رووی دەممان دەکەینە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی کە هەوڵی دروست و کاریگەر بدات بۆ سەرخستنی داوا رەواکانی مانگرتووەکان
مامۆستایان ئەمجارە بۆ سەرخستنی داواکانیان کە خۆی لە داوای قووتی ژیان و مووچەکانیاندا دەبینێتەوە رێگەیەکی ژیرانە و کاریگەر و سەردەمیانە و هاوچەرخ و کورتخایەنیان هەڵبژاردووە، مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە تا سەلماندنی داواکانیان.
تووڕەیی و بێزاریی ئەمڕۆی خەڵک بەرامبەر حکومەتە کاربەڕێکەر، لەجێی خۆیدایە و داواکاریی مووچەکانیان داوای رەوا و دروستە، لە سەرووی هەموانەوە، مامۆستا کە خەمی گشت خەڵکی هەڵگرتووە، هەوڵ دەدەن ئەو رەوشە نالەبارەی کە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکیان پێوە سەرقاڵ و سەرگەردان کردووە، بەلانێن و راستیبکەنەوە، بەڵێنیان داوە گیانی خۆیان لەوپێناوە ببەخشن.
ئەرکی گشت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە، لایەنگریی مافە رەواکانی خەڵک و پەروەردەکارانی نیشتمانپەروەر بن، هەمووان خۆیان بە خاوەنی گرفتە ئابوورییەکانی هەرێم بزانن کە گشت لایەکمانی گرتۆتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەمیشە بایەخی بە داوا رەواکانیان داوە و پشتیوان و هاوکار بووە، هەرگیز نکوڵی لەوە نەکردووە، شانازیش دەکات خۆی لە بەرەی خەڵک و نادادیی کۆمەڵایەتی بینیوەتەوە، هەمیشە لایەنگری ئەوە بووە لە کات و ساتی خۆیدا مووچەخۆرانی هەرێم کە مووچەکانیان سەرچاوەی ژیانیانە بگاتە دەستیان، ئەمڕۆش ژمارەیەک لە مامۆستایانی لەخۆبوردوو، چوونەتە بەردەم بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان(UN) ، مانگرتنیان راگەیاندووە لەم وەرزی سارد و سەرمایەدا، بڕیاری خۆیان داوە تا بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان دەست هەڵناگرن لە مانگرتن.
پشتیوانیکردنی مانگرتووان، ئەرکی خەڵکانی جوامێر و لەخۆبووردوە، لە گشت شارەکانی هەرێم هەڵوێستی مەردانەیان هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک بتوانن حکومەتە کاربەڕێکەرەکە بهێننەوە هۆش کە چیتر یاری بە چارەنووس و ژیانی خەڵکەوە نەکات کە لە راستیدا ئەوەی ئێستا رەفتاری پێدەکات، لەگەڵ ژیانی سەردەمدا ناگونجێت و نادادیە بەرامبەر گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت، ساڵی 1991، لە سلێمانی کاتێک کۆمەڵێک گەنج مانگرتنیان راگەیاند، لە سەرەتای دەسپێکردنی مانگرتن تا دوا سات و رۆژەکانی، مامی رابەرمان، مام جەلال، لەگەڵ ئازار و مەینەتییەکانی مانگرتووان، بەشدار و لە پەیوەندیدا بوو بۆ گەیاندنی پەیام و داواکانیان بە جیهانی دەرەوە.
لێرەوە رووی دەممان دەکەینە هەڤاڵی سەرۆک، بافڵ تاڵەبانی و دڵنیاین هەمان رێچکە و هەڵوێستی جوامێرانەی لێ چاوەڕوان دەکرێت و پێویستە هەوڵی دروست و کاریگەر بدات بۆ سەرخستنی داوا رەواکانیان، داواکانیان سەرەتایی و رەواترین مافەکانی مرۆڤە.