ئەم یاسایە، نیشانەی گۆڕانێکی پارادایمییە لە تێگەیشتنی چەمکی دەسەڵات لە عیراقدا، لە جیاتی مۆدێلی کۆنی دەسەڵات، کە لەسەر بنەمای سڕینەوە و نکۆڵیکردن دامەزرابوو، مۆدێلێکی نوێ سەرهەڵدەدا کە تیایدا دانپێدانان بە مافەکان و دروستکردنی متمانە دەبنە بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان
بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، لە قووڵاییدا دەرخەری قەیرانێکی بنەڕەتی مێژووییە لە پێکهاتەی دەوڵەتی عیراقدا، کە بەبێ تێگەیشتن لەم حەقیقەتە مومکین نییە عیراق ببێتە ئەو عیراقەی سەرکردە عیراقییەکان بگۆی دەکەن، ئەم قەیرانە کە بە درێژایی دەیان ساڵە کەڵەکە بووە، پرسیاری سەرەکی لەسەر چەمکی هاووڵاتیبوون و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە دەوروژێنێت، دەوڵەتی پۆست- بەعس، بەم هەنگاوە دیارە لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی نوێیە بۆ پێناسەکردنەوەی خۆی، وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی کار بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەمێک ساڵە بە تێگەیشتنێکی قووڵ لەم دینامیکییەتە مێژووییە، رۆڵێکی کاریگەر لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکاندا دەبینێت، هەر بۆیە فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عیراق، لە رێگەی ئەم تێگەیە بۆ هاوکێشە سیاسییەکان، توانی پرسی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بکاتە دەروازەیەک بۆ دروستکردنی گوتارێکی نوێی نیشتمانی، ئەم گوتارە، کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و قبووڵکردنی جیاوازییەکان دامەزراوە و سەرۆک «مام جەلال» سەرچاوە و داڕێژەریەتی، نموونەیەکی پراکتیکییە لە توانای گۆڕینی دژبەرایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ هێزی بوونیادنەر.
لە روانگەیەکی قووڵترەوە، ئەم یاسایە، نیشانەی گۆڕانێکی پارادایمییە لە تێگەیشتنی چەمکی دەسەڵات لە عیراقدا، لە جیاتی مۆدێلی کۆنی دەسەڵات، کە لەسەر بنەمای سڕینەوە و نکۆڵیکردن دامەزرابوو، مۆدێلێکی نوێ سەرهەڵدەدا کە تیایدا دانپێدانان بە مافەکان و دروستکردنی متمانە دەبنە بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.
ستراتیژی یەکێتی لەم پرۆسەیەدا، نیشاندەری تێگە و توانای گۆڕینی «ناکۆکی» بۆ «دەرفەت»ە، لە رێگەی بەکارهێنانی میکانیزمە یاسایی و دەستوورییەکان، یەکێتی توانی پرسێکی هەستیار بگوازێتەوە لە بازنەی ململانێی سیاسییەوە بۆ بواری چارەسەری نیشتمانی، ئەم ستراتیژە کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی نیشتمانی قووڵ دامەزراوە، نموونەیەکی گرنگە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی دامەزراوە دیموکراتییەکان بۆ بە دیهێنانی گۆڕانی بنەڕەتی.
بەڵێ ئەم یاسایە، دەریدەخات کە چۆن دەکرێت «یادەوەریی کۆمەڵایەتی» بکرێتە هێزێکی پۆزەتیڤ بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر، لە جیاتی ئەوەی یادەوەریی ستەم و ناعەدالەتی ببێتە هۆی درێژەپێدانی تووندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە، دەکرێت بکرێتە هاندەرێک بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نوێ، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دامەزرابێت.
ئەم سەرکەوتنە مێژووییەی یەکێتی، دەریدەخات کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە قووڵەکان پێویستیان بە تێگەیشتنێکی ورد لە دینامیکیەتی هێز و توانای بەکارهێنانی دامەزراوە دیموکراتییەکان هەیە، ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە مێژووی عیراقدا، قۆناغێک کە تیایدا دادپەروەری و یەکسانی دەبنە بنەمای پێکەوەژیانی نیشتمانی و پێکهاتنی کۆمەڵایەتی.