هـێزی نه‌رم

سوپاس بۆ سلێمانیی ئاسمانی هەورە ناڕازییەکان

10:07 - 2025-02-03
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
554 خوێندراوەتەوە


جێگەی شانازییە لە شارێکدا بژیت بێجگە لەوەی شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی ناوی شاعیران و نووسەرانی یاخی و شۆڕشگێڕەکانی هەڵگرتووە، هەردەم ئاسمانی هەورە ناڕازییەکان و بیروڕا جیاوازەکانیشە. دەنگی شەقام روون و بەرجەستەیە و نەتاسێنراوە وەک هەندێ شار و شوێنی دیکەی کوردستان و عیراق و ناوچەکە. راستە باجی ئازادانە دووان و داوای مافی رەواکردن سەختە، بەڵام دڵنیابن باجی بەرگریی کردن لەو فەزا ئازادەی خەڵک بیانەوێ دەردە دڵی تێدا بکەن زۆر زەحمەتترە، ئازایەتی و کونلەجەرگدا نەبووییە هێمنی و ئاسایشی شارەکە بخەیتە بەردەمی دزەکردنی نامەردەکان لە پێناوی هێشتنەوەی ئەو پەناگەیەدا کە هاووڵاتیان بە شێوازی ئاشتیخوازانە داوای رەوای توێژەکەیان یان میللەتەکەیان بە گوێی دنیادا دەدەن. 
 ئەم سەرزەمینی ئازادانە بیرکردنەوە و دەربڕینەی خەڵکی سلێمانی کە بەردەوام لە ریزی پێشەوەی قووربانیدان و خۆپیشاندان و رەتکردنەوەی ستەمدا بووە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی و درێژەی بە رەوتەکەیداوە تا بە ئێستا دەگات. ئەو دیمەنانەی کە سەربەرزیی و قارەمانێتیی خەڵکی ئەم شارەی لە یادەوەریی مێژوودا هەڵکۆڵیبێت لە ژماردن نایەن، بەڵام ساڵی 1956رۆژی هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحمودی نەمر لە بەغداوە بۆ سلێمانی و شەهیدبوونی شێرە ژنەکەی بەردەرکی سەرا (ئەختەر)ی هاوسەری (رەشۆل)ی هونەرمەند، لە بەسەرهاتە کاریگەرەکانە. ئەم گێڕانەوەیەم ئەوەش دەردەخات کە زۆربەی گیانبەخت کردووانی رێگەی ئازادییش بە ژن و پیاوەوە هەر لەم شارەبوون. هەندێکتان مانگرتووەکانی ساڵی 1991تان لەبیرە کە سلێمانیی سەرەتای راپەڕینی پێ رازاندەوە، ئەوەش لە رووداوە گرنگەکانی مێژووە، بێجگە لە بەسەرهاتەکان گەڕەکی ئازادیی و سەکۆی ئازاد و لاپەڕەی ئازاد و خێمەی مامۆستایانی مانگرتوو و زۆری دیکە، هەموو ئەمانە لە کوێ جێگەیان دەبێتەوە لەژێر ئاسمانی ئازادیی پارێزی  سلێمانیدا نەبێت؟ ئەی کێ فەزای ئازادیی دەپارێزێت حزبی شەهیدان نەبێت ئەو حزبەی زۆرترین قووربانیی لە پێناوی ئەو چەمکە ئەبەدییەدا بەخشیووە، بەڵێ ئەو حزبە یەکێتییە کە دەرکەوتووە سازش لەسەر یەکشت ناکات، ئەویش هەڵوێستی نیشتمانیی و ئاسمانی درەوشاوەی ئازادییەکان و بیروڕا جیاوازەکانە. هەزاران بیری ئازاد لە مەملەکەتی ترس و تۆقاندندا دەمرن و لە شوێنی خۆیان دەپووکێنەوە، بەڵام هەموومان دەزانین سلێمانیی هەناسە دەدات و شار و شوێنی تر خنکاون هێندەی قەیران و کێشەکان دەپاستێونە ناخی هاووڵاتییەکانیان، ئیدی وەک دەوترێت: جام کە پڕبوو لێی دەڕژێت و ئەو کاتەش تەقینەوەی وێرانکەر روودەدات. کەواتە دەرگا لەسەر ئازادیی واڵاکەن، با خەڵک دەرگای متمانەتان بەڕوودا دانەخات.

وتارەکانی نوسەر