هیوا محەمەد
جەنگی غەززە بە دەستپێشخەریی حەماس لە رێگەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دەستیپێکرد، وەڵامدانەوەی ئیسرائیلیش بە وێرانکردنی غەززە کۆتاییهات، هەردووکیان سیناریۆیەکی داڕێژراو بوون و ئامانجیان گەیشتن بوو بەو ئەنجامەی کە ئەمڕۆ دەیبینین.
ئەمانە پەیوەندییان بە خەباتی هەق و ناهەقەوە نییە، ئەوەی بە رواڵەت دەیبینین، پێیدەوترێت دیفاع و مقاوەمە، بەڵام لەراستیدا هەمووی دامەی بازییەکەن و لەسەرەوە داڕێژراون.
ئاگربەست راگەیەندراوە، دەستکراوە بە گۆڕینەوەی بەندکراو و دیلەکان، وردە وردە خەڵک دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان لەوانەی شتێکیان بە پێوە بۆ ماوە، لە کۆی نزیک بە یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار کەس، تەنها 300 هەزار کەس گەڕاونەتەوە.
ئیسرائیل ئامانجی ئەوە بوو کە مەترسیی حەماس و جیهاد و هەموو ئەوانەی لەبەرەی مقاوەمەدا بوون لە دژی، واتا ئەو خەڵکە هەژارەی کە خۆی بە کوشت داوە وە دەیدات
(بەحساب) بۆ دۆزی پیرۆزی فەلەستین لە بەرامبەر ئیسرائیل، لەناویان بەرێت، ئەمەی تا رادەی پێویست کردووە، بەڵام وەک ئامانجی درێژخایەن، مەرجی داناوە بۆ ئەو بە سەدان بەندکراوە فەلەستینییەی لە گرتووخانەکانیدایە و ئازادیان دەکات کە لە فەلەستین دوور بخرێنەوە.
دەکرێت ئەمە تارادەیەک بەپێی رێککەوتن لەگەڵ فەلەستین گونجاو بێت، چونکە مانەوەیان لە غەززە، رەنگە دواتر بچنە ناو بەرەی مقاوەمەوە و لەداهاتوودا ببنە کێشە بۆ ئیسرائیل، بەڵام ئەو پرۆژەیەی بە سەرپەرشتی و لەسەر داوای ترەمپ لە ئارادایە، جێگەی تێرامان و پرسیاری زۆرە.
ترەمپ داوای کردووە لە هەندێک وڵات لەوانە ئوردون، ئەندۆنیسیا، ئەلبانیا، تونس، جەزائیر، کە پێشوازی بکەن لەخەڵکی غەززە، تا ئەوکاتەی جێگە و رێگەیان بۆ ئاوەداندەکرێتەوە، حەماسیش هیچ ناڵێت!.
راستییەک هەیە جێگۆڕکێی زۆرەملێ بە هەر خێزانێک بکرێت، ئەگەر کاتییش بێت، ناتوانێت جێگەی خۆی بگرێتەوە، هەر بۆیە دوورخستنەوەی بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە، مرۆڤدۆستی نییە کە گوایە جێگە و رێگەیان وێران بووە و دەیانەوێت بۆیان ئاوەدانبکەنەوە.
راستە هەریەک لە ئەندۆنیسیا و ئەلبانیا کۆمەڵگەی زۆرینە ئیسلامین، بەڵام زمان و کەلتوریان زۆر جیاوازترە لەگەڵ خەڵکی غەززە و تێکەڵ بوونیان بەوان کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر گۆڕینی ئەو نەریت و کەلتورەی خۆیان هەیانە، جگە لەمەش مانەوەی ئەو خەڵکە لەو وڵاتانە، پرۆسەی هاوسەرگیریی لێدەکەوێتەوە لەنێوان خەڵکی غەززە و ئەو وڵاتانە و گەڕانەوەیان بۆ غەززە قورس دەکات.
رەنگە ئەگەر لە خەڵکی غەززە خۆیان بپرسیت، ئایا پێیان باشە بڕۆنە ئەو وڵاتانە؟ خۆ ئەگەر زۆرینەیان بڵێن بەڵێ، ئەوا لە ئەنجامی بێزارییانە لەو رەوتە سیاسییەی دەستی گرتووە بەسەر کۆمەڵگەکەیاندا و بێزارن لێی و دەیانەوێت رزگاریان بێت، ئەگەریش بڵێن نەخێر و نایانەوێت کۆچ بکەن و رەتی بکەنەوە، ئەوا ئیجبارکردنیان دەبێتە دوورخستنەوەی بە کۆمەڵ و هەڵکەندنیان لە خاک و جێگەی خۆیان لەژێر بیانووی مرۆڤایەتیدا.
باشتر بوو ترەمپ، ئەم پرۆژەیەی بە جۆرێکی تر دابڕشتایە، ئەویش بە هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی سعودیە( کە ئامادەیە بایی 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات لە ئەمریکا، بەڵام ئامادە نییە خەڵکی غەزز بگرێتە خۆی) هەموو پێکەوە لە وڵاتانی هاوسێی فەلەستین، بەتایبەتی لوبنان، سوریا، ئوردون، میسر و شاری راموڵڵای فەلەستین، کەمپی کاتیی دروستبکەن و هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ فەراهەم بکەن تا کاتی ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە تەواوی، چونکە بە پێی زانیارییەکان دەوترێت پرۆسەکە 10 ساڵی دەوێت، ئەم ماوەیەش تەمەنێکە.
نیشتەجێکردنی خەڵکەکە لەم وڵاتانە، کاریگەریی خراپی نابێت لەسەر ژیانیان، چونکە زۆریان تێکەڵیی خزمایەتیشیان هەیە لەگەڵ خەڵکی غەززە و فەلەستین و هاوزمان و هاودینی یەکن.
ئەم پڕۆسەی دوورخستنەوەیە، ئاماژەیەکە بۆ هەموو گەلانی ئەو وڵاتانەی لەژێر هەژموونی ئەمریکا و ئیسرائیلدان لە ناوچەکە کە بیر لە یاخی بوون و بەرەنگاریی نەکەنەوە، هەرکاتیش هەستیان کرد مافیان زەوتکراوە، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوان، تا چرای سەوزیان بۆ هەڵبکەن و بەپێی مەرج و بەرژەوەندیی خۆیان هاوکارییان بکەن بۆ خەبات و بەرەنگاربوونەوە، وەک ئەوەی کە ئێستا بە ناچاری کورد چۆتە ژێر رەحمەتیانەوە.