تەها سلێمان
جیاواز لەو سەفەرانەی کە لە ساڵانی رابردوو بۆ ناساندنی دۆسێی جینۆساید و ئەنفال لە هاوڕێیانم و خەمخۆرانی پرسەکە کردوومانە؛ لێرە لەسەر بابەتێکی گرنگ رادەوەستین، ئەویش پرسی کارکردنە لەسەر دۆسێی تاوانەکانی جینۆساید و ئەنفال لەلایەن رەوندی کوردەوە بەگشتی و رێکخراو و گروپە کوردییەکان بە شێوەیەکی تایبەت، کە ئێستا خۆشم هاووڵاتییەکی دانیشتووی کەنەدام و ئەم وڵاتەش بە بەراورد بە ئەوروپا راستە کوردی زۆری لێ نییە، بەڵام ژمارەکە هێندەش کەم نییە کە بەسەریدا بازبدەین.
ئەگەر لە سەرەتاوە دان بەوەدا نەنێین و نەیسەلمێنین کە کوردانی دەرەوەی کوردستان لە هەر وڵاتێک بن؛ لەچاو نەتەوە و میللەتانی تر، پەرتترین رەوەندین. گەورەترین گرفت ئەوەیە کە تائێستا لە هیچ وڵاتێکی دنیادا، کورد نەیتوانیووە لانیکەم ماڵێکی تۆکمە یان یەکگرتووی هەبێت بۆ کۆبوونەوەی کوردان بەبێ جیاوازی!.
ئەگەر لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان یان پارچە پارچەش سەیری بکەین، ئەو راستیەی سەرەوە راستییەکی تاڵە و زیانێکی گەورەی لە ناسنامەی کورد و کوردستانیبوون داوە.
بێگومان ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و کاری جددی بنکۆڵکاری هەیە، بۆئەوەی هۆکار و چارەسەرەکانی دیاریبکات.
بەڵام ئێمە دەمانەوێت دنەی بابەتێکی تری گرنگ و هەستیار بدەین، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لەئاست تاوانەکانی جینۆساید و ئەنفالدا، بەگشتی میللەتێکی خەمسارد و خوێن ساردین، تائێستا بەگشتی لەسەر کۆی پرۆسەی جینۆسایدکردنمان و بەتایبەتیش لەسەر هەر یەکێک لە تاوانەکان، هۆشیارییەکی ئەوتۆمان نییە، کە بتوانێ ببێتە زمانی سەلماندن و قەناعەتێپکردنی بەرامبەر، کە ئێمە میللەتێکین بەدرێژایی مێژوو جینۆسایدکراوین، لەکاتێکدا مێژووی دوور و نزیکمان پڕە لە وێستگەی تاوانی جینۆسایدکردنمان!.
ئەگەر ئەمە عەیبەیەکی گەورەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، لەمە عەیبەتر و خراپتر ئەوەیە، لەزۆربەی ئەو وڵاتانەی کوردی لێیە، جا کوردی هەر پارچەیەک بێت، لەهەر وڵاتێک و شارێک، کۆمەڵێک رێکخراو بەناوی کوردەوە هەن و لە هەندێک وڵات و هەرێم و شار چوارو پێج رێکخراو هەن، ئەوەی بیری لێناکەنەوە کارکردنە لەسەر دۆسێی جینۆساید و ئەنفال و ناساندنی جەوهەر و رەهەندی تاوانەکە بە دنیای دەرەوە و لە باشترین حاڵەتدا، لە هەندێک وڵات لە یادی هەڵەبجە و ئەنفال و... هتد، چەند کەسێک لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێناپەڕن کۆدەبنەوە و وتارێک و دووان دەخوێننەوە و چەند وێنەیەک دەگرن و تەواو!.
بەڵام لەسەر ئاهەنگی نەورۆز و ئاهەنگی تایبەت و بانگێشتکردنی گۆرانیبێژ و ئاهەنگی حزبەکان، شەڕدەکەن و پێشبڕکێ دەکەن، چونکە ئەم جۆرە ئاهەنگانە جگە لە قەرەباڵغییەکەی، قازانجی ماددیی تێدایە و کۆمەڵێک لێی سوودمەند دەبن!.
بڕوای تەواوم بەوەیە بەم پێکهاتەیەی ئێستای کوردانی دەرەوە و رێکخراوەکانیان، مومکین نییە بتوانین زمانحاڵی هەم ناسنامەی گەلەکەمان بەگشتی و هەمیش دۆسێی تاوانەکانی جینۆساید و ئەنفال بین، بۆیە زۆر گرنگە کار لەسەر تێکشکاندنی ئەو تەقلیدەی ئێستا بکەین، ئەمەش بوێری و لەخۆبوردوویی و پشتیوانیی ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی دەوێت، دەنا لەم تەقلید و قاڵبە کۆشندەیەی ئێستادا دەمێنینەوە!.