باوەڕ ناكەین لەخولی نوێی پەرلەمان و كابینەی نوێی حكومەتدا، هیچ هەنگاو و دەستپێكێك هێندەی لێپیچینەوە لە دیاردەی گەندەڵیی كاربەدەستان كاریگەریی بۆ سەر ئومێدی خەڵك بە وڵات و دامەزراوە رەسمییەكانی هەبێت
ئەگەر لە بنەڕەتدا ئیرادە و پرۆژەیەك هەبێت بۆ گێڕانەوەی متمانەی پێویست بە ئەزموونی هەرێم، ئەوا پێویست وایە، پێش هەر كارێك، خاڵی سەرەكیی هەر رێككەوتنێكی هێزە براوەكانی هەڵبژاردن، سنووردانان بێت بۆ دیاردەیەكی مەترسیدار لە واقعی ئەزموونەكەدا كە لە مێژە كۆمەڵگە بەدەستییەوە دەناڵێت و ئازاری دەدات، دیاردەیەك كە نموونە و تایپە جیاوازەكانی، لە زۆر وڵاتی جیهاندا، دەمێكە شوێنی نەفرەت لێكردن و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەردەوامن، بگرە جێی باس و خواسی نەبڕاوەی ناو رۆژنامە و میدیاكانن.
گەندەڵکاران لە جێی خۆیانن
مەبەست بە روونی، دیاردەی گەندەڵیی بەشێك لە بەرپرسان و كاربەدەستانە كە دوو سێ دەهەیە هەرێمەكەی ئێمەی گرتۆتەوە و بنبڕ نەكراوە، رۆژانەش نموونەكانی زیاد دەكەن و لەسەر زاری هاووڵاتیانن، دیاردەیەك كە ئەگەر بە راستی بمانەوێت و راستگۆبین، ئەگەر پەرۆشی ئەم وڵاتە و هاووڵاتیانی بین، ئەوا دەبێت: -
- ببێتە دۆزێكی(Issue) زیندوو و گەرم لە هەرێمدا و بەشێوەیەكی رێكخراو بایەخی پێبدرێت.
- لە سەنتەرەكانی بڕیاردا ببێتە ئەجێندای گفتوگۆ و مایەی دەركردنی یاسا و بڕیاری بوێرانە و یەكلاكەرەوە.
- لە ناوەندە ئەكادیمییەكاندا جێی توێژینەوە و سمیناری هەمەلایەن بێت و كۆنگرە و كۆنفرانسی زانستیی بۆ رێكبخرێت.
- لە ناو دامودەزگاكانی راگەیاندنی كوردیدا رووداو و دۆسێیەكانی هەڵبدرێنەوە و بكرێنە بابەتێكی گەرم و جێی روماڵی بەردەوام.
- لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی نموونەی دەستەی دەستپاكیی هەرێمیش بەكردار كەیسەكانی بجوڵێنرێن و رێكار و لێپرسینەوەكان بە شێوەیەكی شەفاف بۆ رای گشتی بخرێنەڕوو.
هەوڵی نەهێشتنی گەندەڵی دەدرێت؟
واتە هیچ نەبێ، لانیكەم، ئەو هەستە لەلای هاووڵاتیانمان دروستبكرێت كە بەر بەم دیاردە ترسناكە، بەرەڵا نەكراوە، دڵنیا بكرێنەوە كە تێوەگلاوانی گەندەڵی ناتوانن لە سایەی پۆست و پایەو نفوزیاندا، یان بەپشتبەستن و كلک گرێدانیان لەگەڵ بەرپرسانی تر و تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی بەرژەوەندییە تایبەتییەكان، بە ئاسانی لە قۆزتنەوەی سامانی گشتی بەردەوام بن، بەهۆی پێگە و دەسەڵاتیشیانەوە رووبەڕووی هەر سەرچاوە و دەنگ و ئیرادەیەك ببنەوە كە بیەوێت ئاشكرایان بكات و رایانگرێت و وێنە و(كەسایەتی)ی راستەقینەیان بخاتەوە سەر پلێت!، ئەمەش لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەر ئەوەی هەموو ئەو بەڵگەنەویستە دەزانین كە دیاردەی گەندەڵیی كاربەدەستان، لە یەكەمین هێما و ئاماژەدا واتە وێرانبوونی نێوبانگی دامەزراوەكانمان، چ دامەزراوەی دەوڵەتی بن، یان حزبی و رێكخراوەیی، روخانی هەر پردێكی دڵنیایی و متمانەش لەنێوان هاووڵاتیان و دەوڵەتدا، یان كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمەڵگەی سیاسی.
