دیاردە دزێوەکان

کۆمەڵگەی دروست و کۆمەڵگەی نەخۆش

09:39 - 2025-02-03
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
41 خوێندراوەتەوە

41

مرۆڤەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ دەبێ سەرجەمیان مافی ژیانێکی ئاسوودە و شکۆداریان بۆ دەستەبەر بکرێت و هەر کەس لە هەر وڵاتێکدا بێت ئەو مافەی هەیە. لە مێژووی یۆنانی کۆنیشدا ئەفلاتوونی فەیلەسووف بە خۆڕایی کتیبی (شاری پڕکەماڵ - المدینة‌ الفاضلة‌)ی نەنووسیوە و تێیدا تەواوی ئەرک و مافی بۆ مرۆڤەکان دەستنیشان کردووە.
لە جیهانی ئەمڕۆماندا کۆمەڵگەکانی مرۆڤ دوو بەشن، لە یەکەمیاندا تاکەکان کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ و هەرکەس بە گوێرەی کۆششی فیزیکی و ئەقڵیی خۆی هەوڵی باشترکردنی ژیانی خۆی و خێزانی دەدات، لە سایەی ئەو دەزگا و دامەزراوانەی ژیانی خەڵک رێکدەخەن بەپێی دەستوور و یاسا و رێسایەک کە لە هەمانکاتدا کاری خەڵک و چینی حکومڕانیش رێکدەخات. ئەمە بووە بە نۆرم و نەزمێک کەوا تەواوی لایەنەکانی ژیانی خەڵکیان پێوە بەندە و لادان لەو نەزمە دەبێتە لادان لە یاسا و سزای لەسەرە و بۆ هەموو کەس وەک یەکە. هەڵبەت ژیان لە ئاوها دۆخێکدا ئەمان و ئاسوودەیی دەخشێتە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و هەرکەس بەپێی ئەو دەرفەتەی بۆی رەخساوە ژیانی خۆی بەڕێوە دەبات و هەر لادانێکیش لەو نەزمە سەرپێچییە لە یاسا و بەسەر هەموو کەسێکیشدا جێبەجێ دەکرێت و سەرباری جیاوازیی چینەکان و ململانێی رەوای بەدیهێنانی مافی زیاتری خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک، بەڵام وات لێدەکات کە وەک مرۆڤ رەفتار بکەیت و هەماهەنگ بێت لەگەڵ هاووڵاتییەکانی خۆتدا، بە تۆکمەکردن و داڕشتنی ژێرخانی پێشخستنی رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیان سەرخانی تۆحی و کەلتوریی زیاتر دەچەسپێت و پیادەکردنی مرۆڤ بوونت پڕکەماڵتر دەبێت و بەم حاڵ و بارەش دەگوترێت کۆمەڵگەی تەندروست.
بەڵام کۆمەڵگەی وا هەیە زۆربەی تاکەکانی بەرخۆر و مفتخۆرن حەز لە کارکردن ناکەن، بەشێکی فەرمانبەرانیان ئەرکی خۆی رادەپەڕێنێت، کاسب و دوکاندار و پیشەوەریان ساغڵەم نین، دەوڵەمەند و قۆنتەرات چییان تا فێڵ و تەڵەکە وەستابێت بە لای کاری باش و دروستدا ناچن، تاکەکانی هەرکەس ببێت بە بەرپرس و حکومڕانیان ئەمان هەر چەپڵەیان بۆ لێدەدەن و شاباشیان دەکەن و هەر کاتێکیش گڵۆڵەی کەوتە لێژی بە نەفرەتی دەکەن و خێرا با دەدەنەوە بەلای جێگرەوەی نوێیدا و کوڕنوشی بۆ دەبەن و هەزارجار دەڵێن، بە ریشی مەردانەت قەسەم. زۆربەی حکومڕان و کاربەدەستەکانیان گومڕا و بەدفەساڵن و تا لە دەسەڵاتدابن بۆ کاری گەندەڵی و حەرام فوو لە دۆ ناکەن، هەر زوو دەبنە شەریکی بەڵێندەر و بزنسمانەکان و بە هەردوولا بەردەبنە گیانی خەڵکی هەژار و کۆ لە هیچ عەیبە و ئابڕوچوونێک ناکەنەوە و تا لەسەر کارن گیرفان پڕ دەکەن و یاسا لای ئەوان لاستیکە و چۆنیان بوێ لەگەڵ بەرژەوەندیی خۆیاندا دەیگونجێنن، هەموو خەڵک بە رەعیەت و ملکەچی خۆیان دەزانن و جا هەر واشە، لەبەرئەوەی ئەم رەعیەتە چی لەگەڵ بکرێت نووزەی لێوە نایەت. لەم کۆمەڵگەیەدا کاربەدەستی لێزان کەسانی ئاست نزم و ریسوا دەکەنە شەریکی خۆیان و خێرلە هەر شتێکدابێت بێ سڵکردنەوە پەنای بۆ دەبەن هەر لە تەلارسازی و عەقاراتەوە بیگرە تا بازرگانی کردن بە نەوت و مادەی هۆشبەر و تەنانەت سۆزانیشەوە. ئەمانە دەبنە سەرچاوەی هەموو  دەرد و نائارامییەکی وڵات و مایەی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش. ئێمە دەبێ شوکرانەبژێر بین کە نەکەوتووینەتە دۆخی واوە و ئەمە تەنها لە دوورگەی واق واقدا هەیە و خوا لە خۆمانی لادا و قەت بەڵای وامان بەسەر نەهێنێت!.

وتارەکانی نوسەر