ئارام، شەهیدێكی گەنج بەڵام پڕ پڕ لە شانازی

09:45 - 2025-01-30
مەریوان مەسعود
65 خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

كاتێك ناوی شەهید دێت، یەكێك لەو رەمزانەی كە دێتەوە یادەوەرییەمان، ناوی (شەهید ئارام)ە، بۆیە جێگای شانازییە بۆ حزبێكی گەورەی وەكو یەكێتی، نازناوی حزبی شەهیدانی پێبدرێت، چونكە ئەو حزبە هەر لە دوای راگەیاندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە ساڵی 1975ەوە شەهید و قوربانی دەدات، لەوانەش گرنگتر شەهیدبوونی سەركردەكانی ئەوەندە زۆرن، كە مایەی شانازیین، نەك وەكو حزب و رێكخراوە كوردستانی و عیراقییەكانی دیكە، تەنها خەڵكی هەژار و نەدار و قوڕبەسەر شەهید بێت و سەركردەكانیشیان لە شوێنی گەرموگوڕبن.
ئەمڕۆ، 31/1 یادی شەهیدێك دەكەینەوە كە هەم گەنج لە تەمەن و هەم گەنج لە شەهیدبوون، بەڵام پڕ پڕ لە شانازیی و فیكر و بیری یەكێتییانە، بە تایبەتی كە شەهید ئارام تەنها 32 بەهار تەمەنی تەواو نەكرد، كەچی بۆتە سەرمایەیەكی گەورەی فیكریی و تێكۆشان بۆ كۆمەڵەی رەنجدەران و یەكێتی لە هەموو قۆناغەكاندا.

ئارامی رۆژنامەنووس
شەهید ئارام، رەمزی تێكۆشانی رەنجدەرانی بیروبازو و كرێكارانی كۆڵنەدەر بووە، تەنانەت لە دوای شەهیدبوونیشی، ناوهێنانی شەهید ئارام ورە و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی زیاتر كردووە و بۆ هێنانەدی مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش پاڵپشت و پشتیوان بووە، چونكە شەهید ئارام جگە لەوەی سیاسیی و سەركردەیەكی گەورەبووە، رۆژنامەنووسێكی چالاك بووە و لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا چەندین بابەتی گرنگی لە رۆژنامەی هاوكاریی بڵاوكردووەتەوە و لەگەڵ لاپەڕەی «سیاسەتی دەرەوە»ی رۆژنامەی هاوكاریی ‌و دواتریش رۆژنامەی برایەتی لە كۆتایی ساڵی 1973 و سەرەتای ساڵی 1974دا بە گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی جیهانی ئاشنابووە، لەو رووەشەوە سەبارەت بە زۆربەی رووداو و بەسەرهاتەكانی ئەو رۆژگارە، وتار و شیكردنەوەی هەبووە و رای خۆی دەربڕیوە، بەمەش وەكو رۆژنامەنووسێكی بە سەلیقە و نووسەرێكی بواری سیاسیی بە تەواوی ئاگاداری رەوشی خەڵك بووە و ئەمەش هاندەری سەرەكی بووە، بۆ ئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە شاخەوە بكات و رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەران و یەكێتی بەهێزتر بكات.

رەمزی شۆڕش
لەو سەردەمە ناهەموارەی كە سەركردایەتی كۆمەڵە كەوتە بەر شاڵاوی رژێمی بەعسی فاشیی و هەندێكیان شەهیدكران ‌و هەندێكیش زیندانیكران، ئارام لەو بارودۆخە ناسكەدا كە كۆمەڵە زەبری كوشندەی بەركەوت ‌و بێ سەركردە مایەوە توانی شیرازەی رێكخستنەكان لە ترازان بپارێزێت‌. هەروەها توانی بە نهێنی چاپخانەیەكی سەرەتایی لە ناوچەی قەرەداغ دابنێت‌، بەیاننامە و بڵاوكراوەكانی شۆڕشی دەنووسی و لەو چاپخانەیەوە چاپ و بڵاو دەكرانەوە، لە كاركردنیدا هێندە بە پلان و وردبین بوو، توانیبووی خەڵكی هەموو ئەو ناوچانەی كە تێیدا دەگەڕا رێبازی شۆڕشیان بۆ روون بكاتەوە، بۆیە ببووە یەكێك لە سەركردە خۆشەویست و چاونەترسەكانی شۆڕش و تاڕادەیەكی زۆریش ئەم بوێرییەی وایكردبوو كە دوژمنان پێی بزانن و جاشەكان و خۆفرۆشەكانیش چاویان لەسەری بێت.
لەم رۆژەدا، كە خۆفرۆشان، رۆژی (ئارام)ی یەكێتییەكانیان ئاواكرد، قەرەداغ و دەوروبەری یەك پارچە ماتەم بوو، بۆیە بۆ هەتاهەتایە ناوی ئارام و ئارامگەی ئارام، هەر شانازییە بۆ هەمووان.

وتارەکانی نوسەر