بە مانایەكی روونتر، باوەڕ ناكەین لەخولی نوێی پەرلەمان و كابینەی نوێی حكومەتدا، هیچ هەنگاو و دەستپێكێك هێندەی لێپیچینەوە لە دیاردەی گەندەڵیی كاربەدەستان كاریگەریی بۆ سەر ئومێدی خەڵك بە وڵات و دامەزراوە رەسمییەكانی هەبێت، هیچ لەوە گرنگتر نییە كە ئەو كاربەدەستانە، لە حكومەت بن یان دامەزراوەی تر، لە كابینە و خولەكانی پێشووبن یان ئێستا، رووبەڕووی لێپرسینەوە بكرێنەوە و سەرچاوەكانی ئەو سەروەت و سامانەیان بۆ رای گشتی روونبكرێتەوە كە بەشێكیان، زۆر لە پڕ و بە ماوەیەكی قیاسی و دیاریكراو، كۆی دەكەنەوە و هەرزوو دەچنە ریزی چینە بازرگان و بزنسمانەكانی ئەم وڵاتە لەجیاتی ئەوەی لە ریزی نوێنەرانی پاك و جێی گرەوی حزب و حكومەت و دامەزراوەكان بن!، بە تایبەتی ئەگەر هەموو ئەوەمان بیربكەوێتەوە كە لە پرۆگرامی پارتەكانماندا ئەوە هاتووە كە نابێت كاربەدەستان خەریكی دنیای بزنس بن، لەسەریشانە كە لە پۆست و پایەكاندا ئەمانەت و دەستپاكی و دڵسۆزیی بۆ خاك و وڵات بسەلمێنن.
ئەوانە بە چی دەوڵەمەند بوون؟
ئەمڕۆ چیرۆكی جیاجیای دەوڵەمەندبوونی فاحیشانەی بەشێكی كاربەدەستان، تەنانەت سكرتێر و راوێژكار و حاشییە و پاسەوانانی هەندێكیان، جا لە حزبدا بن یان لە دەزگا رەسمییەكانی هەرێم، سەری ئینسان سپی دەكەن!. جێی داخە كە زۆرجار، لە كۆڕ و كۆمەڵ و شوێنە گشتییەكاندا، باس هەر باسی سكانداڵ و رەفتارە خراپەكانی ئەوانە، رۆژ نییە سەبوردەی حاڵ و گوزەرانی رابردوویان و ژیانی فیرعەونییانەی ئێستایان نەبیستین و لەگەڵیدا گوێمان لە هاواری ناخی خەڵك و نادادییەكان و نەفرەتكردن لەو هەلومەرجە لە بێباكی و غیابی یاسا و ئیجرائات نەكردن نەبێت كە بوونەتە هۆی ئەوەی كەسانی بێ سەرمایەی مەعریفی و مۆراڵمان لێ بكەن بە نوێنەر و دەمڕاست و كاربەدەست لە وڵاتدا.
بە كورتی، دیاردەی گەندەڵیی بەرپرسان، پێویستە ئیتر جڵەو بكرێت، پێش هەر كەس و لایەن و دەزگایەكیش، كاربەدەستە پەرێز پاكەكان خۆیان لە كاربەدەستانی تێوەگلاو بێنە دەست و ئاشكرایان بكەن، هیچ نەبێت بەرگری لە خۆیان و ئابڕوی دەزگاكانیان بكەن، رێیان پێ نەدەن بەهۆی ئەوانەوە رووزەردی ناو كۆمەڵ بن و نێوبانگی هەر هەموویان بشێوێت.