مرۆڤ وەک خۆی

هــــەژانێـــکی تـــــر

09:46 - 2025-02-13
د. هەژار عوسمان مەعروف
150 خوێندراوەتەوە

کاتێک ژانە جۆراوجۆرەکان بەردەوامن و ژانێک نین چاوەڕێی لەدایکبوونێکی جوانتر و باڵاتر و گەشەکردووتری لێبکەین، بەڵکو ژانگەلێکن سەرچاوەکەیان ترس و بەردەوامیی ئەوەی ژیانی یەک بە یەکمان بە چەقین و مانەوە لە جێی خۆیشی نەوەستێ و هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئیتر هەژان و بزوتن و موچڕکە و گریان و هەڵچوون و تووڕەبون، بگرە بێزاریی لە ژیان بە ناو دڵ و لوولە خوێنەکانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵەدا وەک لەرز و تای نەخۆشی بڵاو دەبێتەوە.
ئەو ژن و پیاوانەی بەم چلەی زستانە لە بناری شاخی گۆیژە رەشماڵی مانگرتنیان هەڵدا و دەستیان دایە مانگرتنی تەواو لە خۆراک، راستە سیازدە ژن و پیاو بوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نوێنەر و زمانحاڵی سەدان هەزار هاووڵاتیی ئەم هەرێمە بوون و هەن، هەر بۆیە بینیمان و بیستمان و تێیدا ژیاین چۆن لە تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵە بە هانای مانگران چوون و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ رەوایی مانگرتنەکەیان دەربڕی و لە هەمان کاتدا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە سەر ژیانیان، چونکە بینیمان ئەو سیازدە مرۆڤە رۆشنبیرە بە بڕوای تەواو بە رەوایی و راستبونی چالاکییەکەیان نیازیان وابوو هەتا لە هۆش خۆچون و گەیشتن بە کەناری مەرگ یا هەر بە مەرگی راستەقینە خۆی بەردەوام بن لە سەرمانگرتنەکەیان.

کرایە هەواڵ
هــــەواڵـــی مانگــــــــرتنەکە تخوبەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باس و خواسی ترەمپ و نەتانیاهۆ و غەزەشی تێپەڕاند و بینیمان چۆن کرایە هەواڵ و باسێکی گرنگ لە رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ی لەندەنی و میدیا عیراقییەکان. 
لە هەنگاوێکی رچەشکێنی بوێــــرانەدا، چــــــەند ســـــــەد چالاکوانێکی ئازا و رۆشنبیر و گیان لە سەر دەست لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێک، بە نیازی ئەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان و مانگرتووانی سلێمانی بگەیەننە بەردەم چەقی دەسەڵاتی کوردی لە هەولێری پایتەخت، هێزە چەکدارەکانی پارتی لە گوندی دێگەڵە رێگریان لە خۆپیشاندەران کرد و کاتێک ئەمان توانیان سنوورە بەد ناوەکەی بە خوێنی براکوژی سوری دێگەڵە بشکێنن و تێیپەڕێنن، ئیتر نۆرە هاتە سەر گازی ژەهراوی و زۆر بێبەزەییانە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا و بوو بە هۆی برینداربوونی چەند کەسێکیان. من دڵنیام خۆپیشاندەران بگەیشتنایە هەولێر زۆر ئاشتیخوازانە و مەدەنییانە رەخنەی سیاسیی خۆیان لە دەسەڵاتی کوردیی دەگرت و بە تایبەتی تەکەزیان دەکردە سەر شکستی ئابووریی ئەو دەسەڵاتە کە چۆن بوەتە هۆی دواخستنی مووچە و سستیی بازاڕ و بێکاری و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان و کەڵەکەبوونی ناڕەوای سەرمایەی بێشومار لە دەستی کەمینەیەکی کەمی سەربە دەسەڵات و نەداری و کەمداهاتیی زۆرینەی خەڵک. 
لوتکەکانی دەسەڵاتی پارتی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵەیەکی گەورەیان کرد و چانسێکی ناوازەیان لە کیس خۆیان دا، ئەوان ترس و باوەڕی پارانۆیای لەدەستدانی دەسەڵات تووشی هستیریای کردن.

بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵەیەکی گەورەیان کرد و چانسێکی ناوازەیان لە کیس خۆیان دا

سەرکەوتوو بوون
بە بۆچونی من هەم مانگرتنەکە و هــــــەم خوپیشاندانەکەی دێگەڵە دو چالاکیی مەدەنیی سەرکەوتوو بوون و دەچنە ناو گەنجینەی پڕبەهای ئەو سەدان خۆپیشاندن و چالاکییە مەدەنییە ئاشتیخوازانەی لە شوباتی  2011 وە درێژەیان هەیە و نانیشنەوە تا گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستەمی حوکم لە هەرێمی کوردستاندا.   
چەند هەڵوێستێکی بوێرانە ودیموکراتییانە و بڕوابەخۆبووانە دەبوو ئەگەر بەلای کەمەوە یەکێ لە سێ لوتکەکەی دەسەڵاتی ناو پارتی لە بازگەی دێگەڵە بە چەپکە گوڵی رەنگاوڕەنگەوە پێشوازیی لە خۆپیشاندەران بکردایە و پێکەوە بڕۆشتنایە بۆ ناوجەرگەی هەولێر، ئەوسا دێگەڵە لە پەڵە خوێنەکانی شەڕی براکوژی پاک دەبۆوە و بە جۆرێکی مێژوویی روون و پاک و ئومێدبەخش دەگەڕایەوە ناو مێژووی گەلەکەمان! بەڵام من هەر واز لە گەشبینی ناهێنم و ئەو رۆژە هەر دەبینین!.  

دیمەنێکی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر