لە یادی ئارامدا..

09:43 - 2025-02-02
عیماد ئەحمەد
187 خوێندراوەتەوە

لەم یادەدا سەربوردەیەك هەیە پێمباشە باسی بكەم، لە (31/1/1997) لەگەڵ دكتۆر كەمال فوئاد و هێرۆخان خەریكی چارەسەركردنی كێشەیەكی ناوخۆیی یەكێتی و ناو حكومەت بووین، شەو بە سێقۆڵی لە گەڕەكی ئاشتیی شاری سلێمانی، لە ماڵەكەی خۆی لەگەڵ كاك كۆسرەت كۆبووینەوە و كێشەكەمان چارەسەركرد، دواتر لەگەڵ هێرۆخان چووین بۆ ماڵی كاك عومەری سەید عەلی لە گەڕەكی رزگاری، بۆ لای كاك بەختیار و كاك دلێری سەید مەجید، كە چاوەڕوانی هەوڵەكانی ئێمە بوون، لەبەر سەرما بەپەلە خۆمان كرد بە ژووری میوانەكەدا و یەكسەر هەواڵە دڵخۆشكەرەكەیشمان گەیاندە هەڤاڵان و خەریكی چا خواردنەوە بووین، پێشمەرگەیەكی لای من خۆی كرد بە ژووردا و وتی: كوڕێكتان بووە و تاراخان لە خەستەخانەی منداڵبوون داوای ناوێك دەكات تا بڕوانامەی لەدایكبوونی بۆ دەربكەن، دوای پیرۆزبایی هەڤاڵان، پێموتن: بۆ ئەم كوڕە بچووكەم ناوێكم بۆ بدۆزنەوە، كاك دلێری سەید مەجید وتی: ئەمڕۆ یادی شەهیدبوونی كاك ئارامە، یەكسەر مەلا بەختیار هەڵیدایە و وتی: با ناوی بنێین ئارام، هەمووان ناوەكەیان بەلاوە باش و جوان بوو، منیش بە پێشمەرگەكەم وت: ناوی دەنێین ئارام.
مەبەستم بوو جگەرگۆشەكەم هەڵگری ناوی ئەو پیاوە مەزنە بێت، كە لە هەمان رۆژی شەهیدبوونی ئەودا و دوای چەندین ساڵ، چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.
سوپاس بۆ خوا، ئارامی پاشەبەرە، كە دواهەمین مناڵ، بەرهەمی ژیانی پێكەوەیی من و تارای هاوسەر و هاوڕێی عومرمە، ئێستا گەورە بووە، ناوی ئارامیش لەسەر زوبانمان مایەوە و عومریش باقی بێت چاوەڕوانی نۆبەرەی ئەویش دەكەین.

وتارەکانی نوسەر