رۆڵی مامۆستا وەرچەرخانێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینیووە لەوەی کە لە رۆژگاری پێشوودا هەبووە. ئێستا جگە لە رۆڵە سەرەکییەکەیان کە وانەوتنەوە و گەیاندنی کاریگەرانەی زانیاری ناو پڕۆگرامی پەسەندکراو بە خوێندکارانە، رۆڵیان پەروەردەکردن و کارکردنە لە بونیادنانی کەسایەتی خوێندکاراندا و دروستکردنی کاریگەریی ئەرێنی لەسەریان.
مامۆستایان کارلێکی بەردەوامیان لەگەڵ خوێندکاران هەیە، رۆژانە لە پۆلەکاندا رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران دەبنەوە، کە هەریەک لەم خوێندکارانە لەڕووی رەفتار و کەسایەتی و شێوازی فێربوونیان جیاوازن. هەر یەکێکیان لە پاشخانێکی کۆمەڵناسی جیاوازەوە هاتوون. بۆیە زۆر گرنگە مامۆستایان هەندێک تێگەیشتنیان لە زانستی کۆمەڵناسی هەبێت، چونکە بەرپرسیارن لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم جیاوازییەکان.
ئەم وتانە بەو مانایە نییە کە ئەگەر مامۆستایەک زانیاری نەبێت لە بواری کۆمەڵناسییدا سەرکەوتوو نییە لە پیشەکەیدا، بەڵام دەکرێت بڵێین، هەندێک تێگەیشتن لە زانستی کۆمەڵناسی هاوکارە بۆ ئەم مەبەستە و وادەکات کە مامۆستایان بتوانن بە باشترین شێوە پڕۆسەی فێربوون لە ژینگەی پۆلدا بگونجێنن. هاوکات بۆیان دەردەکەوێت بۆچی خوێندکاران رادەی تێگەیشتن و سەرکەوتنەکانیان وەک یەک نییە.
دەکرێت گرنگی و بایەخی کۆمەڵناسی بۆ مامۆستایان لە چوار خاڵدا پوخت بکەینەوە:
یەکەم: ئاشنابوون بە کۆمەڵناسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دیارییکردنی ئامانجە رەفتاری و کردەییەکانی ژینگەی ناو پۆل و قوتابخانە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی ناو پۆل. ئەو رێکارانەی کە پێویستن بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە کۆمەڵناسی مامەڵە لەگەڵ هەموو کێشەکانی ژیانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا دەکات.
دووەم: مامۆستا کە لە زانستی کۆمەڵناسی شارەزا بوو، توانای تێگەیشتنی لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و بەئاسانی تێکەڵ بە ژینگەی دەرەوەی قوتابخانە و دایبابی خوێندکاران دەبێت.
سێیەم: شارەزایی لەم زانستە سەرنجڕاکێشە وادەکات مامۆستایان بتوانن بە ئاسانی کەلتور و رەوت و نۆرم و مۆدە و خووەکان بناسنەوە، کە ئەمەش هاوکارە بۆئەوەی مامۆستایان لۆژیکیانە بیربکەنەوە و بڕیار بدەن سەبارەت بە خوێندکارەکانیان.
چوارەم: بەسوودوەرگرتن لە تێڕوانینەکانی کۆمەڵناسی، مامۆستا دەتوانێت ژینگەیەکی وا بخووڵقێنێت کە جیاوازییەکان رێزلێگیراوبن جا چ کەلتوری یان ئایینی یان نەتەوەیی یان رەگەزی بن، بە مۆدێلکردنی رێزگرتن لە سەرجەم جیاوازییەکان رێزگرتن لە لای خوێندکارەکانیشی دەبێت بە کەلتور.
لەم روانگەیەوە دەکرێت بڵێین، زانستی کۆمەڵناسی بۆ مامۆستا گرنگییەکی قوڵی هەیە و بیر و هزری فراوانتر دەکات و وای لێدەکات، کە ببێتە پەروەردەکار و داکۆکیکارێکی کاریگەرتر بۆ خوێندکارەکانی. بۆ ئەم مەبەستە، مامۆستایان پێویستیان بە راهێنانی رەفتاری و کەلتوری هەیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندکاراندا. ئەرکی وەزارەتی پەروەردە و بەرپرسە پەروەردەییەکانە، لەرێگەی پسپۆڕانی بواری پەروەردە و کۆمەڵناسانەوە، ساڵانە لە کاتی پشووی هاویندا خول بۆ مامۆستایان بکەنەوە و بەرنامەی راهێنان دابنێن بۆیان بۆ بەرزکردنەوەی کاراییان لە بوارەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی.
* سهرپهرشتیاری پهروهردهیی
ئاشنابوون بە کۆمەڵناسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دیارییکردنی ئامانجە رەفتاری و کردەییەکانی ژینگەی ناو پۆل