لە کوردستانەوە دەستیپێکرد و سەرتاسەری کوردستانی تەی کرد

10:36 - 2025-02-09
ستران عەبدوڵڵا
112 خوێندراوەتەوە

ناسڕی رەزازی، یانی نزیکەی پەنجا ساڵ لە رەنجی فەرهادی بۆ هونەری كوردی و كوردایەتی

کوردستانەکەی ئەو(سنە)ی شیرین بوو، داخۆ بۆ کە شارە کوردستانی پێدەڵێن و بۆ کە نیشتمانییە هەر بە شاری شیرین گیرسایەوە؟
ئێمە لە کەرکوک پێمان خۆشبوو زیرەک بە گۆرانییەک کرماشانی خستەوە سەر کوردستان و ئیشی خانەقی ئاسان کردووە، بەڵام لە شاری پڕ تەعریب و تەبعیس کەیفمان پێ دەهات رەزازیەک هەیە ناوی کوردستانی خستۆتە سەرزاران. کاتی خۆی گۆرانی (چیمەن کەرکوکی) وت وەک ئەوە وابوو ماددەی (140)ی دەستوورە و کوردستانێتی کەرکوک دەمەزەرد دەکاتەوە.
نەوەی ئێمە گوێساز بوو بۆ مۆسیقای غەربی. ئەم ئامێرە کارەباییانە سیحرێکی پەلە، ئامادە و هەرزان بوون، کاری یەک تیپی قەرەباڵغیان دەکرد. جا ئەو کاتە لەگەڵ غولامی دەنگ و رەنگ و سەنگیشیان تێکەڵ بوو. سروودیان شەهیدان و پشووی گۆرانی دڵداریشیان هی فۆلکلۆری دەوەڵەمەند بوو، شێوەی گوتنی ئەمان بۆ گەنجەکان زیاتر دڵنشین بوون.
سروود و درودی ئەوان بەناوی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە لە تۆمار و دوکانەکانی کەرکوک بەرهەڵداتر بوون و دەستا و دەستی پێدەکرا. 
کە تووشی گێچەڵ دەبووین دەوترا کوردی ئێرانە و کاریان بە قاچاخی کوردی عیراقەوە نییە.
بەڵام سروود هەر سروودە و پەیامی کوردایەتی خۆی دەگەیەنێت. ئاخر وا کوردەکە جەفەنگی خۆی لە ناو شیعر و نەشیدی فەلەستیندا دەشارێتەوە، ئیدی نەخاسمە هاوخوێن و هاوزمان و هاوڕاز بێت چۆنە و چەند دڵگیرە؟
رەزازی و غولامی، تەقریبەن پێکەوە دەستیان پێکرد، بەڵام دوایی ستایڵ لێکی جیاکردنەوە. باسی خاوەنی (هەڵاڵە) و (شیرین ها لەیلی) بۆ کاتێکی تر، جارێ بەشی کاک ناسر تەواو دەکەم.
دەنگی رەزازی وەک ئاوی سازگار هەموو باریکەڕێی شاخ و داخی وڵاتی تەنییەوە. (بەکرە)ی لە بازار نەدەما و پشووی پێشمەرگایەتیی شارەکان دەگەڕا و بەدەیان بەرهەمی کوردانە لە تۆمارگە و ماڵەکانمانە، کاسێت ئاوەدانی کردین.
تا لە وڵات بوو كێوماڵی گۆرانیی رەسەنی ئەم دیو و ئەو دیوی کوردستانی كرد، گۆرانییە دێرینەكانی باوكە دامەزرێنەرەكانی سترانی كوردی بە ستایلێكی نوێی رەزازیانە گوتەوە.
گۆرانیی هاوبەشی لەگەڵ هەندێکیان گوت کە ئێمەی گەنج دڵمان خۆشبوو لەگەڵیان موبارەزە دەکات.
كە وڵاتی بەرەو غوربەت بەجێ هێشت، ئیتر دەنگ و ناڵە و زایەڵە، سەرتاسەری كوردستانی تەی كرد. كرمانج و زازا نەما گوێی لێ نەگرن، كرماشان و ئیلامی بە دەرسیم و ئاگری ناساندن، وا رۆیی خەریكە بڵێم: کاک ناسر لەودیو قەفقاس بێرەوە، سنە و سلێمانی و كەركوك بیرت ئەكەن.
بێرۆ، بێرۆ، چیمەن كەركوكی و دیسان بارانەمان گەرەكە.  
ناسڕی رەزازی،  یانی نزیکەی پەنجا ساڵ لە رەنجی فەرهادی بۆ هونەری كوردی و كوردایەتی. زۆرم پێ ناخۆشە هەن ئەوەیان لە بەرچاو نییە كە ئەو هەموو ساڵە بێ هەق دەنگ و بێ هەق دەست گوێ لەم گەوهەرە رەسەن و لەم قوڕگە پاكە دەگرین، كەچی پێیان زۆرە پێشمەرگەیەكی فەرهەنگ لە سایەی كوردستانی ئازاددا كەمێك بحەسێتەوە.
زۆرم پێ خۆشە کە زۆری تریش هەن حەز دەكەن بڵێن رەزازی: ئافەرین و خوا قووەتت بدا.



وتارەکانی نوسەر