هیوا محەمەد
لە هەر شۆڕشێکی میللیدا کە بەرپابووە دژی ستەم و چەوسانەوە، دەیان شەهیدی سەرکردە بوونەتە قوربانیی سەرکەوتنی شۆڕشەکە، ئەگەر گەیشتن بە سەرکەوتن، چەند ساڵیشی خایاندبێت، کەواتە ئەوان داینەمۆی سەرکەوتنەکە بوون.
بەردەوامیدانیش لە دوای شۆڕش و مانەوە لە حزبەکەدا و درێژەدان بەخەبات لەسەر رێگەی ئەو شەهیدانە، بەومانایە دێت کە هێشتا مەدالیای شەهید بوون ئامادەیە بدرێت لە سنگی زۆرێک لە سەرکردە زیندووەکان، چونکە هەمووان کاتێک بڕیاری بەشدارییکردنیان لە شۆڕشدا داوە و باوەڕیان بە رێبازی حزبەکە هەبووە، زانیویانە کە ئاسانترین شتێک کە دەبێت بیبەخشن لەو رێگایەدا، رۆحی خۆیانە.
شەهید ئارام بووە گوڵی ئێخەی جەنگاوەرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی و کوردستان و سوێند و بەڵێنی سەر زاریان، لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ، ناوی شەهید ئارام بووە نوێترین وشەکانی شۆڕشی نوێ، بووە نموونەی هاندان و سڵنەکردنەوە لە دوژمن، بووە قینێک لەبەرامبەر دوژمنان و خۆفرۆشەکانی سەر بەوان.
پێشمەرگەکانی ئەودەم کە سەرەتای شۆڕشی نوێ بوو، هەڵگری بیری شەهیدە سەرکردەکەیان بوون و بە شوێن ئەو کتێب و نووسراوانەدا دەگەڕان کە تا شەهیدبوونی باوەڕی پێی بووە، هەر بۆیەش تا ئێستا، بە زیندوویی ماوەتەوە.
شەهید ئارام بە ماوەیەکی کورتی دەرکەوتنی وەک سەرکردەیەک، زوو شەهید کرا، دیاربوو کە دوژمن باش دەیزانی مانەوەی دەبێتە بورکانێک بەڕوویاندا، بۆیە زۆر نامەردانە و ترسنۆکانە فرسەتیان لێهێنا و لە گوندێکدا کە تەنها خۆی بوو، هێزێکی زۆریان ناردە سەری و شەهیدیان کرد، دوژمن ئەمەی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆخۆی زانی، شۆڕشیش لەگەڵ بەردەوامیدان و سووربوونی زیاتر بۆ تۆڵەسەندنەوە، شەهید ئارامی کردە سونبول و دەیان هەزار تێکۆشەری پێ پێگەیاند و زۆریش لەوان بە هەمان چارەنووسی شەهید ئارام چوون و بە خوێنی ئاڵیان پێگەی شۆڕش و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان قاییم تر دەکرد تا گەیاندیان بە راپەڕین و نەهێشتنی رژێمی بەعس.
پێویستە سەرکردەکانی ئەمڕۆی ئەم حزبە، بە چاوی وەفاوە بڕواننە هەموو شەهیدە سەرکردەکان و کادران و ئەندامانی دیکەی حزب کە لەم رێگەیەدا شەهید بوون، ئەوان هەموویان کارتی سەرخەری حزبەکەن.
شۆڕشی نوێ بە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، درەختێکە تا ئێستا لەگەشەدایە و بە خوێنی ئەو شەهیدانە دەژی و بەردەوامە.
شەهید ئارامی سەرکردە، یەکەم و دوا سەرکردەی شەهید نەبووە، لە دوا قۆناغدا ئەو شەهیدە سەرکردانەن کە بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە بوونە قوربانی.
لە حزوری رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلالدا، سڵاو بۆ سەرکردە شەهیدەکانی هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی مام، سڵاو لە رۆحی پاکی هەموو شەهیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئەمڕۆیان بۆ نیشتمان نەخشاند.