43
ئێستا لەم هەرێمەی ئێمەدا ساڵانە هەزاران گەنج لە زانکۆ حکومیی و ئەهلییەکاندا بڕوانامەی تەواوکردنی زانکۆیان پێدەدرێت و دەترنجێنە ناو بازاڕی بێکارییەوە، بەدەر لە رێژەیەکی کەمیان، ئەوانیش بە رێکەوت یان (واسیتەیەکی) زۆر (بەرز) نەبێت کەسیان کاریان دەست ناکەوێت و کافتریا و سووڕانەوەی سەرجادەکان چاوەڕێیان دەکات، لە هەڕەتی وزە و توانای گەنجییاندا یەکسەر بسمیللا لە بێکارییەک دەکەن کە دەبێتە خۆرەی تەواوی وزە و تواناکانیان بۆ خۆیان و کەسوکاریان و کۆمەڵگە و نیشتمانەکەیان، ئەگەر نیشتمان مانا و پیرۆزییەکی تێدا مابێت لە دید و رەفتاری ئەوانەوە کە میرایەتی و کوێخایی لێدەکەن، لێرەوە گەشتی رێگەی دەردە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەست پێدەکات کە لە ژماردن نایەن.
ئێستا لەم هەرێمەی ئێمەدا وەک باس دەکرێت نزیکەی 16 زانکۆی حکومی و 17 زانکۆی ئەهلی ساڵانە بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەدەنە زیاد لە 35 هەزار گەنجی کچ و کوڕ. ئەمە درکاندنی نهێنییەک نییە کە زیانی بۆ (ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیمان!) هەبێت، بەڵکو هەندێک لە بەرپرسان و کار رانانی وڵات خۆشیانی پێوە با دەدەن و دەڵێن لە تەنها دوو زانکۆی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە ئێمە گەیاندومانەتە ئەم ژمارە (دڵخۆشکەرە) و رەنگە بشڵێن لە ساڵانێکی داهاتوودا خودا یاربێت ناهێڵین هیچ گەنجێکی کورد بڕوانامە نەخاتە گیرفانی بەتاڵییەوە.
ئەمە و بێجگە لە هەندێک زانکۆی ئەهلی عیراقییش، کە لە ناوچە جێناکۆکەکان، یان وەک خۆمان پێمانخۆشە بڵێین لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، بە دەوامێکی کەم یان هەر بەبێ دەوام کردنیش بڕوانامەی خۆیان دەبەخشنە ژمارەیەک لە لاوانی هەرێمەکەمان. باس لە ئاستی زانستیی ئەم خوێندکارە دەرچووانە ناکەم تا چەند زانکۆکان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەیان لەگەڵ گەنجەکانماندا کردووە، کە وەک کورد دەڵێت: با تفەنگ بە تاریکییەوە نەنێین، هەندێکیان باشن و رەنج لەگەڵ خوێندکاردا دەدەن و هەندێکیشیان هەر لە کۆڵی خۆیانی دەکەنەوە، ئەوەی گرنگە لە بەشێک لە ئەهلییەکان، هەمووی نا، هەر پارەکەیە و بەس، بەڵام لە کۆتاییدا هەر هەموو دەرچووەکان بۆ بازاڕە سامناکەکەی بێکاریی و دەردە جۆراوجۆرەکانیەتی.
دەپرسم ئاخۆ ئەمە لە چ حیکمەتێکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریدا جێی دەبێتەوە؟ ئایا هیچ پلانێک هەیە بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە؟ ئاخۆ بەرنامە و نیاز هەیە زەمینەیەک ساز بکرێت بۆئەوەی دەزگاکانی خوێندنی ئەم وڵاتە، بە زانکۆ و پەیمانگەی حکومی و ئەهلییەوە بەپێی پێداویستیی کار لە وڵاتدا منداڵی خەڵک پێبگەیەنن و لە بەرژەوەندیی وڵات و کۆمەڵگەدا بیانخەنە گەڕ؟ یان ئەوەتا ئەم مەسەلەیەش هەر سەرپێییە و لە بازاڕی ئۆتۆمبیل دەچێت کە تائێستاش کاروانی بێ کوالێتییان خۆی دەکات بەم دیوی سنووردا و گرنگ کۆمەڵێک بازرگانی(نیشتمانی) و پاڵپشتە (نیشتمان پەروەرەکانیان) گیرفانیان هەڵاوسێت، ئێستا چارەسەر بۆ ئەمیان تێکشکان و تیاچوونی خاوەنەکانیانە لە شەقام و رێگەوبانەکان و بۆ ئەویشیان لە تاو ئاگری بێکاریی خۆدانە دەم ئاوی ئیجە و خنکانە!
هەویری ئەم باسەش ئاو زۆر دەکێشێت و لە دەرفەتی دیکەدا دێمەوە بۆ لای.