لەسەرەتای مانگی سێی هەموو ساڵێک؛ نزیک دەبینەوە لە کۆمەڵێک بۆنەو یادەوەری تاڵ و شیرین. جیاواز لە بۆنە شیرینەکان، یادەوەرییە تاڵەکان بۆ ئێمە رۆژ دوای رۆژ ئازاربەخشتر دەبن، ئەوانیش وەک زنجیرە بەدوای یــــــەکدا دێن (تاوانی کیمیابارانکردن و جینۆسایدکردنی هەڵەبجە، تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، تاوانی جینۆسایدی بەرزانییەکان، تاوانی جینۆسایدی قەڵادزێ، تاوانی جینۆسایدی سەیدسادق و دەوروبەری، تاوانی جینۆسایدی فەیلییەکان) و تا دەگاتە (تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان) و هتد.
بەوردبوونەوە و سەرنجدان لە تەواوی ساڵدا؛ گەلی کورد لە باشووری کوردستان یادەوەری تاڵی لەبۆنەی شیرین زیاترە؛ بۆیە ئازادنین لەوەی بۆنە شیرینەکان هەڵبژێرین و دەستبەرداری یادەوەرییە تاڵەکان بین. هەروەک ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ لەناو یادەوەرییە تاڵەکاندا ببینە پارچەیەک لە خەم و ئازار و هیچیتر، بەڵکو گرنگترین شت ئەوەیە، چۆن هەژموونی سۆز لە خۆمان بتەکێنین و لە جێگایدا خوێندنەوە بۆ تەواوی رەهەند و لێکەوتەکانی کۆی یادەوەرییە تاڵەکان بکەین، کە سەرەنجام و لە یەک پاکێجدا؛ هەوڵی جینۆسایدکردن و لە ناوبردنی شووناس و کەلتوور و تەواوی سێکتەرەکانی ژیان و ژیارێتی.
ئەوەی بەتەنیشت ئەم یادەوەرییانەوە زیاتر لەهەموو شتێک بە نامۆ و نالۆژیکی دەبینم؛ لە بەیاننامە و راگەیەنراوی زۆرێک لە حزبەکان، دەزگاکانی راگەیاندن بە بینراو و نووسراو و و سۆسیال میدیاوە، ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەشێکی زۆر لە نووسەران و توێژەران و لەسەرووی هەمووشیانەوە، هەرسێ سەرۆکایەتییەکی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و لەناو ئەمانەشدا وەزیر و پەرلەمانتار و راوێژکاری پلە باڵا؛ هێشتا دەستەواژەی کارەسات و تراژیدیا وەک پێناسەی تاوانەکان بەکاردەهێنن!.
بەدید و خوێندنەوەی ئێمە کە چەندین جاری تریش مکوڕیمان لەسەر کردووە، کارەسات و تراژیدیای گەورە ئەوەیە، بە تاوان بوترێ (کارەسات یان تراژیدیا)؛ لەمەش کارەساتباتر ئەوەیە، جیاوازی لە نێوان (تاوان و کارەسات) نەکرێ؛ کە دەستەواژەی (کارەسات) مەعلومە بۆ (ئاگرکەوتنەوەی خوڕسک، لافاو، زریان، زەمین لەرزە، رووداوی هاتوچۆ) و زۆرشتی تر بەکاردێ و
(تاوان)یش جا (تاوانی جەنگ، تاوانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆیی، تاوانی دووژمنکارانە) و هتد بکەر و قوربانی دیاری هەیە و یاسا و ریساش هەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ بکەر و پێدانی مافی قوربانی.
بۆیە ئەمساڵ و پێش گەیشتن بە رۆژانی یادەوەرییە تاڵەکانی تاوان لێکردنمان؛ جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە و پێموایە جێبەجێکردنی کەمترین ئاستی بەرپرسیارێتی هاوشانی بەرپرسیارێتییە باڵاکان، لە ئاست تــــاوانەکــــانی جینۆسایدکــردنمان، ئەوەیە دەستەواژەی (کارەسات و تراژیدیا) توڕدەینە دەرەوەی کۆی لێکۆڵینەوە و گوتار و بەیاننامە و راگەیەنراو و لێدوان و ئەدەبیاتمان؛ پێچەوانەکەی یان تێناگەین یاخود نامانەوێ تێبگەین و وەک گەلانی تری جینۆسایدکراو، تەواوی رەهەند و لێکەوتەکانی بکەینە پڕۆژەی بنیادنانی قەوارەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.