بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئەمساڵی خوێندن

09:02 - 2025-06-05
خەڵات فەرەیدون
366 خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەران کاتێکی سەختیان بەڕێکرد بۆ رووبەڕوبونەوەی دۆخی ئەمساڵی خوێندن، بەهۆی ئەو دابڕان و کەلێنەی کە بایکۆت دروستیکرد لە قوتابخانەکاندا لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری

رۆڵی بەڕێوەبەر وەک سەرکردەیەکی پەروەردەیی پێشەنگ و بڕیاردەر لە قوتابخانەکەی خۆیدا، لە دۆخە سەختەکاندا دەردەکەوێت.  
پێوستە بتوانێت ئاڕاستە بکات و باشترین بڕیاری گونجاو بدات لە چارەسەرکردنی دژوارییەکان، چونکە ئاشکرایە کە سەرکردایەتیکردن پەیوەندیی بە ئەرک و ئاڕاستە و ئیلهامەوە هەیە. 
بەڕێوەبەران کاتێکی سەختیان بەڕێکرد بۆ رووبەڕوبونەوەی دۆخی ئەمساڵی خوێندن، بەهۆی ئەو دابڕان و کەلێنەی کە بایکۆت دروستیکرد لە قوتابخانەکاندا لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری. بەتایبەتی لەدوای کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و گەڕانەوەی مامۆستایان و خوێندکاران بۆ ناوەندەکانی خوێندن، رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و بەربەستی چاوەڕوان نەکراو بوونەوە .
سەختییەکە لە سەرکردایەتیکردنی جێبەجێکردنی ئەو هەموو گۆڕانکارییانەوە دەست پێدەکات کە ساڵانە بەپێی پلانی وەزارەتی پەروەردە زیاد دەبن وەک ئەرکێک لەسەر ناوەندەکانی خوێندن و بێگومان پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاش هۆکارێکی ترە. 
بەڕێوەبەر کەسی یەکەمە لەناو ژینگەی قوتابخانەدا بۆ ئەداکردنی سەرجەم گۆڕانکاری و پەیڕەوکردنی هەموو فەرمان و یاساکانی تایبەت بە بواری پەروەردە. 
هاوکات بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی کارەکانی رۆژانەی قوتابخانە و دانانی پلان و ئامانجی ستراتیجی. 
 سەرپەرشتیکردنی بە مۆدێرنکردنی پۆلەکانی خوێندن و بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان و چاودێریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران. 
بۆ دڵنیابوون لە پەیڕەوکردنی یاسا و رێنماییە پەروەردەییەکان ئەرکی بەڕێوەبەرە جگە لەوەی بەرپرسە لە دەرەنجامەکانی خوێندکاران و هەڵسەنگاندنی ئەدای مامۆستایان و ئەرکی تریش بێگومان بە هاوکاری یاریدەدەر و مامۆستایان. 
 هاوسەنگ کردنی سەرجەم ئەم ئەرکانە قورس بوو، بەتایبەتی لە ساڵێکی خوێندنی وەک ئەمساڵدا بەهۆی کەمبوونەوەی رۆژەکانی خوێندنەوە، چونکە زۆرینەی بەڕێوەبەرە لێهاتووەکان، لە سەرەتای ساڵی خوێندندا ئامانج و پلانی گەورە دادەنێن بۆ بەرەوپێشبردنی قوتابخانەکانیان، لەکاتی ئەم دۆخە نەخوازراوانەدا سەرجەم پلانەکان لەبەریەک هەڵدەوەشێنەوە و ئامانجەکان ناتوانرێت بپێکرێت.
سەرەڕای ئەمانەش، خوێندکاران لەدوای گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە، پێویستیان بە هاوکارییە بۆ فێربوونەوەی رێسا و رێکارەکانی قوتابخانە، هاوکات ئەو دابڕانە بۆشایی لە فێربووندا دروستدەکات کە ئەمەش ئەرکی دەستەی کارگێڕی و مامۆستایانە کار بۆ پڕکردنەوەی بکەن کە لە فێربووندا دروستدەبێت و هەوڵبدەن ژینگەیەکی فێربوونی سەلامەت و بەرهەمدار بۆ خوێندکاران دابینبکەن .
ئەمساڵیش بەڕێوەبەران بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕین رووبەڕووی چەندین قەیران بوونەوە کە ساکارترینیان دروستکردن و گۆڕینی چەندین خشتەی هەفتانەی وانەکان بوو. 
کاری بەڕێوەبەری قوتابخانە ساڵانێکە سترێسیی زۆری بۆ دروستبووە، هەرچەند بەشێکی زۆری مامۆستایان کاری بەڕێوەبەر بە ئاسان سەیردەکەن، بەڵام بایکۆتی بەردەوامی قوتابخانەکان، ئاستەنگەکانی خستەڕوو.
لەم دۆخە سەختانەدا بەڕێوەبەر بوون، وەک ئەوە وایە لە ناوەڕاستی پەتێکی راکێشاندا گیر بخۆیت کە سەرێکی پەتەکە دەستەی حوکمەت و سەرەکەی تری مامۆستایان و خوێندکارانن. 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و سەرەڕای سەختییەکان، بە خۆشحاڵییەوە بەڕێوەبەران رێگایان بۆ رووبەڕوبوونەوە دۆزیەوە و هاوکاری تەواوی مامۆستایان و خوێندکاران بوون تا گەڕاندنیاننەوە ناو کەشێکی ئاسایی و هانیاندان تا زیاتر پاڵنەریان بۆ فێرکردن و فێربوون هەبێت. 
بەڕێوەبەری کاریگەر دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەموو ئەندامانی قوتابخانە و دەستکەوتەکانی قوتابیان و بینای قوتابخانەکە و تەنانەت دایک و باوکی قوتابیانیش هەبێت بە دامەزراندنی کەلتورێکی ئەرێنی کە هەستی خێزانی لەنێوان مامۆستا و خوێندکار دروستدەکات. 
کاریگەریی بەڕێوەبەر لەسەرئەدای خوێندکاران هیچی لە کاریگەریی مامۆستا کەمتر نییە و بەشێوەیەکی ناوازە ئامادەن بۆ خۆراکدان بە کەشوهەوای فێربوون بە نەرمی و بەردەوام. 
 لەم ساڵیشدا بەشێک لە قوتابخانەکان بە هیممەتی بەڕێوەبەر و مامۆستایان، توانییان وەک ساڵێکی خوێندنی ئاسایی فریای چالاکی و وانە نموونەییەکان بکەون و بەشێکیش لە قوتابخانەکان لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەکییەوە هەڵسەنگێنران.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین بەڕێوەبەری قوتابخانە، سەرکردەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەییە، ئەگەر گوێ لە نیگەرانییەکانیان بگیرێت و هاوکارییان بکرێت، بێگومان قوتابخانەکانیان بەرەو ژینگەیەکی داهێنەرانەتر و کاریگەرتر دەبەن.
* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتارەکانی نوسەر