تاقیکردنەوەکان، لەنێوان بەرپرسیارێتی خێزان و خوێندنگەدا

09:41 - 2025-04-07
خەڵات فەرەیدون
719 خوێندراوەتەوە

تاقیکردنەوە، شێوازێکی سیستماتیکییە كە زۆرینەی سیستەمەکانی پەروەردە لەسەرانسەری جیهان پەیڕەوی دەکەن وەک ئامرازێک بۆ هەڵسەنگاندن و پێوانی زانیارییەکان و توانای قوتابیان. وەک هۆکارێکیش دەبینرێت بۆ فێربوونی خوێندکاران و دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزو لاوازەکانیان. 
 لە هەرێمی کوردستانیش هەروایەو سیستەمی تاقیکردنەوەکان ساڵانێکی زۆرە سەقامگیر بووەو پسپۆڕانی بواری پەروەردە لەسەری کۆکن. سبەی 8/4/2025 بە پێی ساڵنامەی خوێندنی(2024-2025) تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلەکانی نۆیەمی بنەڕەتی و دوانزەیەمی ئامادەیی لەکاتی خۆیدا دەستپێدەكات و تا 21/4 بەردەوام دەبێت، هاوکات پۆلە ناکۆتاکانی 4 ی بنەڕەتی بۆ 11 ی ئامادەیی لە بەرواری 13/4/2025  تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز دەستپێدەکەن هەتا بەرواری 22/4 بەردەوام دەبێت.
 لە دوای چەندین مانگ لە بایکۆت و وەستانی پرۆسەی خوێندن لە سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری؛ جگە لەوەی کە تاقیکردنەوەکان خۆی لەخۆیدا  هیلاکی و فشارە بۆ خوێندكاران، دۆخی بایکۆتیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر مامۆستایان و قوتابیان دروستکردووەو تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سنووری بایکۆت تاڕادەیەک بووە بە ئەستەم لەبەشێک لە خوێندنگەکاندا، ئەمەش بۆ قۆناغەکانی نۆیەم و دوانزەیەم گرفتێکی گەورەیە، چونکە تاقیکردنەوەی نیشتمانییان هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان دەبێت بە بابەتێکی زۆر گرنگ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخەش دەشێت کۆمەڵێک هەنگاو بنرێت:
یەکەم: وەک دایک و باوک لەبارودۆخێکی وادا ناتوانین توانای خوێندکارەکانمان کۆنترۆڵ بکەین، بەڵام دەتوانین هاوکاریان بین لەخەو و خۆراکیاندا کە بۆ فێربوون رۆڵێکی گرنگیان هەیە. هاوکات دەکرێ رۆڵی کاریگەر بگێڕین بەکەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی کە زۆرینەی خوێندکاران لەکاتی تاقیکردنەوەکان پێوەی دەناڵێنن، ئەویش بە دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و رێکخراو بۆ خوێندن. 
بۆ ئەوەی توانای خوێندکارەکانیشمان بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بەهێز بکەین، پێویستە راهێنانەکانمان لەسەر خاڵە لاوازەکانیان چڕبکەینەوە نەک خاڵە بەهێزەکانیان بۆئەوەی بێزارنەبن لە ڕاهێنانەکان. ئەوەش لەپێناوی ئەوەی ئامانجەکە بگۆڕین بۆ فێربوون، نەک تەنها دەرچوون. دەکرێت هاوکاریان بین لەدانانی خشتەیەکی رۆژانەی گونجاو بۆ رێکخستنی کاتی خوێندن و کۆششکردنیان، دڵنیاییشیان پێبدەین کە دەرئەنجامەکەی هەرچۆن بێت کاریگەریی کۆمەڵایەتیی لەسەریان نابێت.
دووەم: وەک مامۆستا، دەتوانین پاڵپشتی خوێندکارەکانمان بین بە گۆڕینی تێڕوانینیان سەبارەت بەو ترسەی بەرامبەر تاقیکردنەوەکان هەیانە. باشتروایە مامۆستایان وەک رێنماییکاربن، ئەوەش بە پێشکەشکردنی ئامۆژگاری و فیدباکی ئەرێنی و هاندانی بەردەوام و چاندنی هەستی متمانەو بوێری. 
 سێیەم: وەک کارگێڕی قوتابخانە، دەکرێت رێنمایی مامۆستایان بکەین کە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەک دابڕێژن لەرووی ناوەڕۆک و دیزاینەوە لەگەڵ دۆخی ئێستای فێرخوازاندا تەباو روون بێت. هاوكات ئارامی و بێدەنگیی ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەو دروستکردنی کەشێکی لەبار گرنگە، لەم رووەوە پێویستە مامۆستایانی چاودێر رێنماییان پێبدرێت.

* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتارەکانی نوسەر