ئایا یەکێتی ئەنجامی دەدات؟

گرنگیی گۆڕانکاری لە پۆستە کارگێڕییەکاندا

10:24 - 2025-01-27
خەڵات فەرەیدون
474 خوێندراوەتەوە

پرۆسەی گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکاندا، پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە، بۆیە پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک حزبێکی داهێنەر و نوێگەر و خاوەن ئەزموون، لە سنووری دەستەڵاتی خۆیدا بڕیاری گۆڕانکاری بدات

گۆڕانکاریی بەشێکی جیانەکراوەی پرۆسەی گەشەکردنە و وەک پردێکی پەڕینەوەیە بۆ داهێنان، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی خێرای گۆڕانکارییەکان لە جیهانی ئەمڕۆماندا، هەر بۆیە باشترە و پێویستە گۆڕانکارییەکان قبووڵ بکەین و بتوانین خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان،  بۆ ئەوەی بەرەو دۆخێکی خوازراوتر بچین.
 هەموو کات مرۆڤ هەوڵیداوە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان دروست بکات و نەرێنییەکان وەلا بنێ، یەکێک لەو گۆڕانکارییە گرنگ و پێویستانە گۆڕانکاریی پۆستە کارگێڕییەکانە لە دامەزراوە و فەرمانگە حکومییەکاندا.

سنووردارکردنی خولی بەڕێوەبردن
بەهەر هۆکارێک بێت کۆمەڵێک بەڕێوەبەر ساڵانێکی زۆر لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە، کەم تا زۆر هەندێکیان بەرەو لاوازی و خراپی لە ئەدا و کارکردن و بێ توانایی دەڕۆن، بۆیە دانانی مەرجی ماوەی ساڵ بۆ بەڕێوەبردن میکانیزمێکی زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی و رزگاربوون لە بەڕێوەبەرانی خراپ و نا کارامە و کێشەدار بەمەبەستی گەشەپێدانی دامەزراوە و فەرمانگە حکومییەکان و باشتربوونی ئەدایان.
ئەگەر بەڕێوەبەرێک لاواز بێت بۆچی دەبێت فەرمانگەکەی ساڵانێکی زۆر چاوەڕێی بکات؟
زەحمەتە بڵێین کە جار جارە تازەکردنەوەی پۆستە کارگێڕییەکان و ناساندنی بەڕێوەبەرانی نوێ، بیرۆکەیەکی باش نییە، چونکە هەموو دامەزراوەیەک بە بەردەوامی، پێویستی بە توانا و بیرۆکە و دیدگای نوێ هەیە، ئەو فەرمانگە و دامەزراوانەی کە تازەکردنەوەی کارگێڕییان نییە، زیاتر تووشی بیرکردنەوەی گروپی دەبن و چەقبەستوو دەبن، بۆیە ئەو بەڕێوەبەرانەی خزمەتیان زۆرە، زۆرجار بە شێوازی هەڵە خزمەت دەکەن، بۆ نموونە پێگەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان،  زۆر جار دەبێتە هۆی جیاوازیکردن لە نێوان کارمەنداندا لەلایەن بەڕێوەبەرەوە و ئەو کارمەندانەی ساڵانێکە هاوڕێ و دۆستی بەڕێوەبەرن، لەوانی تر لەپێشترن، ئەگەرچی لەوانەیە باشیش نەبن لە ئەدا و کاریاندا، زۆرجار کارمەندانی نوێ کە دڵسۆزتر و کارامەتریشن کەچی بەو هۆکارەی پێشوو پشتگوێ دەخرێن،  نموونەی تر زۆرە،  بەڵام  ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی هەر بەڕێوەبەرێک، توانای کارکردن و کارلێکردن و مامەڵەکردنێتی لەگەڵ فەرمانبەرەکانی و دابینکردنی کەشێکی هاوسەنگی و ئەرێنییە لە شوێنی کارەکەیدا. 

هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ تواناکان
ئەمە جگە لەوەی ماوە کورتخایەنەکان بۆ کاری بەڕێوەبردن، شوێن بۆ بەڕێوەبەرە جۆرا و جۆر و توانا جیاوازەکان خۆش دەکات، هەمیشە دامەزراوە و فەرمانگەکان پێویستیان بە شارەزاییەکی فراوانترە لەوەی پێشوتر هەیانبووە، هەروەها پێویستیان بە تێکەڵەیەکی دروستی لێهاتوییەکانە، چونکە گۆڕانکارییەکان بەردەوامن و زۆر بەخێرایی لە جیهانی ئەمڕۆماندا روودەدەن، هەر بۆیە بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەی کە ماوە درێژن زیاتر بە گومانەوە سەیر دەکرێن، ئەگەر بەڕێوەبەرێک بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەر بوو بێت، بە دڵنییاییەوە بەردەوامیی داگیرکردنی کورسی، کاریگەرێتییەکەی ناهێڵێت. 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەگەر بڕیار لە مانەوەی بەڕێوەبەرێک بدرێت لە پۆستەکەیدا، بژاردەی تر ئەوەیە کە ساڵانە لەلایەن کەسانی شارەزا و لێهاتوەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند کارامەییەکانی لەگەڵ ستراتیژییەکانی ئێستای دەزگاکەیدا دەگونجێت؟ هەروەها لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت لەکاتێکدا ئەگەر فەرمانگەکەی بەرەو دواوە رۆیشتبوو، دەشکرێت ساڵانە خولی کارگێڕییان بۆ بکرێتەوە لە لایەن حکومەتەوە.

ی.ن.ک، دەستپێشخەر بێت  
پرۆسەی گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیدارییەکاندا، پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە، بۆیە پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک حزبێکی داهێنەر و نوێگەر و خاوەن ئەزموون، لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا بڕیاری گۆڕانکاری بدات، ئەو بڕیارەش بۆ ئەم حزبە ئەستەم نییە، دەکرێت چاو بەو پۆستانەیا بخشێنێتەوە و تێڕوانینی کەسانی شارەزا و دڵسۆز، بەهەند وەربگرێت و خەڵکانی ئەکادیمی و پسپۆڕ و هاوکار بخاتە مەیدانەوە و بەشێکی زۆری  پۆستە ئیدارییەکان بە بیری نوێ و خەڵکانی شایستە پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت بەردەوامیی بە مانەوە و گەشەپێدان و کاریگەریی خۆی و ناوچەکانی سنووری دەستەڵاتی خۆی بدات. 
ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کەسانی بە ئەزموون و شارەزا پەراوێز بخرێن و سوود لە ساڵانی ئەزموون و لێهاتووییان وەرنەگیرێت، بەڵکو دەتوانرێت ئەرکی تریان پێ بسپێردرێت و سوود لە شارەزاییان بە شێوازێکی تر و لە پێگەیەکی تردا وەربگیرێت و تەنها لە پۆستێکی کارگێڕیدا نەمێننەوە تا کاتی خانەنشین بوونیان.
دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرین کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە پۆستە کارگێڕییەکاندا، میکانیزمێکی دیموکراسییانە و رەتکردنەوەی عەقڵییەتی مۆنۆپۆلکردنی پۆستە لەلایەن کەسێکەوە یان چەند کەسێکەوە، ھاوکات پێگەیاندن و گەشەپێدانی کادر و بەڕێوەبەری نوێ و ھاوبەشیکردن و گواستنەوەی ئەزموون، ببێتە ئەولەویاتی بەڕێوەبەرەکان لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە بەڕێوەبەرن.

* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

 بێسەروبەریی هەر فەرمانگەیەک لە ئەستۆی بەڕێوەبەرەکەیدایە

وتارەکانی نوسەر