پەشمەک

10:48 - 2022-06-12
ڤینۆس فایەق
604 خوێندراوەتەوە

گەشتەکانم بۆ ئەمریکا

57

دووەم: کەنساس سیتی

 سەعات 11.45 دەقیقەی رۆژی 6ی مانگی جونی 2005 – لە بەشی یەکەمدا بە هەڵە نووسیم مانگی مایس-  کە گەیشتمە «کەنساس سیتی» پلەی گەرما لە 45 پلەی سەدی زیاتر بوو، کە دەکاتە سەروو 113ی فەهرەنهایت، بە پێوەری ئەمریکی. یەکەم رێستورانت کە نانم تیادا خوارد، رێستورانتێکی هیندی بوو، هەڵبەت لەبەرئەوەی گەلی ئەمریکا تێکەڵەیە، زۆر بە ئەستەم رێستورانتێک دەدۆزیتەوە کە تەنها ئەمریکی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ من لە سەفەردا زیاتر لە رێستورانتەکان، شارەزابوونی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و هونەری و ئەدەبی میللەتان زۆر گرنگە، ئەوەش لە رێگەی سەردانکردنی مۆزەخانەکان و مۆنومێنت و زۆر جێگەی گەشتیاری کە مێژوو و ستایلی ئێستای ژیانی ئەو میللەتەی تیادا دەبینرێتەوە.
لە شاری کەنساس سیتی کە گەورەترین شارەکانی ویلایەتی میزوریە و دەکەوێتە تەنیشت ویلایەتی «کەنساس»ەوە، ساڵی 1721 دامەزراوە و ئابوورییەکەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە کشتوکاڵ بەستووە. گەورەترین یاریگای تۆپی پێی ئەمریکی تیادایە بە ناوی «ئەرۆهید» کە تایبەتە بە تیپی «کەنساس سیتی چیفس»، کە لە خولی تۆپی پێی ئەمریکیدا ساڵانە کێبڕکێ دەکات. 
بەڵام یەکێک لەو شوێنانەی کە لە هەموو سەردانەکانمدا بۆ ئەو شارە دەچم بۆی بینای وێستگەی شەمەندەفەری شارەکەیە کە ئێستا شەمەندەفەری گواستنەوەی خەڵکی پیادا ناڕوات و ساڵانێکی زۆرە کراوەتە بازاڕێکی گەورە، وەکو خۆی ماوەتەوە و لە ناوەوە هیچ دەستکاری بیناکە نەکراوە. دوکان و بازاڕەکانی زیاتر ئەو کاڵایانە دەفرۆشن کە هێمای شارەکەیان پێوەیە یان تایبەتن بە تیپی تۆپی پێی شارەکە. 
لەو شوێنانەی کە زۆر سەرسامی بووم، مۆزەخانەی جەنگ کە ساڵی 1926 دامەزراوە، لە سەر بیناکە بورجێکی بەرز و لەدەم دەرگاکەیدا ناوی بەناوبانگترین شەهیدەکان لەسەر خشتەکانی دەم دەرگای مۆزەخانەکە هەڵکەنراوە، وەکو رێزێک قەدەغەیە پێی بەسەردا بنرێت. ئەم مۆنومێنت و مۆزەخانەیە کە ساڵی 2004 لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکییەوە بەشێوەیەکی رەسمی بە مۆنومێنتی یادەوەریی جەنگ و مۆزەخانەی تایبەت بە جەنگی جیهانیی یەکەم ناسێنراوە، بەناوی مۆزەخانەی نیشتمانیی جەنگی جیهانیی یەکەم ناسراوە، وەک ئەوە و لەناویدا دەچیتە ناو مێژوویەکی گەورەوە، بە هەموو وەردەکاری و گێڕانەوەکان و چیرۆکە تایبەتە کاریگەرەکانییەوە، لە رێگەی نمایشکردنی پاشماوەی کەلوپەل و ئامێرە جەنگییەکان و جلوبەرگی سەربازەکان و گێڕانەوەکان، چ نووسراو و چ پەخشکردن لەسەر شاشەکان، لەگەڵیاندا تێکەڵ بە مێژووی جەنگێک دەبیت کە تەواوی جیهانی گۆڕی. هەروەها بە گەشتێکی گریمانەیی، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لەناو هۆڵەکانی نمایشەکان و کۆڕە تۆمارکراوەکانەوە شارەزای مێژوویەک دەبیت کە بایەخێکی گەلێک گەورەی هەیە لای ئەمریکییەکان، جگە لە وردەکارییەکانی کۆنگرە بەناوبانگەکەی دەربارەی جەنگی جیهانیی دووەم، ئەمە هەمووی وا دەکات بکەویتە قووڵایی ئەو مێژوەوە و ئەو نەوەیە بناسیت کە قوربانیی گەورەی دا بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و ئەو جیهانەی ئێستا پێی دەڵێن ئەمریکا. کە لە مۆزەخانەکە هاتمە دەرەوە، وەک ئەوە وابوو لە زەمەنێکی ترەوە هاتبمەوە، یان لەسەردانی سوپایەک کە سەرقاڵی گۆڕینی جیهان بوو گەڕامەوە. 
–ماویەتی-

وتارەکانی نوسەر