پرۆسەی فێربوونی بەردەوام لە پەروەردەی هاوچەرخدا

10:13 - 2025-06-16
خەڵات فەرەیدون
1032 خوێندراوەتەوە

فێربوون گەشتێکی بەردەوامە، ئەم سەردەمە کە بە گۆڕانکاریی خێرا لە زانین و زانیاری و تەکنەلۆژیا ناسراوە، مرۆڤ بەردەوام پێویستی زیاتری بە فێربون و خۆ نوێکردنەوە هەیە، تا لە بەدەستهێنانی زانیاری نوێ و پەرەپێدانی کارامەییەکان هاوکاری بێت.
ئاشکرایە کە سەردەمەکە هێندە بە خێرایی بەرەو پێش دەچێت و دەگۆڕێت، وا دەخوازێت کە تاکەکانیش بە خێرایی لەگەڵیدا هەنگاو بنێن و خۆیان بگونجێنن و گۆڕانکاری ئەرێنی لە ژیانیاندا دروست بکەن، بۆ پرشنگدارکردنی داهاتوویان و هەتا لە ڕەوڕەوەی پێشکەوتنەکان دانەبڕێن.
 ئەمەش پەیوەستە بە خۆهەڵسەنگاندنی بەردەوام کە خۆی دەبینێتەوە لەو هەوڵانەی پێویستە بۆ ئەو مەبەستە بکرێن.
خۆ نوێکردنەوە لە رێگەی فێربوونی بەردەوامەوە، پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی بەردەوامی زانیاری و لێهاتوویی و تواناکانی مرۆڤە، هەوڵێکی تەواوی ژیانە کە تێیدا زیاتر هەست بەسەربەخۆیی بکات، بژاردەی زیاتر دروست بکات، سەبارەت بەو شتانەی کە وەک جێی متمانە و قبوڵکراو لە کۆمەڵگادا دەیڵێت و دەیکات، هاوکات زانیاری ساڵانەی دوو هێندە زیاد دەکات.
ئاشکرایە کە فێربوونی بەردەوام تاکی رەخنەگر و داهێنەر بەرهەم دەهێنێت، پاڵنەری سەرەکیش بۆ ئەم مەبەستە خەونی کەسییە بۆ باشترکردنی ژیان و پیشە یان تاقیکردنەوەی خولیاکان. 
رێگە و بەدواداچوون بۆ گەیشتن بەم پرۆسەیە هەمەجۆرن، مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو ئامانجەی تێیدا زانیاری و تێگەیشتی بۆ فێربوون و بەرەوپێشچوون وەک بەشێک لە ئەرکەکانی رۆژانەی جێبەجێ بکات، وەک تەرخانکردنی کات بۆ خوێندنەوە یان بەدواداچوون و بەرکەوتن بە کەلتورە جیاوازەکان و فێربوون لە کەسانی بە ئەزموون جگە لەوەی تەکنەلۆژیاش هاوکارێکی زۆر باشە.
هاوکات بەردەوامبوونی فێربوونی مرۆڤ لە چوارچێوەی خولی راهێنانی رێگەپێدراو و سیستماتیکیدا، یان راهێنانی تایبەتمەند و چەندین ئامرازی تریش. 
بۆ ئەم مەبەستەش پشووی هاوینە دەرفەتێکی بەنرخ بۆ مامۆستایان و خوێندکاران دەڕەخسێنێت بۆ فێربونی کارامەیی نوێ و خۆپەروەردەکردن، رێگەخۆشکەرە بۆ پەرەپێدانی کەسی و کاتێکە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی فێربوون و گەشەکردنی خۆیان دەستەبەر بکەن.
سەڕەڕای هەبوونی چەندین گرفت و قەیرانی دارایی و بەربەست، خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستانیش دەرفەتی فێربوون و خۆ نوێکردنەوە تاڕاددەیەک بەردەست بووە و  بیانووەکان کەمترە کە بە دوایدا نەگەڕێین.
ئەگەر شاری سلێمانی وەک نموونە وەربگرین، لە رێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و چەسپاندنی خۆی لە کۆڕی ئەدەبی و رۆشنبیریدا، هەمیشە پێشڕەو و سەرتۆپی سەرجەم شارەکانی هەرێم بووە، زۆربەی رۆژەکانی هەفتە کۆڕی ناساندنی کتێب و چالاکی رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری لە چەند بنکەیەکی رۆشنبیری شاردا هەیە، هاوکات جگە لە خول و سیمینار و وۆرک شۆپی زانستی، وێبناری ئۆنلاین، کە زیندوویی و گەشەسەندوویی ئەم شارە نیشان دەدات، بۆ دانیشتوانەکەی دەرفەتێکی زۆر باشە. 
لەکۆتاییدا با هەنگاوەکانمان بازدان بێت بۆ باشترکردنی داهاتوومان و چەقبەستوو نەبین لەژیاندا، بیرمان بێت کە فێربوونی بەردەوام کلیلی سەرکەوتنمانە لە بواری کەسی و پیشەییماندا، دەکرێت بیکەین بە کەلتور بۆ گۆڕینی رەوتی ژیانمان.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتارەکانی نوسەر