دەر و دراوسێ

هۆكارەكانی شكستی دەستپێشخەرییەكان

10:10 - 2022-06-12
بورهان شێخ رەئوف
229 خوێندراوەتەوە

وا عیراق پێی نایە هەشت مانگی رەبەقەوە دوای هەڵبژاردنی 10/10/2021، نەتوانرا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت و هەروەها نەتوانرا كابینەی حكومەت پێكبهێنرێت.
ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا بەرەو رووی عیراق بۆتەوە، بەتایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت بە یەكێك لە ئاڵۆزترین كێشە سیاسییەكان دادەنرێت، لە دوای 2003، پێدەچێت سیناریۆی نوێی لێبكەوێتەوە، كە ئەویش هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەیەكی نوێیە بۆ هەڵبژاردن، یان هەڕەشەی دەستبردن بۆ جووڵاندنی شەقام لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە .
تائێستا 11 دەستپێشخەری سیاسی خراوەتەڕوو لەلایەن هێزە سیاسییە جیاوازەكانەوە  بۆ چارەسەركردنی بنبەستی سیاسی و پێكهێنانی حكومەت لە ماوەی دەستووریی دیاریكراودا لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، بەڵام هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە شكستیان هێنا لە نزیككردنەوەی دیدوبۆچوونی هەردوو لایەنی ركابەری شیعە كە چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدرن .
ئەو لایەنانەی دەستپێشخەرییان كردووە تائێستا بۆ چارەی دۆخی سیاسی عیراق، ئێران، حزبوڵڵای لوبنان، بەڵام ئەمانیش نەیانتوانی ئەو دوولایەنە ناكۆكە لێك نزیك بكەنەوە، لایەنە ناوخۆییەكانی عیراقیش دەستەوەستان نەبوون لە ئاست ئەم چەقبەستنە سیاسییەدا، ئەوانیش هەوڵی زۆریان داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ قەیرانەكە، لەوانە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی سێ‌ دەستپێشخەرییان پێشكەش كردووە، رەوتی سەدریش سێ‌ دەستپێشخەریی كردووە، پەرلەمانتارە سەربەخۆكانیش دەستپێشخەرییەك، بزووتنەوەی ئیمتیداد-یش دەستپێشخەرییەك، دەستپێشخەری لایەنە سوننەكان، لایەنە كوردییەكانیش دوو دەستپێشخەرییان هەبووە، بەڵام هیچ كام لەم دەستپێشخەرییانە تا هەنووکە ئاكامێكیان نەبووە بۆ كۆتاییهێنان بە دۆخی چەقبەستووی عیراق.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوە رۆژنامەنووسییە ئاگادارەكان، باس لە سەرنەگرتنی  دەستپێخەرییەكی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن بۆ كۆتایی هێنان بە بنبەستی سیاسی، بەهۆی تێبینی سەید موقتەدا سەدرەوە لەسەر هەندێك لە خاڵەكانی.
هۆكاری سەرەكیی شكستی هەموو دەستپێشخەرییەكان سووربوونی هەردوولایەنی ركابەرە لەسەر راوبۆچوونەكانیان و پیشان نەدانی نەرمی و عینادیی سیاسی و خواستی خۆسەپاندن و پەراوێزخستنی لایەنی بەرامبەر، هەندێك بۆچوونی تریش هۆكاری ئەم چەقبەستنە بۆ یاسای هەڵبژاردنەكان دەگێڕنەوە كە عیراقی كرد بە زیاتر لە 80 بازنەی هەڵبژاردنەوە و دەبێژن ستایلەكەی بە خواستی رەوتی سەدر دیزاین كراوە و ئەم ئاكامەی لێكەوتۆتەوە.
سەدرییەكانیش دەڵێن: ئێمە لە ماوەی رابردوودا نەچووینەتە ژێر گوشاری دەرەكی بە تایبەتی ئێرانییەكان و دەستبەرداری مافی خۆمان نەبووین، وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان كە (73) كورسیمان بەدەستهێناوە، بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دوور لە بەشبەشێنەی تائیفی، سەدرییەكان باسی ئەوەش دەكەن كە رابەرەكەیان دووجار سەردانی بەغدای كردووە بۆ قایلكردنی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام ئەوان نایەنە ژێربار و گوشار خستنەسەر هاوپەیمانەكانمان لە سوننە و كورد تا لێمان دووربكەونەوە.
لە كۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگیش پێداگریی لەسەر ئەوە دەكات، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ساختەی تێداكراوە و ئەمان نوێنەری پێكهاتەی كۆمەڵایەتی گەورەی شیعەی عیراقن و پەراوێزخستن و وەلانانیان قبوڵ ناكەن، ئەوەش سەرچاوەی سەرەكیی بنبەست و شكستی هەموو هەوڵەكانە بە ئاراستەی چارەسەر لە عیراق.

وتارەکانی نوسەر