دیاردەی لە ستایشی بەعسدا

09:57 - 2025-02-13
تەها سلێمان
118 خوێندراوەتەوە

تەنیا ئەم چەند رۆژە نا؛ بەڵکو ماوەیەکە کۆمەڵێک خەڵک لە بەناو خوێندەوار و نەخوێنەوار، بە بۆنە و بێ بۆنە، دەکەونە پەسند و ستایشی (بەعس)ی رووخاو.رەنگە بەشێک لەو خەڵکە، لە بێئاگاییەوە، یاخود دەردەدڵ و تووڕەیی ناخیانەوە بێت لە کۆمەڵێک بابەت، بەڵام بەشی یەکەم و مەترسیداری مەسەلەکە ئەوەیە کە نەک بێئاگایی یان دەردەدڵ و تووڕەبوون، بەڵکو دەزانن و وەک ستراتیژ و ئامانج ئەم بابەتە دەورووژێنن، کە راستییەکە ئەوەیە زۆرتر لە هەر شتێک لەسەری راوەستین و گفتوگۆی جددی لەبارەوە بکەین.
کاتێک بە مێژووی دوور و درێژی فەلسەفە و سیاسەتی داگیرکارییدا دەچینەوە، هیچ نەتەوەیەکی باڵادەستی داگیرکەر بەدەر نەبووە لە تاوان و کوشتوبڕ (جینۆساید)ی لە بەرامبەر نیشتمان و نەتەوەی نیشتمان داگیراودا. ئەگەر تەنیا نموونەی داگیرکەرانی کوردستان وەربگرین، هەمووانیان جینۆسایدیان لە دژی نەتەوەی کورد و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامداوە، ئەو راستیەی سەرەوەمان بەبێ هیچ گرێ و گۆڵێک بۆ روون دەبێتەوە.
بە کوردییەکی پەتی؛ ئەوانەی پەسند و ستایشی (بەعس) و سەرکردەکانی دەکەن، یان لە مێژووی تاوان و خوێنڕێژییەکانی تێنەگەیشتوون، یان دەزانن و نایانەوێت تێبگەن و تەنیا گەرەکیانە لە رێگای ئەم (پەسند)یانەوە، بیری فاشیزمی (بەعس) لە فۆڕمی تردا بەرجەستە بکەن، کە ئەمشیان نەک تەنیا مەترسی، بەڵکو هەڕەشە  گەورەکەی سەر شووناسی کوردبوون و مانەوەیە.
گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین؛ کە ئەم دیاردەیە بەرەنجامی ئەو فەوزا فیکری و سیاسی و بوونی ئەو هەموو دەرگا و پەنجەرانەیە بەڕووی کوردستاندا، بەبێ هیچ چاودێرییەکی تەندروست و نەبوونی هیچ یاسایەک کە بتوانێت سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت.
 بۆئەوەی تەفسیر و خوێندنەوەی هەڵە و لنگەوقووچ بۆ ئەم بۆچوونەی سەرەوە نەکرێت، بەندە بەتەواوی مانا لەگەڵ ئازادیی سیاسی و پیادەکردنی تەواوی مافە دیموکراسییەکاندام، بەڵام هیچ ئازادییەک و پیادەکردنی هەر مافێک، بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی رێکخراو، دەبێتە فەوزا و ئەم جۆرە دیاردانە (پەسند و ستایشی بەعس) وەک نموونە بەرهەم دەهێنێت.
جێی خۆیەتی لەدوای دەستبەکاربوونی ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانی کوردستان؛ یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و هەنگاوە گرنگەکان دەرکردنی (یاسای قەدەغەکردنی پەسند یان ستایشکردنی بەعس) بێت، بە سزای زیندانیکردن و داراییشەوە، وەک چۆن لە ئەڵمانیا تائێستاش ئەوەی دژی جینۆسایدی هۆلۆکۆست بێت، بە یاسا سزا دەدرێت.
ئەمەش تاکە رێگەیە بۆئەوەی دیاردەکە ریشەکێش بکرێت و نەهێڵرێت چی دیکە سەر دەربکات بۆ نەخوازراوی زیاتر.

وتارەکانی نوسەر