڵێنی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوە تا بەدیهێنانی کوردستانێکی دیموکرات و خاوەن ئازادییە دیموکراتییەکان، لە چوارچێوەی عیراقێکی دیموکراتدا کە مافە دەستوورییەکان وەکو خۆی بسەلمێنێ تێدەکۆشێت، ناوچەگەرێتی بۆ پێشکەشکردنی دەسکەوت و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەیەکی چوارچێوە بۆ کێشراو، رەتدەکاتەوە و لایەنگری پرۆژە خزمەت گوزارییەکانە کە بە گشتگیری و لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم بە یەکسانی وەک یەک جێبەجێبکرێت و ناوچەگەرێتی لە گۆڕ دەنێ، بەمەش رێگە راستەکە دەگرێتە بەر بۆ راستکردنەوەی سیستمی حکومڕانی لە هەرێم.
هاووڵاتیان مافی خۆیانە دوای هەڵبژاردن داوای دەرەنجامی دەنگەکانیان بکەن، لەکاتێکدا هەست دەکەن بەهۆی عەقڵیەتی تاکڕەوی خۆسەپێن کە جیاکاری دەکات لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و رۆژ لە دوای رۆژ دەبینن گرفتەکانی لە زیادبووندایە، داخوازییەکانیان پشتگوێ دەخرێت، قەیران و گرفتە ئابوورییەکان و رووتاندنەوەی خەڵک لە هەڵکشاندایە و هیچ سیستمێک و رێ و شوێنێکی زانستییانە بەدی ناکات بۆ چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان. 
وەک چۆن دەبینین هەرێمەکەمان تادێت لە پاشەکشەدایە لەڕووی پەروەردە، تەندروستی، هاتووچۆ، ئاستی خزمەتگوزارییەکان، هەتا دەگات بە سیستمی دادوەری، شکۆی شکێنراوە، وێڕای ئەوە پڕ مەترسیترین شت ئەوەیە هاووڵاتی ئازادی رەها نەبینێت لە دەنگداندا و پڕۆسەی هەڵبژاردن بەکارتۆنی و شانۆگەری ببینێت، لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی لە رابردوودا نەیان توانیبێت بەرنامە و بەڵێنەکانی هەڵمەتی بانگەشەی پێشوو، جێبەجێ بکەن و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر وەرچەرخان و رەوشی سیاسی و قەیرانە هەمەجۆرەکان نەکردبێت، ئەوا بێ هیوایی لای هاووڵاتی دروستدەکات. هاووڵاتی چۆن بچێتە هەڵبژاردنی داهاتووەوە کە هەست بکات ئەوەی کردی بێ ئەنجام بووە و تائێستا هیچکام لە بەڵینەکان جێبەجێ نەکراون؟
لەبەرئەوە پێویستە جارێکی تر رێگە شیاو و دروستەکان بگیرێتەبەر بۆ بەشداریی پێکردنی هاووڵاتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە داهاتوودا.

وتارەکانی نوسەر